فێڵی سیاسییەکان‌و ساویلکەیی ڕاگەیاندن! لەپەراوێزی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ سویسرا

زانیارقادر
  2020-06-29     2599
پرسیارکردن یەکێکە لە پێداویستییەکانی بیرکردنەوەیێکی ئاوەزمەندانەو فەلسەفییانە، هەر بۆیە لە نێو فەلسەفەدا واباوە کە پرسیار زۆر لە وەڵام گرنگترە،  چونکە هەر کاتێک پرسیار نەبوو ئیدی بیرکردنەوەش نابێت و، هەر وەختێکیش بیرکردنەوە کۆتایی هات، ئەوا بەرامبەرەکانمان پێش ئەوەی گومانمان تێدا دروست ببێت و، بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین ساویلکانە بەهەموو ئەوشتانەی مەبەستیانەو دەیانەوێت، دەتوانن باوەڕمان پێبهێنن.
ئەمڕۆ لە پەیوەست بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ سویسرا و، دەنگۆ و هەواڵی کڕینی کاتژمێرێکی دوو ملیۆن دۆلاری لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە بۆ کوڕەکەی، سەرجەم ماڵپەڕو واڵەکانی تەنییەوە.
هەرچەندە ئاساییە کەسانی سادەو ساویلکە لە مەبەستی پشت دروستکردنی هەواڵێک تێنەگەن وبێ بیرکردنەوە تەشەنەی پێبدەن وبڵاویبکەنەوە، بەڵام ئەوەی سەیرە وجێگەی گاڵتەجاڕییە هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنی بە ناو پڕۆفیشناڵ هەواڵێکی لەم جۆرە بەبێ سێ ودوو داببەزێنن وبەرلەوەی هیچ لەم پرسیارانە لە خۆیان بکەن بابەتەکە  بۆ خەڵک بگوازنەوە :
ئایا سەرچاوەی ئەم هەواڵە کێیە و کوێیە؟
ئایا ڕۆژانە ئەم بەرپرسانە مامەڵەی ڤێلاو کۆشک وئۆتۆمبێلی دوا مۆدێل وکۆمپانیاو کەشتی وفڕۆکەی تایبەت و شتی دیکە دەکەن، بۆکەس نایانزانێت، ئەدی بۆچی بەتەنها چیرۆکی کڕینی ئەم کاتژمێرە دزەی کردە دەرێ؟
چۆن زانیمان کاتژمێرەکە بای دووملێۆن دۆلارە، ئەگەر مەبەستێک لە پشت کەشفکردنی ئەم ژمارە نالۆژیکییەوە نەبێت؟
ئەرێ هەر بەڕاست کاتژمێرێک هەیە بای دووملیۆن دۆلار بێت؟
باشە، بۆچی سەرۆکی هەرێم خودی خۆی دەچێت بۆ کڕینی کاتژمێرێک و کەسێکی دیکە ڕاناسپێرێت، خۆ بەوشێوەیە کەس بە هەواڵەکەی نەدەزانی؟
بۆچی وڵاتەکە دەبێت سویسرا بێت و، وڵاتێکی دیکە نەبێت؟
ئایا چوون بۆ سویسرا دەبێت بیرکردنەوەمان بۆ شتی دی ئاراستەبکات و بابەتی دیکەمان لا بوروژێنێت، یان تەنها کڕینی کاتژمێرێک کۆتایی بە بیرکردنەوەو گومانەکانمان بهێنێت؟

ئەمانە ئەو پرسیارانە بوون، کە ئەمڕۆ بێ وەڵام مانەوەیان، لە ساتی دابەزاندنی ئەو هەواڵەدا ، متمانەی منی بەرامبەر بەوکەناڵە تەواو لاوازکردو، پیشەگەرییەکەی خستە ژێر پرسیارەوە. 

ئاخرهەروەک چۆن هەموو دەزگایێکی ڕاگەیاندن سیاسەتی ڕاگەیاندنی خۆی هەیە و، دەزانێت چ هەواڵێک و بۆچ مەبەستێک دایدەبەزێنێت، دەبێت ئەودەزگایە بەهەمان شێوەش بزانێت ئەو هەواڵەی وەریشگرتووە چ جۆرێکەو بۆچ مەبەستێکەو وکێ مەرامی لە پشتییەوە هەیە. هەر کاتێکیش ئەم خاڵەی فەرامۆش کرد ، ئەوکات لەجیات ئەوەی خەڵک ئاراستە بکات، خەڵک ئاراستەی دەکات. 

 چۆمسکی دەڵێت " ڕاگەیاندن کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی خەڵکە."
کەواتە ڕاگەیاندنی ڕشتەگەرو پەیامدار دەبێت وشیارتر لەوەبێت کە کڵاوبکرێتە سەری و، بەوەشاندنی هەواڵێک ئاوبکاتە نێو ئاشی کەسانی دیکە و، خزمەت بە ئەجێندای شاراوەی کەسانی دیکە بکات.

