گــــــومــــان

نامۆ سامان
  2020-12-11     652
یەکیتی و پارتی و دەسەڵاتدارانی باشور لەجێگەی ئەوەی نیشتیمانێکمان بۆ دروستکەن بۆ ژیان بۆ خۆشەویستی! ئۆردوگایەکیان بۆ خوڵقاندین بەتەلبەندی ترس و تۆقاندن و کوشتن و پیاو کوژەکانیان دەوریانداوین، ڕزگاربوونت لەم دۆزەغە وەک ئەوەوایە تازە لەدایک ببیتەوە. تۆ دەبێت لەوەتێبگەیت لەوڕۆژەوەی ئەم نیشتیمانە کە پڕبووە لەپیاوی دەمامکدار  ئیتر نیشتیمان لەواتاکەیی خۆی بەگومانە کە نیشتیمانە جگە لەوەی پانتاییەکی فراوان بێت لە ترس‌و تۆقاندن. ئێمە هەموو ڕۆژێک مولازم موحسینەکان دەبینین کە چۆن کورو کچ و دایکو باوکمان پڕ شەق دەکەن و میز دەکەن بەدیواری نیشتیماندا. مرۆڤ کە کەرامەتی تێکشکێنراو ئابڕویتکا ئیتر ژیان‌و سەروەری هیچ واتایەک نابەخشێ بەبوون، ئێمە نیشتیمانێکمان هەیە پڕ لەم پیاوانە! پڕ لەم مولازم موحسینانە! سەرۆک دەفەرموێ: هەرکەسێک لەم وەزعەی بەدڵ نییە دەرگا لەسەر پشتەو بروات! تۆ کە سەرۆکێکی وات هەیە دەبێت ئیتر ژیان چ واتایەک ببەخشێت بەبوون جگە لە هەڵاتن. جولەکە بۆیە نیشتیمانێکیان دروستکرد پتەو و ئازیز تاکو هیچ کەسێک و هیتلەرێکان بەناوی جولەکەوە راویان نەکەن و نەیانچەوسێنەوە! یەکێتی و پارتییش ئۆردوگایەکیان بۆ دروستکردن کە هەڵهاتن وەک ئەوەوایە کە لە دۆزەغەوە هەڵهاتبیت. یەکێتی و پارتی و دەسەڵاتداران باشور وایان لە تاکی کورد کرد کە تفکاتە ئاسمان و دەموچاوی خۆی بۆبگرێتەوە لە کوردبوونی خۆی هەڵبێت و ڕاکات. زامی کورد سەخت و دژوار و پڕ ئازارە لەوە دژوارترو نەگبەتییتر ئەوەیە کە یەکێتی و پارتییە وەک دوو پۆلیس و وەک دوو جەندرمەی تورک،  وەک دوو پاسدار، وەک دوو بەعسی شەلاتی حوکومان دەکات!. ئەم دەسەڵاتە خوێرو سەرسەرییەی باشور زامی ئەوەندە قورسە ئەگەر بچیتەسەر مانگیش دەبێت بەدەستیانەوە بناڵیتەوە! بۆ هەرکوێ بچیت هەڵهاتنت مەحاڵە کەواتە ڕامەکە ئەی کوردی نەگەبتە بۆ کوێ دەچیت کەهەر چواردەورت لوورەلووری پیاوانی کاسەلێسی دەسەڵات و ئەتەتورکەکان بێت هەوڵبدە ببە بەپیاوی خۆت و نیشتیمانێک بۆ خۆت دروستبکە نەک بەدووی پیاوێکەوە وێڵ بێت کە کۆتاییەکەی هەر شۆرشە!. نیشتیمانێک دروستکەن گوندێک بێت بۆ ژیان بۆ سەروەری و پێکەوەژیان نەوەک ئۆروگایەکبێت بۆ کوشتن و برین و تۆقاندن.
