ئاژاوەگێڕەکانی هەولێر کێن ..؟!

بەشدار عوسمان
  2020-06-01     726
ئەوانەن کە دەمی خەڵک دەبەستن و گوللە دەنێن بە دەمی گەنج و رۆژنامەنوسەکانی، ئەوانەن کە داهاتەکەی فەرهوود دەکەن و کرێی کرێگرتەکانیان نادەن و لەکاتی داواکردنیشی شەق لەناو گەڵی مامۆستا و فەرمانبەرەکانی هەڵدەدەن،ئەوانەن دەستدرێژیکارانی سەر مناڵی حەوت ساڵان و تاوانباران لە دادگا دەرباز دەکەن، ئەوانەن کە رۆژانە سەدان تەن خۆراک و دەرمانی ئیکسپایەر دەرخواردی خەڵکەکەی دەدەن، ئەوانەن پایتەخت دەکەن بە مۆڵگەی دەزگا سیخوڕییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، ئەوانەن زانکۆکەی بێ کاریگەر و ئیفلیج دەکەنو وەکو ناوەندێکی حزبی چاوی لێدەکەن،ئاژاوەگێڕەکانی شار ئەوانەن لەسەر داهاتی خەڵکەکەی نەخۆشخانەیان بۆ خۆیان چێکردووە و کەرتی گشتییان بەفەرامۆشی سپاردووە، ئەوانەی بڕوایان بە قوتابخانە گشتیەکان نیە و بۆ مناڵ و نەوەکانیان قوتابخانەی تایبەتیان دورستکردووە و مناڵی زۆربەی خەڵکەکەشی چاوەڕوانی روخانی بینا کەلاوەکانن بەسەریاندا،ئەوانەن پیر و پەککەوتەی شارەکە لەبێ کارەبای و نەبوونی ئاودا ڕادەگرن و خۆشیان ئاو و کارەبای فول و بەردەوامیان هەیە.
ئاژاوەگێڕەکان و تێکدەرەکان ئەوانەن، زەوییە ڕوکن و شوێنە ستراتیژەکان بەسەر خۆیان و دەوروبەرەکەیان تاپۆ دەکەن و بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکەشی بەدیار کرێی خانوەوە کۆتایی مانگ دۆش دادەمێنێت،ئەوانەن مەرجی دەستکەوتنی کار و وەزیفە دەبەستنەوە بە تەسکیە و وەلائی حزبی،ئەوانەن رۆژانە نامەی هەڕەشە بۆ خەڵک دەنێرن و لەهەوڵی ناشیرینکردنی کەسایەتیەکاندان، ئەوانەن پیاسەیەک و ژوانێک بۆ کچ و کوڕە گەنجەکان ڕەوا نابینن و رێگای ئیجەیان نیشان دەدەن، ئەوانەشن رۆژانە وانەی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەوریمان بۆ دەڵێنەوە و خۆشیان بەبێدەنگی لە دیمەنی تۆپبارانەکان و لاشەکان ڕادەمێنن .
ئاژاوەگێڕەکان ئەمانەن، کە کارگەی جگەرە و مافوری هەولێر و کارگەی شیری ئەلبان و هەرچی کارگە و کارخانە بوو  لەکاریانخست، دەرفەتی کار و بەرهەمیان نەهێشت و لەشکرێک لە خەڵکیان کردە مووچە خۆری بندیوار و خانەنشینی نایاسایی .
هەموو ئەو ئاژاوەگێڕ و تێکدەرانە بگرن و سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنن کە ئەو وەزعیەتەیان بەسەر ئەو خەڵکە هێناوە، لایەکی شارەکە لە نانی بەیانی مناڵەکانی دڵنیا نیە.
بێدەنگ کردنی خەڵک و لە جوڵە خستنی هەموو جموجۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە شارەکە و هەڕەشە و تۆمەت و سیناریۆ دورست کردن بۆ کەسانی ناڕازی بەو وەزعیەتە پڕ نەهامەتیە، سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، دوورستکردنی ژینگەی پڕ لە ترس و تۆقاندن و سەپاندنی عەسکەرتاریەت بە شەقامەکانی لەگەڵ دڵفراوانی و هێمنی خەڵکەکەی نامۆیە .
هەوڵدان و کڕینی خەڵک و کۆنترۆڵ کردنی بازاڕ سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، یەک دەنگی و یەک ڕەنگی و خامۆشکرنی دەنگە جیاوازەکان و ڕاونان و دەرکردنی خەڵکانێکی شارەکە،تەنها لەبەر ئەوەی جیاواز بیردەکەنەوە، ناعەدالەتی ئازاریان دەدا، لەبەرامبەر ستەمکاری دێنە دەنگ،مۆرێکی ناشیرینە بۆ هەموو شوێن و جێگا و دەسەڵاتێک،مێژوو لە بکەرانیان خۆش نابێت و باجەکەی دەبێت بدەن.
هەولێر ئەگەر بە بێدەنگیش بێت رۆژانە قسە دەکا و گوزارشتی دڵشکانی بەردەوامی بەهەموو دنیا دەگەیەنێت .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×