پڕۆژە چاکسازییەکەی گۆڕان و کورتانی گوێدرێژەکەی دەجال* !

زانیارقادر
  2020-07-01     1186
وەختێک منداڵبووین کەسە دونیا دیدەو بەتەمەنەکان باسی هاتنی دەجالیان بۆدەکردین، ئەوان دەیانگوت هەربزانە ڕۆژێک و هاکا لەناکاو دەجال دەرکەوت و، هۆی نەهاتن و دەرنەکەوتنی دەجالیشیان هەتا ئەمڕۆ، بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە گوایە کۆمەڵێک مێروولە ڕێگرن، چونکە دەجال هەموو سەر لەئێوارەیێک  گوێدرێژ وکورتانەکەی ئامادە دەکات و دەڵێت بەیانی بەڕێدەکەوین، بەڵام لەبەرئەوەی هەموو جارێک لە بیری دەچێت ناوی خوای لێبهێنێت، کە بەیانی ڕۆژ دەبێتەوە دەبینێت مێروولە کورتانی گودرێژەکەیان بۆ لێک وپێک کردووەتەوە. بۆیە ناچار سەرلەنوێ دەکەوێتەوە چاککردنەوەی کورتانی گویدرێژ وسەفەر تێکدەچێتەوە، ئیدی ئەم بەزمە هەتا ئاخر زەمان بەردەوام دەبێت، تا ئەوڕۆژەی بەڕێکەوت  ئێوارەیێک دەجال ناوی خوای لەدەم دەردەچێت و مێروولەش بە هۆی ناوی خواوە دەمیان ڕەقدەبێت وناتوانن کورتانەکە هەڵبوەشێننەوەو، دەجالیش سەرلەبەیانییەکەی بەرەو دونیا بەرێ دەکەوێت.
وابزانم لە ئێستادا چیرۆکی پڕۆژە چاکسازییەکەی گۆڕان و ڕیکەوتنەکەی لە گەڵ پارتی  کوتومت بۆتە کورتانی گوێدرێژەکەی دەجال، ئەوە بۆ ساڵیکی ڕەبەق دەچێت ئەم بزوتنەوەیە بەمەرجی چاکسازی چووەتە نێو حکومەت و وەزارەتی وەرگرتووەو سەقفی زەمەنی بۆ ئەو چاکسازییە داناوە، خەڵکیش بە ئۆمێدو لەچاوەروانی چاکسازییەکانی گۆڕان وکۆتایی هاتنی وادەی دەستپێکردنی ئەو چاکسازییانەدا ئاوی چاویان واداهات، کەچی نەچاکسازی دیارەو نەسەقفی زەمەنی کۆتایی دێت. هەر کە ئێوارەش دادێت برادەرانی گۆڕان دێنەسەر ئەم کەناڵ وئەو کەناڵ و، باسی کارەکانی ئەم لیژنەو ئامادەسازییەکانی ئەو لیژنەمان بۆ دەکەن و، پەنجە هەڵدەسوڕێنن و، ئێمەش بەدەم گوێگرتن لە قسە باقوبریقەکانیان و ڕوانین لە هەڵسوڕانی سەری ئەنگوست وپەنجەیان لەهەوادا کە هەردەڵێی دوای فڕینی مێش کەوتون، گێژدەبین وخەودەمانباتەوە، لە کۆتاییشدا بەڵێنی ئەوەمان پێدەدەن هاکا پڕۆژەکەمان کەوتەڕێ، ئێمەش لەخۆشییاندا لیک بەدەمماندا دێتە خوارێ و، وادەزانین بەیانی کە ڕۆژبووەوە دونیا گۆڕاوە و، ئەم کاولەئاش و خاکی چارەڕەشانەش بووەتە شامی شەریف.
بەڵام وەختێک بەخەبەردێین،  هەمان تاس وهەمان حەمامە و، دەبینین  مۆرانە و خۆرکەی گەندەڵی جووت حیزبی  دەسەڵات، پڕزۆڵی بە پڕۆژە چاکسازییەکەوە نە هێشتووەو  هەلاهەلای کردووە و، نە پڕۆژە ماوە و نەتەڕەماش، وڵات هەر کاولەکەی ڕۆژانەو  پاشاگەردانییەکەش هەر لەجێی خۆیەتی.
برادەرانیش سەرلەنوێ دەکەونەوە دۆزینەوەو هۆنینەوەی لێداونی دیکە بۆ بەردەم شاشەکانی سەر لە ئێوارەیێکی دیکە.
