کۆمەڵـی ئیسلامیش تـێخیچـا

زانیارقادر
  2020-07-23     1744
کاتی خۆی کاک فاروق ڕەفیق لە چاپی یەکەمی " پاکس ئەمریکانە "دا، پەسنی یەکگرتوی ئیسلامی وەک هیزێکی شەرمن کردبوو، بەڕێزیان هۆکاری ئەمەی بۆئەوە گەڕاندبووەوە، کە یەکگرتو لەو ڕۆژگاردا وەک پارتێکی بەرهەڵستکار " opposition" لە ترسی ئەوەی نەبادا تۆمەتی ناپاکی بدرێتە پاڵ، نەیدەتوانی ڕسکی سیاسی بکات و، هەڵوێستی توندتر دژ بە گەندەڵی دەسەڵات بگرێت.
بەڵام گەر ئەم  پەسنە بۆئەوسای یەکگرتو ڕاست بووبێت ، ئەوا پێدەچێت بۆ کۆمەڵی ئیسلامی لەئێستادا ڕاستتر بێت.
کۆمەڵی ئیسلامی کە لەخولی پێشودا، لەسەر کڵۆمدانی دەرگای پەرلەمان و ڕێگریکردن لەسەرۆکەکەی هەڵوێستی جوامێرانەی هەبوو، جیاواز لەپارتەکانی دیکەی وەک یەکگرتو و یەکێتی کە بە " هاوڕێی نیوە ڕێگا " ناسرابوون، شانبەشانی بزوتنەوەی گۆڕان تا دوا وێستگەی ململانێکە، گۆڕەپانەکەی چۆڵ نەکرد و موکوڕ بوو لەسەرهەڵوێستی خۆی و، نەچووە ژێرباری فشارەکانی حکومەتە حیزبییەکەی پارتی ویەكێتی، دواجاریش لەپێناو ملنەدانی بۆیان، وەزیرەکەشی کێشایەوەو حکومەتەکەی بۆ جێهێشتن.
بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو مێژووە، لەبەرامبەر ئەو گوندەیی نواندنە و، ئەو گەلە کۆمەکییەی پارتی بەپشتیوانی لیستە پاشکۆکانی لە لێساندنەوەی پارێزبەندی لەسۆران عومەر لە کردەیێکی دوور لەیاساییدا گرتیەبەر، واچاوەڕوان دەکرا کۆمەڵ لە پێناو زیاتر بێئەرزش نەکردنی پەرلەمان و گێڕانەوەی شکۆ بۆی، بەرەیێکی ناڕازی دروست بکات، یاخود لانی کەم لە ئەگەری نەچوونە پاڵی هیچ حیزبێک بۆ پێکهێنانی ئەو بەرەیە خۆی تاک لایەنانە، بڕیاری کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی بدات و، ئەم کاولە ئاشەیان بۆ جێبهێڵێت.
بەڵام بەداخەوە کۆمەڵ گەمەکەی بۆدەسەڵات تەواو کرد، لەجیات ئەوەی داوابکات بابەتەکە بەیاسایی بکرێت و، ئەو بەڵگانەی ئەو پەرلەمانتارە لەسەر گەندەڵی ئاشکرای کردبوون، داواکاری گشتی بەدووی ساخکردنەوەیاندا بچێت و، لەئەگەری ڕاست دەرچوونیاندا گەندەڵکاران ڕاپێچی دادگا بکرێن، کەچی کۆمەڵ بە دەست پێلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارەکەی خۆی ئاوی کرد بە ئاگرەکەدا.
کە لەئەگەری نواندنی هەڵوێستێکی وەهادا کۆمەڵ دەیتوانی لانی کەم دوو ئامانج بپێکێت :
پێگەی سیاسی کۆمەڵ لە نێو شەقامدا بەهێزتر بکات.
بۆجارێکیش بێت دەیتوانی دەسەڵات ڕابهێنێت، گوێی لە وشەی نەخێربێت، تێیدەگەیاندن کە هێشتا هێزێک ماوە بە زوڕنای ئەوان هەڵناپەرێت، بە هەموو شتێکیش ناڵێت ئامین و، بۆ هەموو کارێکی نایاساییش سەر نەلەقێنێت.
