دادگای فیدراڵی و لیژنەی فتوای ھەرێم

لوقمان مصطفی صالح
  2023-11-21     198

ھەڵبەتە ڕوون و ئاشکرایە  دادگای فیدراڵی و لیژنەی فتوای ھەرێم دوو دەزگای جودایەو ھیچ شتێک بەیەکەوە کۆیان ناکاتەوە.بەڵام ئەوەی کۆیان دەکاتەوە  لەگەڵ دەرکردنی ھەر بڕیار و فتوایەکیان دەبنە جێی رەخنە و مشتومڕی گەرمی سۆشیال میدیا.

ھەرچەندە لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین نکوڵی لەوەبکەین کە  بڕیارەکانیان و فتوا کانیان بمانەوێ یا نەمانەوێ کاریگەری خۆیان نەبێت لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگاکەمان با بزانین چۆن .؟

—دادگای فیدراڵی :-  بەپێی ماددەی (93)ی دەستوری عێراق، ئەرکی دادگای باڵای فیدراڵی بریتییە لەچاودێریکردنی دەستوریبوونی یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکان‌و لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوورو یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانەی لە جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەکان و ئەو رێوشوێنانەوە دێنە ئاراوە، هەروەها یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێییەکان روودەدەن.
لەگەڵ یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکاندا دێنە ئاراوەو یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان دەکرێن‌و پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران‌و یەکلاکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لە نێوان دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا‌و یەکلاکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لە نێوان دەستەی دادوەری هەرێمەکان، یان پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا.
هاوکات دەستوری عێراق بەپێی ماددەی (94) هەموو دەسەڵاتەکانی عێراق پابەند و ملکەچ دەکات بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەمەش ئەو بڕیارانەی لە بارەی هەرێمی کوردستان داویەتی، دەبێت حکومەتی ھەرێم پێیەوە پابەند بێت، بەتایبەتی دواین بڕیاری دادگاکە، کە بریتی بوو لە نایاسایی بوونی یاسای نەوت‌و گازی هەرێم‌و هەڵوەشانەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆو ئاشکراکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم‌و رادەستکردنی تەواوی دۆسییەی نەوتی هەرێم بە حکومەتی عێراقی و ھەڵوەشاندنەوەی بریاری درێژکردنەوەی نایاسایی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.

بەڵام ئەم دەزگا گرنگ و باڵایە لە ڕەخنە بەدەرنیە،ھەمیشە بریارەکانی  ئەم دادگای جێگای مشتومڕن.

دادگاى فیدراڵى.. دادگایەکە دەبێت مشتومڕ و تەمومژ نەھێڵێت، کەچی لەوەتەی درووست بووە خۆى بووەتە سەرچاوەى مشتومڕ.

هەندێک لایەن، شرۆڤە و بڕیارەکانى بە مایەى ئاشوب وەسفدەکەن و دەڵێن بووەتە هۆکارى ئاڵۆزیی و قوڵکردنەوەى ناکۆکییەکان، بە پێچەوانەى ئەوەشەوە، بەشێک لە یاساناسان، دادگاکە بە گرنگترین دامەزراوەى دەستووریی لە عێراقدا ناودەبەن و دەڵێن زۆرێک لە ناکۆکییە یاسایی و دەستوورییەکانى چارەسەرکردووە، دەشڵێن دادگاکە پێشتر بە رەزامەندى هەموو ئەو لایەنانە دروستکراوە، کە لە دواى روخانى رژێمى بەعسەوە بەشدارى پرۆسەى سیاسییان کردووە.

بەڵام لە ئێستادا ئەم دادگایە  رەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت گوایە زیادەرەوی لە دەسەڵاتەکانیدا دەکات،یاخود مەزھەب گەرایی زاڵە بەسەر بریارەکانیەوە، یاخود زۆر جار بریارەکانی ئەوەندە سیاسیە بەقەد ئەوە یاسایی نیە.