ئاخر هەقمانە جاڕس و بێزاربین، گۆڕان عەیامێکە هەموو ئێوارەیێک، هاوشێوەی کورتانە شڕەکەی گوێدرێژەکەی دەجال، ئەم  پڕۆژە  شەقوشڕە ئەمدیواو دیو پێدەکات و پینەو پەڕۆی لێدەدات، کەچی  سەرلەبەیانی رۆژی دواتر مۆرانە وخۆرکەو کرمی گەندەڵی وەک خۆی لێدەکەنەوە، کەچی خوا نەکات گۆڕان جارێک جورئەت بداتە خۆی وناوی خوای لێبێنێت و، دوو وشەی زبر بەرامبەر بەم دەسەڵاتە کاتکوژە بێباکە لەزاری بترازێت و پێیان بڵێت " ئیدی بەسە"، تا هیچ نەبێت زمانی درۆیان ڕەق بکات و، نەهێڵێت ڕیسەکەی بۆ بکەنەوە بەخوری.
ئاخر سەیرە گۆڕان جارێک لەخۆی ڕانەبینی  شەقێک لەم پڕۆژە درۆیینە وکورتانە ڕزیوە هەڵدات و بێتەدەرێ و، بڵێت مادام ناتانەوێت چاکیبکەن ئیدی منیش وەک ئەو خەڵکە بەپێ دەکەومە ڕێ و هیچی دیکە  وەکو ئێوە لەچاوەڕوانیدا خەڵکی داماو بەخۆمەوە نەکوژم.
ولیام ڕایش لە کتێبی " گوێبگرە پیاوی بچوک " دا ، دەڵێت :" هەموو دورشمەکان لە تیۆردا جوانن، بەڵام لەسەر زەوی واقع وەک خۆیان دەرناچن ."
ئاخر پڕۆژەیێکی چاکسازی کە تەنها پارە وداهاتی زیاتر بۆ گەندەڵکاران گردبکاتەوە، من لە گۆڕان دەپرسم چ سودێکی بۆخەڵک هەیە؟
دەڵێن جارێک هەواڵیان برد بۆ وشتر، گوتیان :" مژدەت لێبێت ! کوڕت بووە. ئەویش وتی : جا خۆئەو بارەی لەخۆمە هەر لەخۆمە."
پڕۆژەیێک کە لەماوەی نزیکەی یەک ساڵدا یەک بڕگەی نە چووبێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت ناوی چی بێت و ناوەڕۆکی چی !؟
پڕۆژەیێک کە لەدوای ئامادەکردنی چارەکێکی موچە هەڵلوشێت، دەبێت چ پڕۆژەیێک بێت؟!
تۆ لەلایێک باسی چاکسازی بکەیت ولە لایێکیش وەزیرەکەت سەربۆ بە تاڵانبردنی موچەی خەڵک بلەقێنێت، دەبێت خەڵک چ ئۆمێدێکتان پێداهەڵبواسێت؟!
تۆبڵێی گۆڕان کەی بەخۆیدا بێتەوەو، بیری بکەوێتەوە کە ئەم بزاوتنەوەیە کێ ولە پێناوی چیدا دروستیکرد و، کەی  کۆتای بەم گەمەی ماروپەیژەیەو، بانێک ودووهەوایەو، چیرۆکی وشترو کوڕە بهێنێت؟! کە پڕۆژەکەی لە ئێستادا جگە لەمانە لە هیچ شتێک ناچێت.
گۆڕان دەبێت بزانێت کەس لاری لە نیاز پاکی و پڕۆژەی چاکسازی نییە، بەڵام گەر گۆڕان پێش خەڵک لەخۆی نەپرسێت : " باشە ! گەر ئەم دەسەڵاتە بە نیازی چاکسازییە و، مەبەستی کات کوشتن نیە و، دەیەوێت گۆڕانکاری ئەنجام بدات، ئەدی بۆچی ئەوا بۆ ساڵێک دەچێت پڕۆژە ئامادە دەکرێت، بەڵام کاری یەک لیژنە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟! "
بۆیە کورت وکرمانج ، گۆڕان دەبێت لە ئێستادا، بیر لەو " سەقفە زەمەنی "یەی خۆی بکاتەوە کە وەک مەرجێک لە پێناوچاکسازیدا بۆدەسەڵات دایناوە، ئەگینا خەڵکی خۆی دەکەوێتە ڕێ و، چیتر چاوەڕوانی ئەو ناکەن و، ئەوکات دەبێت  بۆ گەیشتنەوە بەخەڵک کورتان وکەرەکەش بە کۆڵی خۆیاندا بدەن و، ئەوجا فریاشناکەون.
.........................
*دەجال: لەفەرهەنگی ئاینی ئیسلامدا، ئاماژەیە بۆ کەسایەتیێک کە لەسەر وەختی دووبارە دابەزینەوەی مەسیح پێغەمبەردا(د.خ)، بەدرۆ وەکو حەزرەتی مەسیح خۆی دەناسێنێت وخەڵک لەخشتەدەبات
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×