بەڵکو هەڵوەستەیێک بکەن و، کەمێک لەوە بە ئاگا بێنەوە کە دەوڵەتداری بە ملکەچ پێکردنی بەرامبەرەکان تا سەر درێژە ناکێشێت، کەڵکەڵەو ئارەزوی کەسی دواجار هەمووان نەچنە ژێر باری.
بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی بزانێت یاخود نا، بەچوونە ژێر باری ئەم بڕیارە، جگەلەوەی دەسەڵاتە جوت حیزبییەکەی لە تەنگەژەیێکی دیکە قوتار کرد، لەلایێک بێئومێدیێکی گەورەتری بۆ خەڵک زیاد کرد، بەوەی کە حیزب هەموو شتێکی بۆدەچێتە سەر، لەلایێکی دیکەشەو ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامەی بۆ دەسەڵات نارد، کە حیزبە بەناو بەرهەڵستکارەکان ناچارن لەگەڵ هەموو بڕیارە شەخسی و ئارەزوە پاوەنخوازییەکانی ئەواندا خۆ بگونجێین .
بەداخەوە کۆمەڵ پێی گوتین کە ئەویش چیدی هێزێک نیە جێگەی ئەوە بێت خەڵک ئومێدی پێدا هەڵبواسێت، جارێکی دیکە ئەو لۆژیکەی پشتڕاستکردەوە کە تاکە شتێک بتوانێت دەسەڵات لەملهوڕیی سیاسی وداڕشتنی بەرنامەی گەندەڵی بوەستێنێت، قەدەرێکی نادیارە.
 بۆیە خەڵک پێویستە بۆئەوەی ژیانی بگۆڕێت، دەبێت پشتگیری هەموو هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتی و دەرەکییەکان بکات و، لە پێناو ڕزگاربوونی لەم دەسەڵاتە گەندەڵە پاوەنخوازە خۆماڵییە، خۆهەڵقورتاندنی هەر لایەنێکی دەرەکی وناکوردی وەک فریادڕەسێک تەماشابکات، چونکە  هەر هەوڵێک لە ڕێگەی دەنگدان وسیاسەت وپەرلەمانەوە بدرێت بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی وچاکسازیی، لەبەردەم بەرداشی گەندەڵیدا لە بڵقی سەرئاو ناچیزەترە.
گەر فریدریکی گەورە گوتبێتی  : " من و گەلەکەم ڕێکەوتوین لەسەرئەوەی ئەوان چییان پێخۆشە با بیڵێن، منیش چیم پێخۆشە ئەوە دەکەم."
ئەوا دەستلەکارکێشانەوەی ئەندام پەرلەمانەکەی کۆمەڵی ئیسلامی، لەسەر دەرخستنی دۆسیەی گەندەڵی و بەتەنها لەسەرقسەکردن، ئەوەی سەلماند کە دەسەڵات بە تایبەتی پارتی هەرچی ئارەزوی بکات ئەوە دەکات و، لەبەرامبەریشدا لایەنەکانی دیکە، نەک ناتوانن ئەوەی پێیان خۆشە بیڵێن، بەڵکو دەبێت ئەوەش نەڵێن کەدەسەڵات پێیناخۆشە، لەوەش خراپتر ناچارن ئەوەش بڵێن کە ئەو پێیخۆشە.
( لیون دگی ) وەک لێکۆڵەرێکی سیاسی، دەڵێت :" خەڵکی وڕێنە دەکات گەر پێیوابێت بە دروستکردنی ئەنجومەنێک با هەڵبژێردراویش بێت، لە ستەمکاری ڕزگاریان دەبێت، مادام ئەو ئەنجومەنە کاری ئەوەبێت بڕیارو ئارەزوەکانی تاکەکەسێک بکات بەیاساو دەریان بچوێنێت... هەروەها دگی دەشڵێت: ' خەڵک ئازاد نابێت هەر تەنها لەبەر ئەوەی پەرلەمانیان هەیە، بەڵکو ستەمکاریێک کە بەکۆمەڵ بێت ( واتە ستەمکاریێک کە لەڕێگەی پەرلەمانەوەبێت)، ترسناکترە لە ستەمکاریێک، کە بەتاک بێت لە بەرئەوەی لەستەمکاریی  بەکۆمەڵدا بەرپرسیاریێتی وندەبێت'(1)، دواجار لە نێو کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەندا، لێپرسراوێتی لەسەرکەسی یەکەم هەڵدەگیرێت و، ئارەزوەکەشی لە ڕێگەی کەوڵێکی یاساییەوە شەرعیەتی پێدەدرێت.