—لیژنەی فتوای ھەرێم : - مێژوی دامەزراندنی لیژنەی فتوا لە ھەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی حەفتا، لەوكاتەدا كەمەلا مستەفای بارزانی یەكێتی زانایانى دامەزراند، لە هەمانكاتیش لەناو ئەو یەكێتییە، لیژنەی فتوا دامەزرا، كە لە كۆمەڵێ مامۆستای ئاینی ئەوكات پێكهاتبوو، دیارە ئەوكاتە كوردستان لە ژێر هەڕەشەی حكومەتی بەعس دابوو، هەتاوەكو ساڵی 1991 کە راپەڕینی كوردستان روویداو سەرلەنوێ لیژنەی فتوا دامەزرایەوە، كە بریتیە لەچەند مامۆستایەكی بەئەزموونی ناوداری كوردستان، كە هەریەكەیان شارەزایەكی تەواویان هەیە، لە هەر 12 زانستی مەلایەتی و لەهەمانكاتیش ئەزموونی كرداریان هەیە، كە وەک خۆیان دەڵێن بەدەیان كێشە هاتوەتە لایان و بەپێی شەرع چارەسەریان كردووە، زۆربەی زۆری ئەندامانی لێژنەی فتوا، مامۆستایانی موجیزن واتە ئەو مامۆستایانەی بەدرێژای 50 ساڵ وانەیان بەفەقێیان وتوەتەوە لەئەنجام دا گەیشتونەتە ئەو ئاستەی ببنە ئەو مامۆستایەی کە بتوانن فتوای ئاینی بەناوی ھەرێمی کوردستانەوەبدەن.

بەڵام ئەم لیژنەی فتوایەش بێ گلەیی و  گازندەو رەخنە نەبووە، ھەرچەندە کارەکانیان بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی دینی و دنیاییە لەسەر شانیان وە لەسەر ھەرکارێکی ھەڵەیان خوای گەورە لێ پرسینەوەیان لەتەکدادەکات، ئەوە لۆمەی خەڵکیش لەولاوە بووەستێ کە هەندێك لە خەڵكی دەڵێن لیژنەی فتوا لەسەر ھەموو شتێك فتوا دەدەن جگە لە شتە گرنگ و پێویستەکان نەبێ.
ھەر بۆیە لە كاتی دەرچونی هەر فتوایەكی نوێ‌  سۆشیاڵ میدیا گەرم دەبێت لە رەخنە لە سەیروسەمەرەیی فتواكانیان.
هەرچەندە لیژنەی فتوا دەڵێن ھۆکاری خۆیانیان ھەیە بۆ دەرکردنی ئەو فەتوایانە و دەڵێن ھەر کاتێک پرسێک بوە دەنگۆی نێو خەڵک ئەوان ناچارن قسەیان ھەبێت و فەتوای لەبارەوە بدەن.

لەنمونەی ئەو فەتوا سەیر و سەمەرانەی بونەتە جێگای ڕەخنە و مشتومڕی نێو خەڵک:
یەكەم: تەقاندنی تەرەقە لەلایەن منداڵان لەجەژن و بۆنەکاندا: 
ئەمە یەکێک بوو لەو فەتوایانەی کە بوە جێگا رەخنەیەکی زۆر و کاتێک ھاتە نێو سۆشیال میدیا خەڵکی وەکو جۆرێک لە گاڵتە دەیان بینی چونکە دروست لەو کاتەدا بەنزین بەڕێژەیەکی زۆر بەرز ببوەوە و داوایان دەکرد فەتوا دژی گرانی بەنزین و کەمی کارەبا دەربکرێت، ھەر بۆیە ھەڵمەتێکی چڕی پێچەوانە و پڕ لە توانج لەتۆڕە کۆمەلایەتیەکان بەرێوەچوو .

دووەم: لابردنی مووی قول و قاچی کچان بە لەیزەر.!!
کاتی دەرچوونی ئەم فەتوایە کاتێکی زۆر ھەستیار بوو بە تایبەت کە کاتی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی ھەرێم و دەستگیرکردنی سەدان گەنجی توڕە و نارازی بوو لەشارەکانی ھەرێم کەدژی نەبونی و بێ کاری ڕژابونە سەر شەقام. 

سێیەم: پەکەکە دۆخی ھەرێم گرژدەکات .!!  ئەم فتوایەش لە کاتێکدایە کە دوژمنانی کورد بەتایبەت تورکیای رەگەز پەرست بە شێوەی ھەڕەمەکی و کوێرانە تۆپبارانی کوردستان دەکات خەڵکی بێتاوان دەکوژێت و رەزو باخیان دەسوتێنێت بێ ئەوەی نقەیان لێوەبێت.!!

دەرەنجام : لەگەڵ ئەم ھەموو کەموو کوریانەیان کە باسمان لێوەکرد ھەردوو دەزگای(دادگای فیدراڵی و لیژنەی فتوا ) ھەرجەندە وەک ھەر دەزگاو لیژانیتر  کاری ئەرێنی  و نەرێنی خۆیان ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەکو مەرجەعێک ھێشتا بوونیان باشترە لە نە بوونیان .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×