٣٠ ساڵە یەکێتی و پارتی دوو هێزی پڕ چەک و تفاقیان دروستکردووە و ناویانناوە پێشمەرگە! بەدرێژایی ئەم ٣٠ ساڵەو هەموو تەمەنی من پێشمەرگە هەر کوردی کوشتووە گا بەناوی براکوژیەوەبێت گا بەناوی حوکمی قەرەقۆزی دەسەلاتدارانی باشورەوە بێت.                                                                 


تێبینی ئەم هۆنراوەیە نزیکەی ٢٠ سالە نوسراوە لە کتێبی سەمای بەربارانەوە بڵاوبۆتەوە

گــــــومان

ئەم سێوانە
سێوەکانی دایە حەواو باوە ئادەم بوون
 ئێمە خواردمان
تاخوا فڕێداینە زبڵخانەی تاوانەوە
ئەم خوایانە خواکانی شەڕ بوون
ئێمە سوجدەمان بۆبردن
ئەم دیوارانە
پەرستگای ھیچ بوون لەھیچەوە ھاتبوون
ئێمە عیبادەتمان تیاکردن
ئەم شەمەنەفەرە سکەی تاوانبوو ڕایدەکێشا
بۆیە ھەر نەگەیشتە ئیستگە
ئەم پەنجانە لەرینەوەی گەڵاکانی خەزان بوون
بۆیە پێش سڵاوکردن ھەڵوەران
ئەم ھەورانە ڕەشە دوکەڵی ساڵەکانی نەھات بوون
بۆیە کێڵگەی خەونمان ھەر سەوز نەبوو
ئەم ئاوە گۆمی تاوان‌ و زەلکاوی سیخوربوو
ئێمە خۆمان تێفرێدا
ئەم فس فس پاڵەوانانە
گیڤارەکانی شەڕی خۆکوژی بوون
بۆیە داری ئازادیمان بەری نەگرت
ئەم پەیڤانە پەیڤی دڕۆو فیتنە بوون
بۆیە لە وەعد و پەیمان نەگەیشتن
ئەم دڵدارانە دڵیان لە عەشق خاڵیبوون
بۆیە بەیەک نەگەیشتن
ئەم فنجانانە فنجانی مەکرو حیلەبوون
بۆیە ئێمە لەفەنابوون نەگەیشتین
ئەم ڕێگایانە بەلاقی دەبەنگ و گێلەکانەوەبوو
بۆیە لە عەشق دابراین
لە نھۆمی ژمارە چوارم
زۆر جار بیر لەخۆکوشتن دەکەمەوە
وەک ئەوەی خۆکوشتن ئیتر چارەیەکبێت
لەوەدەچێت وابەئاسانی خۆم نەکوژم
لەوەدەچێت ئیتر ژیان تاڵە دەزوویەکی
پێوە مابێت بۆ سبەی
نا..نا
ئەڵێم نەک دوای من سێبەرێک لەسەر کوشتنم
بەدادگا بدرێ!
کێ دەزانێ؟ مرۆڤ دوای مردن چیدەچنێت؟
دەشی مردن نھێنیەکبێت؟
نا..نا نھێنی خۆی مردنە ئەوە نییە گوڵم
ناوێرم ئەو نھێنیە بدرکینم کە خۆشمدەوێیت
ئەڵێم نەک لەسەر خۆشەویستی مردن ڕێگەم پێبگرێ
تۆ بڵیت مردن ئیتر کۆتایی پرسیارەکان بێت؟
یان پرسیارەکان کۆتایی بەمردن دێنن!
ئەم پەنجەرەیە ئەخەمە سەرپشت بۆنی مەرگی لێدیت
ئەم دەرگایە توند قاو ئەدەم بۆنی تۆی لێدێت
تۆ لەنێوان مەرگ‌و مندا
من لەنێوان تۆ شۆڕشدا
سەیرە گوڵم گەر بڵێم!
وەک ژمارە چواری قەدم لەخۆمەوە ئاڵاوە
سەیرە گەر بڵێم!