بۆپشتڕاستکردنەوەی سەرنجەکەی (دگی)، دەبینین، لەمادەی٦٣خاڵی ٢ بڕگەی (ب ، ج) ی  دەستوری عێراقیدا و، لە مادەی ٢٤خاڵی چوارەم و پێنجەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا، مەرجی هەڵگرتنی پەرێزبەندی، لەڕێگەی دەنگدانی زۆرینەوە،  بەستراوەتەوە بە ئەنجامدانی تاوانێکی بیندراو یاخود نەبیندراوەوە، لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە.
هەروەها لە مادەی ١٩ی هەمان پەیڕەودا، لەدیاریکردنی دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەماندا، لەیەکەم خاڵدا، ئاماژە بەوە دەدات، تەنها کاتێک سەرۆک ئامادە نەبێت، ئەوجا جێگرەکەی توانای بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی هەیە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم بەڵگە یاسایی ودەستوریانە، پەرلەمانتارێک تەنها لەسەر دەرخستنی دۆسیەی گەندەڵی و، بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی بیندراو یاخود نەبیندراوی ئەنجامدابێت و، لەهەمان ئەو ساتەی سەرۆکی پەرلەمان لەحەرەمی پەرلەماندا کۆنگرەی ڕۆژنامەگەری دەگرێت وناڕەزایی دەردەبڕێت، کەچی جێگرەکەی لەژوورەوە دانیشتن بەڕێوە دەبات و، بە پێچەوانەی دەستوری عێراقی کە کورد خۆی دەنگی پێداوەو، تەنانەت بەپێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆکەی خۆشیان، پارێز بەندی لەسەرئەندام پەرلەمانێک، لەبەرئەوەی بەنەیاری حیزبەکەی دەزانێت هەڵدەگرێت.
لەوەش تەنزئامێزتر، دواتر سەرۆکی پەرلەمان وبەرپرسی باڵاترین دەزگای یاسادانان دژی پارێزبەندییەکە بڕیاردەردەکات، بەڵام ئینجا وەزارەتی داد بڕیارەکە وەرناگرێت، خۆشتر لەوەش جارێکی دیکە پاشگەزبوونەی سەرۆکی پەرلەمانە لەبڕیارەکەی خۆی.
ئیتر ئەم وازی وپەتپەتێنە، دەریدەخات کە پەرلەمان جگە لە جێگایێک بۆ بە یاسایی کردنی ئارەزوە کەسییەکان، کارێکی دیکەی نیە. پەرلەمانێکیش کاتێک بوو بە ئامێرێک بۆ هەڵکێشانی ئارەزوی کەسە باڵادەستەکان بەنێو گیراوەی دەقە یاساییەکاندا، ئەوا بە پێی بیرکردنەوەکەی ( لیون دگی) هەبوونی لە نەبوونی زۆر مەترسیدارترە و، نەبوونی زۆرباشترە.   
پەرلەمان لە هەموو دونیادا، پەسەندکردنی بودجەو، دەرچواندنی یاساو، بەدواداچوون و لێپێچینەوە لەدەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) بە ئەرکەسەرەکییەکانی خۆی دەزانێت. کەچی پەرلەمانی ئێمە هەر نازانێت بودجە چییە و، لەجیات بەیاساییکردنی گرفت وخەمەکانی خەڵکیش، لەنەبوونی دەزگای زمانەوانیدا خەریکی گۆڕینی وشەو چارەسەرکردنی گرفتی زمانەوانییە، لە بواری لێپێچینەوەو بەدواداچوونیشدا، تا ئێستا نەیتوانیوە وەزیرێک یان بەرپرسێک لە کارەکەی بترازێنێت.
