لەبەر ئەوەی چەمکی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان چەمکێکی یاسایی وپانتای یەکی بەرفراوانی داگیرکردووە،بەهۆی ئەو پێشکەوتن و گەشە کردنە بەرچاوەی تەکنۆڵۆژیاوە وای کردووە تاوانی ئەلکترۆنی و هۆیەکانی ئەنجامدانی زیاتر بێت، کەواتە پیویستی بەیاسایەک هەیە بۆ پاراستن و پارێزگاری کردن لەدام دەزگا ئەلکترۆنیەکان و کەسانی بەکارهێنەری، هەروەها پەرچەکرداری یاسا بەرامبەر ئەوکەسانەی ئەنجامی دەدەن، کەواتە درووستە بگووترێت کە کاری یاسا بریتیه :- لە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان تاک و تاک وە تاکو دەوڵەت وە دەوڵەت و دەوڵەت . بۆ پاراستن و نەشکانی یاساکان سزا داندراوە چونکە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی خۆپەرست و خۆویسته،بۆیە پێویستە سزایەک هەبێت بۆ ڕێک خستنی کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەی.
بەڵام...ئێمە لێرەدا باس لە پرۆژەیاسایەک دەکەین بەناوی پرۆژە یاسای تاوانە ئەلکترۆنیەکان کەلەسەروبەندی پەسندکردنیەتی لە پەرلەمانی عێراق، کەلە2019 ینایر12 خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە،بەپێی ئەم یاسایە دەوڵەت دەتوانێ سیخوڕی بەسەر هاووڵاتیەکانیەوە بکات.! هەرچەندە پرۆژە یاساکە ئەرێنی و نەرێنی تێدایە،بەڵام هەرزوو ڕووبەڕووی نارەزایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی لێکەوتەوە،سەرجەمیان یادشتنامەیەکی نارەزایەتیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد،داوایانکرد ئەوپرۆژەیاسایە دەنگی لەسەر نەدرێت و ڕاکێشرێتەوە،چونە ئەوە پێشێلکردنی ئازادیەکانی تاکە،پێیان وایە ئەوە پاشگەزبوونەوەیە لە بنەماکانی دیموکراسی وگەرانەوەیە بۆ دیکتاتۆریەت،
بەهەمان شێوە (ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی )یش لەوبارەیەوە هاتە دەنگ، ئەم رێکخراوە وای بۆ دەچێت پرۆژە یاسایەکی لەم جۆرە دەبێتە بەر تەسککردنەوەی ئازادی تاکەکەسی یەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە.هەر بۆیە ڕێکخراوەکە بە تووندی هۆشداریدایە عێراق لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کە سزای توندی زیندانی و سزای ماددی دانراوە بۆ ئەو کەسانەی لەرێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنە دەگرن.
رێکخراوەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پڕۆژە یاساکە چاودێرییەتی توند لەوڵاتدا دێنێتە ئاراوە لەسەر ئەو کەسانەی رەخنە دەگرن.رازاو ساڵحی توێژەری تایبەت بە کاروباری عێراق لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، ئەو پڕۆژە یاسایە گورزێکی توندە بۆ سەر ئازادی رادەربڕین لە عێراق.
ڕاشیگەیاندووە، پڕۆژەکە بەجۆرێک داڕێژراوە کە بە ئاسانی دەبێتە هۆکارێکی داپڵۆسێنەر و رێگە بە دەسەڵاتداران دەدات سزای توندی ئەو کەسانە بدەن کە رەخنەدەگرن، وەکو سزای زیندانی هەتا هەتایی.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەکردووە، هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە ئەیلولی ٢٠١٨دا دەسترێژیان لە خۆپیشاندەران کردووە لە بەغدا و باشوری عێراق، کە داوای هەلی کار و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و چاودێری تەندروستیان کردووە، دەسەڵاتدارانیش کۆتوبەندێکی توندیان خستووەتە سەر مافی گەیشتن بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، خۆپیشاندەران پێیانوایە دەسەڵاتداران بە ئەنقەست لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا هیڵەکانی ئینتەرنێتیان پەکخستووە و بەهۆیەوە نەیانتوایوە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی پێشێلکارییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن.
جێگیربوونی ئەم پرۆژە یاسایە تەنها مەترسی بۆسەر هاوڵاتیانی عێراق نیە،بەڵکو دەگونجێت هەرێمی کوردستانیش پشتی پێ ببەستێ و وەک تاکە سەرچاوەیەکی یاسایی کاری لەسەر بکات.بۆیە دەبێت نوێنەرانی کورد هوڵوێستی جدیان هەبێت و دژی پرۆژەیاسایەکی لەم چەشنەببنەوە کە دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین وپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.