کاتی خۆێ کتێبێک بەزمانی فارسی بە ناوی " ئایا شاه شوهرداشت" بڵاوکرایەوە، گەر هەڵەنەبم وابزانم نوسەرەکەی " کامەران فەرزان " ناوێک بوو ، دواتر کرا بەکوردی. کتێبەکە باسی ئەوەی دەکرد، گوایە موحەمەد ڕازە شای ئێران دوای ئەوەی توشی نەخۆشی هۆمۆسیکسواڵ دەبێت، دەنگۆی نەخۆشییەکەی دەکەوێتە سەرزاری خەڵک. 
ئەویش بەمە زۆر تەنگەتاودەىێت، هەربۆیە ناچاردەبێت بۆشاردنەوەی ئەو ئابڕوچونە، بیر لە فێڵێک بکاتەوە، دواجار بڕیاردەدات بە چوونە ژێرباری ئابڕوچونێکی گچکە، ئابڕوچونە گەورەکەی خۆی دابپۆشێت. 
بۆیە لەڕێگەی لایەنگران و ڕاگەیاندنەکانییەوە، دزە بە هەواڵێک دەکات و، دەنگۆی ئەوەی گوایە موحەمەد ڕەزا شا یەکێک لە قەشەنگترین کچە گۆرانی بێژە دیارەکانی جیهانی بۆشەوێک بانگهێشتی کۆشکەکەی خۆی کردووە بڵاودەکاتەوە.
بەمەش پاشا توانی بە هەواڵی ڕابواردنەکەی لەگەڵ خانمێکدا، هەواڵی جۆری نەخۆشییەکەی لای خەڵک بەدرۆ بخاتەوە.

دوورنیە سەرانی حکومەتی هەرێم و ڕاگەیاندنەکانیان بیانەوێت هەمان سیناریۆ لە شێوە (فۆرم) ێکی نوێدا دووبارە بکەنەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە، ئەمان زیرەکتر لەشای ئێران سیناریۆکەیان نەک لەڕێگەی خەڵکی ساویلکەوە، بەڵکو بە یەکێک لە پڕبینەرترین دەزگای ڕاگەیاندنەوە دادەڕێژن و، دەیخەنە بۆسەکەوە!
ئەمان دەیانەوێت بەبڵاوکردنەوەی هەواڵی کڕینی کاتژمێرێک، نهێنی ڕاستەقینەی سەردانی سەرۆکی هەرێم  بۆ وڵاتێکی وەک سویسرا کە ناوەندی دراو و پارەی هەڵگیراوی بەرپرس وسیاسییەکانی جیهان و خۆشمانە پەردەپۆش بکەن. 

بەمەش دەتوانن زۆر ژیرانە بە پلە بەندی مەرامی سەردانەکە لە ڕای گشتی بشارنەوە و، لە قۆناغی یەکەمدا بیرکردنەوەی خەڵک لەسەر ئامانجە گوماناوییەکە لابەرن و جێگەی بە هەواڵێکی نالۆژیکی کە کڕینی کاتژمێرێکی دووملێۆن دۆلارییە بگرنەوە. 
لە قۆناغی دووەمیشدا پاش جێگیربوونی هەواڵە ناڕاستەکە و لە بیربردنەوەی نهێنیی ڕاستەقینەی سەردانەکە، ئینجا هەرخۆیان دەتوانن بێنە ڕاگەیاندنەکان و هەر بەخودی خەڵک وڕای گشتی هەواڵە بێبناغەکە جارێکی تر بێئەرزش بکەن. بەوەی هەر لەخودی ئەو کەناڵانەوە  زۆر بوێرانە لەخەڵک بپرسن : " ئەرێ خەڵکینە کاتژمێرێک سەرتاپا لە زێڕی عەیارە بیست وچوار دروست بکرێت نرخەکەی دەگاتە دووملیۆن دۆلار؟
ئەوکات هەموومان بێ دڕدۆنگی دەڵێین: نەخێر.

جا وەڵامی ئەو پرسیارە دەمانخاتە دۆخێکەوە، لەلایێک گومان لە عەقڵی خۆمان بکەین کەچۆن باوەڕمان بەوەها هەواڵێک کردووەو، لەلایێکیش بۆ لەمەودوا متمانەمان بەوکەناڵ و ڕاگەیاندنانە نەمێنێت، کە هەواڵی لەم چەشنەمان پێدەڵێن و، لەلایەکی دیکەشەوە سەرلەنوێ متمانەمان بەخۆیان تێدا دەچێننەوە، بەوەی کە ئەوان لەهەڵەکان ڕاستماندەکەنەوە، لە کۆتایشدا نهێنی سەردانەکە دیزە بەدەرخۆنەدەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×