کێشەکە گونکەی (نان) نیە ..!

بەشدار عوسمان
  2024-01-11     350

هەر ماوەیەک لە شوێنێکدا دەتەقێتەوە، بارە لاسەنگ بووە و راست نابێتەوە. دەسەڵاتیش باش لەوە تێگەیشتووە، تەنها بە سەرکوت و زیندانی و داپلۆسین دەتوانێت بەر بە ناڕەزایەتی خەڵک بگرێت، ئەوان لە هەموومان باشتر و روونتر شاشەکە دەبینن ئیتر ناتوانن ئەو لاشە مردووە لەوە زیاتر راکێشن و بۆگەنی کردووە، بۆیە زوو فریا دەکەون و لە شوێنی خۆیدا دایدەپۆشن تا بۆنەکەی بڵاونەبێتەوە ! ئەگینا لە فەرهەمگی کامە دەسەڵات جێگای بۆتەوە، دوو رستەی سادەی کاسبکار و نانەواخانەیەک بۆ نان و بژێوی مناڵەکانی، دوو شەو لە تاریکیدا بئاخنن ؟! بێگومان تەنها دەسەڵاتە دکتاتۆر و فاشیلەکان.

دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و مشەخۆر و تاڵانکەر و ستەمکار، ئەوەی لە دەستی بێت لە بێهیوایی خەڵک و وورد و خاشکردنی هەرچی ئومێد و ئارەزوو لەدڵی گەنجان و لاوان و مناڵان و پیر و پەککەوتەکان،درێخی ناکات. لە ناشیرینکردن و نەمانی متمانە لەناو کۆمەلگا، سڵ لە پیسترین و قێزەوەنترین سیناریۆ ناکاتەوە . چونکە خۆی هیچ شتێکی ناوەتەوە جێگای شانازی بێت .

وەرە بەداتا و بەڵگە پێتدەدەم، زەوی گرانبەها ماوە لە هەولێر و سلێمانی موڵکی خانەوادە دەستڕۆشتووەکان نەبێت ، کارگا و کارخانە ماوە نەوەکانیان سەرپەرشتی نەکات، داهاتی کۆمپانایاکانی تەلەفۆن و ئەنتەرنێت راستەوخۆ دەچێتەوە گیرفانی خێزانە حکومرانەکان، کوڕەکانیان زانکۆی تایبەتیان هەیە، بەڵام مناڵی خەڵک ناتوانیت لە زانکۆی ئاساییدا بخوێنێت، کچەکانیان تەلەفزیۆنی تایبەتیان هەیە، کەچی کچانی کۆمەلگا ناتوانن بە کارت سەیری تیڤتەکان بکەن .

ئەو حکومرانیە نەک شکستی هێناوە، بەڵکو مانەوەی بەڵایەکی گەورەیە بەسەر سەری ئەو کۆمەڵگایە و ژیان و مان و نەمانی هەمووان لەژێر هەرەشەیەکی جدییە، هیچ چاکسازی و گۆرانکارییەش ناتوانێت ئەو مەترسییانە کەمبکاتەوە، ئەوە بەکردار بۆ هەمووان سەلماوە .

کێشەی گونکەی نانیش خامۆش بکرێت، خاوەن مۆلیدەکان لەسەر ئاگرن، بەشێوەیەکی کاتی ئاو بە گڕی نارەزایەتی شۆفێری تاکسیەکان کراوە، بەڵام مامۆستایان و فەرمانبەران بەدەنگی بڵند داواکارییەکانیان دەڵێنەوە، نەبوونی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی، تەنگی بە بەشێکی زۆری خەڵک هەڵچنیوە، بیریشتان نەچێت خاوەن پیشانگاکانی سەیارە و نوسینگەکانی خانووبەرە، بۆتان لە سڕەدان، جوتیارانی دەشتی هەولێر و شارەزوور دەمێکە هاواریان گەیشتۆتە کەشکەڵانی فەلەک .


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×