پەرلەمانێک کورد وتەنی: "  وەستای قسان وکۆڵەواری دەستان بێت" و، لە هەموو تەمەنیدا نەیتوانی بێت یەک پرسی چارەنوسسازیەکلایی بکاتەوە، خەڵک مافی خۆیەتی  بڕیار و دانیشتنەکانی بەنوکتە وچەلەحانێ وەربگرێت و، هیچ ئۆمێدێکی پێداهەڵنەواسێت.
بەڵام سەیر لەوەدایە برادەرانی کۆمەڵ وەکو هەنگیان لەم کلۆرە باڵەخانەیەدا دۆزیبێتەوە، هەرچەند دەکەن دەستیان لێی نابێتەوە، دەسەڵات بێمنەتانە لەدەرگاوە دەیانباتە دەرێ ، کەچی ئەوان لە پەنجەرەوە خۆدەکەنەوە بە ژوورا.
خۆ دەگونجێت کۆمەڵیش وەک خەڵک گەیشتبێتە ئەو ڕاستییەی، کە پەرلەمان شوێنی دۆزینەوەی چارەسەری گرفتی خەڵک و، ناوەندی  بڕیاری بە بڕشتی سیاسی وچارەنوسسازنییە، بەڵام لەوانەیە تاکە بیانویێک بۆ مانەوەیان لەو دەزگا خەسیوەدا، ئەوەبێت کە کۆمەڵی ئیسلامی لە ئێستادا خاوەنی هیچ سەرچاوەیێکی دارایی نییەو، دەیەوێت لەڕێگەی وەرگرتنی پشکێک لە موچەی ئەندام پەرلەمانەکانییەوە، ئەرکی سەرشانی حیزبەکەی سوک بکات، بەڵام ئەم بیانوە لەڕێشەوە بێبنەمایە چونکە ، پاڵنەری بەشداریکردنی هەر حیزبێکی سیاسی بۆچوونە پەرلەمان، دەبێت بۆ بەدەنگهاتن وگێرانەوەی مافی خەڵک بێت، نەک بە پێچەوانەوە بێدەنگ بوون لە کێشەکانی خەڵک لەبەرامبەر دەستخستنی داهات بۆ حیزب.
ئاشکرایە فەلسەفەی دروستکردنی حیزب، بریتییە لەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی خەڵک، خۆ ئەگەر مەرجی مانەوەی، پەیوەستبوو بە بارگرانی سەرشانی خەڵکەوە، ئەوا هەڵوەشاندنەوەی ئەوحیزبە لەمانەوەی باشترە.
دواجار دەمەوێت بڵێم، سیناریۆی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ خاوکردنەوەی بارگرژییەکەو، چوونە ژێربارو ڕازیبوون بە بڕیاری لێساندنەوەی پارێزبەندی لە ئەندام پەرلەمانەکەی، ئەویش بەپەنابردنی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ بژاردەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارەکەی خۆی،  کوتومت لە سەرگوزشتەی کەڵەشێرەکەی عەلی شەریعەتی دەچێت، کە دەڵێت: کەڵەشێرێکی دەنگخۆشمان هەبوو، لەبەرئەوەی دراوسێکەمان بەدەنگی جاڕس ببوو، بەیانیان لەخەو هەڵیدەستاند، سەرمان بڕێ.
کۆمەڵیش هەرچەندە دووان لە دراوسێکانی ئارەزوی بێئاگایی وخەوی قوڵ دەکەن، بەڵام لەجیات دەست پێلەکارکێشانەوەو، سەربڕینی کەڵەشێرەکە، دەکرا باسی گرنگی بە ئاگاهاتنەوەو، خۆشی وبەهای دەنگی کەلەشێرەکەی بەلای سەرجەم خەڵکی گەڕەکەو بۆ بکردبانایە، تا تێبگەن لەبەرخاتری دوو ماڵ ناکرێت هیچ کەڵەشێرێک نەخوێنێت وسەرجەمیان سەرببڕین و، باشتربوو بەقسەی ئەوان تێنەخیچایە.
گۆڤاری ڕۆشنگەری ، ژمارە ١٥، ل٢٠٣.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×