ئازادییەکان، ھەر سنورداربون!

بەشدار عوسمان
  2019-01-27     1044

ئەو پەراوێزە ئازادی و کرانەوەی ئێستا ھەیە ھەرگیز مەکرەمەی دەسەڵات نیە بۆ خەڵک و نوسەران و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان، بەڵکو ئەوە ئازایەتی چاونەترسی خۆیانە و بەقوربانی گەورە تا ئێرە ھاتوە و ھەرگیز دەستبەرداری نابن، لە پێشتریش ھەموو فشارەکانتان تاقیکرایەوە ھەر لە کڕین و بێدەنگکردن و ترس و تۆقاندن، تا گەیشت بە زیندانی و گوللەنان بەدەمی نوسەران و رۆژنامەنوسان، دواجار ستەم و نادادییەکان ھێندە زۆرن ھەستی ھەموو ئینسانێکی خاوەن ویژدان دەجولێنێت، قڵشتەکان ھێندە بەرینن، مووی لەشی ھەموو ئازادیخوازێک بەرز دەکاتەوە، جیاوازییەکان ھێندە بەرچاون ئاسان نیە دەم و دەستی خەڵک لەئاستیدا دۆش دابمێنێت!



کاتێک ژیان و گیانی ئیسانەکان لەھەموو شتێک بێ بەھاتر دەکرێت، کاتێک کەوتن و ساردبوونەوەی لاشەی ئینسانەکان دەبێتە دیمەنی رۆژانەی چاوەکان، کاتێک نایەکسانیەکان گەیشتۆتە لوتکە، کاتێک سەرەتاترین خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە و ئاو و کارەبا لە خوار ھێڵی سفرەوەیە، کاتێک ھەژاری و بێدەرەتانی دەبێتە دیاردە و خەوتن و ڕاکشان و زیندەگی لەسەر شەقام و خیابانەکان دیمەنێکی ئاشنای چاوەکانمان دەبێت، ئیتر ئەمە تروسکایەکە کە دەبیسترێت و دەبینرێت.


ئەوەی مەترسییە بۆسەر ئەمن و ئاسایشی ئەو ھەرێمە، گواستنەوەی خۆپیشاندان و رووداوەکان نەبووە و نیە، بەڵکو دامەزراندنی بنکە و بارەگای سەربازین، ترسان لەگواستنەوەی ئاھونوزە و گریانی خانەوادەیەک کەخوێنیان لەگڵ تۆپبارانەکان بەئاسماندا پەرشوبلاوبویەوە، ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵکانێک کە ساڵانێکی زۆرە ئێواران کەرت و پارچە و لاشەی ساردەوەبوی رۆڵەکانیان بەدەست دەگاتەوە، چ ئەمن و ئاسایشێک دەخاتە مەترسییەوە ؟! (کەڵەشێریش نەبێت رۆژ ھەر دەبێتەوە ..!) ئەگەر بۆ کات و ماوەیەک و لەشوینێکیش توانیبێتتان ژیان و گوزەران و مەترسییەکانی سەر ئەو کۆمەڵگایە و ناڕەزایەتی خەڵک پەردەپۆش بکەن، بەڵام بۆ کاتێکی زیاتر ئەمە ناچێتە سەر.



لەوە زیاتر ئازادییەکان سنووردار ناکرێت و دەمی خەڵک و رۆژنامەنوسان نابەسترێت، پارەی نەوت و سەروەت و سامانی ھەموو ئەو کۆمەڵگایە بۆ کردنەوەی دەزگای راگەیاندن و کڕین و ناچارکردنی نوسەران و رۆژنامەنووسان و چەواشەکاری راستییەکان تەرخانکراوە، لەمە زیاتر چۆن و چی سنوورداردەکەن ؟! دەزگایەک نەبێت بەرپرسیارییەتی لە سەلامەتی گیان و ژیان و ھەناسەی مناڵان و پیر و پەککەتوانی ئەو کۆمەڵگایە نیشان بدات، لایەنیک نەبێت لەھەڕەشەکان بتپارێزێت، بنکەیەک نەبێت سەرەتاترین خزمەتگوزارییەکان دابینبکات و خەڵک بەقەزا و قەدەر بسپێردرێت، گەیشتە ئاستێک فەرمانبەران کرێی رۆژانەی دەوامەکانیان وەرنەگرن لەکاتێکدا داھاتەکان لەزیادبوندان و ژیان و خۆشگوزەرانی و رەفاھیەتی دەستەیەکی دەستڕۆیشتوو لەبەرزبوونەوەدایە، لەملاشەوە سەدان و ھەزاران چەتە و مرۆڤکوژ پەروەردە کراوە و رۆژانە نائەمەنی و ترس و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە، لەمەزیاتر سنوور و دیواری چیتر دورست بکرێت؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×