بەدادی کێ ڕەوایە؟

بەشدار عوسمان
  2020-03-17     682

بەدادی کێ ڕەوایە(خێرخواز) خواردن و پێویستیی پۆلیس و ئاسایش دابین بکات، حکومەتێک (لەنێوان دوو کەوانەدا)، نەتوانێ خواردنی یەک هەفتەی ئێشکگرەکانی بدات لەسەر کۆڵان و شەقامەکان، کە پارێزەری هەمووانن، چ حکومەتێکە ؟! لەکاتێکدا بەشی هەرە زۆری داهاتی ئەم وڵاتە بۆ سێکتەری ئەمن و ئاسایش خەرج دەکرێ .( ئەگەر ئارەزوومەندانەش بێ، لەم کاتی ڤایرۆسەدا نەدەبوایە رێگابدەن). 
بەدادی کێ رەوایە، دوای سی ساڵ لەحکومڕانیی نەخۆشخانەکان بەرگەی سەد نەخۆش نەگرن و حەبی پاراسیتۆڵی تیانەبێ و هانا بۆ( سەرمایەدار) ببەیت نەخۆشخانەت بۆ دروست بکات، ئەی دەیان ساڵە ئەو داهاتە بێ شوومارە بۆکوێ ڕۆیشت ؟ لەچی خەرجکرا ؟ پارێزگای هەولێر زیاتر لە (دوو ملیۆن) کەسی تیا دەژی، بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستیی تەنها شوێنی (٨٠) قەرەوێڵەی چاودێریی چڕی هەیە ! لەکاتێکدا ئەگەر پەتاکە بڵاوببێتەوە پێویستی بەچاودێریی چڕ هەیە.
 بەدادی کێ ڕەوایە، لە مەملەکەتی بیرە نەوت و غاز و سامانی سروشتیی، هەزاران خێزان نەتوانن چوار رۆژ لەماڵەکانیان بمێننەوە، چونکە بە نەچوونە سەرکار و کاسبی کێشەی نانیان بۆپێش دێت، لەباشترین وەڵام و حاڵەتیشدا بیانسپێریت بە (دەزگای خێرخوازیی) تا زیاتر ورد و خاشیان بکات ؟!
 بەدادی کێ ڕەوایە، دەستەبژێرێک لە سامانی ئەم وڵاتە سودمەندبن و زۆرترین داهات ببەخشرێ بە دەزگای خێرخوازیی و دواتر بەناوی خێر و چاکە و بەخشین و لەپرۆسەیەکی منەتباری بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاربهێندرێتەوە.
ئێستاش ئیمکانیات هێندە زۆرە دەتواندرێت گەورەترین نەخۆشخانە دورست بکرێت، پێشکەوتوترین ئامێر و پێداویستیی پزیشکی دابین بکرێت، بەمەرجێک بەشی خێزانە سیاسییەکان لە ژێرزەمین و بانکەکانی ئەوروپا  بگەڕێندرێتەوە خەزێنەی گشتی.
کاتێ ئێمە دەڵێین، ئەم حکومڕانییە بەرگەی کزە بایەک ناگرێ و فشۆڵە، مافیا ئاسا مامەڵە بە داهات و چارەنووسی کۆمەڵگاوە دەکات، بەچاوی دوژمنکارییەوە لێمان مەڕوانن .
بەهیواین هیچ روونەدا و هەموو لایەک سەلامەت بن، بەڵام کە روویدا ئەوسا لای هەمووان ڕۆشنتر دەبێت ئەم سێ شارە چۆن بەڕێوەبراوە، سێ دەیەیە ژێرخانی ئەم کۆمەڵگایە چۆن وێرانکراوە، دەیان ساڵە ئیرادە و نەفسیەتی تاکەکان چەندە بێڕەحمانە تێکشکێندراوە، باشتریش تێدەگەن کامیان زیاتر دڵسۆزی ئەم کۆمەڵگایە بوون، ئەوانەی رەخنەگرانیان بە دووژمن دادەنا (تا پەزەکانی خۆیان قەڵەوتر بکەن) یان ئەوانەی خەڵکیان لەم پێشهاتە مەترسیدارانە ئاگادار دەکردەوە ؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×