ئەم قەیدی تەمەنە لوولیکردووم نەک درێژ
تەماشاکەن من ناکشێم
وەک ژمارەی چوار لەجاران گرمۆڵە ترم
وەک لاسیکی خەت کوژاندنەوە
تاوانەکانم پێدەکوژێنەوە
تەنھا بەئاستەی خەتێک ئیتر ناکوژێنمەوە
ئەم تاوانە لەخۆمدا دەکوژم
ئەو [با] شێدارو ساردەی لەباکورەوە ھەڵیکردبوو
بەپێدەشتەکاندا ڕەتدەبوو
زۆر بەخێرایی خۆی دەکرد
بەکۆڵانەکانی شارداو
لەپەنجەرەی ژوورەکەمی ئەدات
من لێرەوە ھەستم بەتەزینی
پەنجەکانی ڕۆح دەکرد
کەچۆن بەخێرای دەھاتن‌و
پەنجەیان دەگەست
کەش بۆنی پایزێکی وشکی لێدەھات,
جەنگ تازە دەستی پێکردبوو
جەنگ ئەو سێوەبوو کەخواردمان
ئیتر لەوڕۆژەوە
لاشەی مردووی خۆمان وابەکۆڵەوە
ئیتر لەوڕۆژەوە
قابیل‌و ھابیلێکیتر یەک یەکتری دەکوژن
عەرزی خوا زۆرە بۆ خیانەت
خوایش بۆ زیندە بەچاڵکردنی تاوانەکان
لەگەڵ کزەی[با]دا ئەگەمە لات
بەیانیەک پێش ئەوەی نیشتیمان
چاوەکانی بەتاوان تەڕکات
ئەگەمە لات
لەگەڵ باراندا دەستە ساردو تەزیوەکەم
دەنێم بەدڵتەوەو
بەھێمنی بای سوبحی دەم نیگاکانت تەڕ دەکەم
بەھەناسەیەک بەخۆمتەوە ئەنوسینم
ئەگەمە لات
بەیانیەک پێش ئەوەی نیشتیمان
لەخەونی خۆفرۆشێکدا ئەتک بکرێ
ئەگەمە لات
بەھێمنی خۆم ئەنوسینم بەڕوحتەوە
ئەگەمە لات
بەیانیەک پێش ئەوەی نیشتیمان
لەخەونی جامبازێکدا مەزاد بکڕێ
ئەگەمە لات
بەیانیەک زوو لەگەڵ باراندا
خۆم دەکەم بەژووردا سەردەنێم بەدڵتەوە
لەچاوەکانتا دەنووم
دەرگاکەم لێکەرەوە
ئیتر دەرەوە نرخی نەما بۆ ژیان
ئیتر ئەم ژیانە نەفرەت لێکراوەی من
ھیچ مانایەکی نەما بۆ وتن
دەرگاکەم لێکەرەوە لە موحیبەتی خوا بەجێماوم
خەزانی تورەبوون
باھەپرونم نەکات
دەرگاکەم لێکەرەوە
من بەئەندێشەی تۆوە ماوم
من بەیادی تۆوە ماوم دەرگاکەم لێکەرەوە
بەیانیەک پێش ئەوەی بەعسێکان بگەرێنەوە
بەیانیەک پێش ئەوەی بەکرەکان عەشقەکان بکوژن
من ئەگەمە لات
بەدەربەندی چاوەکانتا وەک [با] ھەڵدەکەم
لەسۆزتا ھێمن سەردەنێم بەسنگتەوە ئیتر
تائەبەد ئاسودەو ئیتر تائەبەد لێت دوورناکەومەوە
وەک باران ئەرژێمەوە چاوەکانتەوە
ئیتر تائەبەد شەو لەعەشقتا سپی دەکەمەوە
ھێمنبە ئەی دڵ ھێمن
ئەی[با]ی سوبحی دەم بەکەل ھێمنبە!
ئەی نەسیمی عەشق
ئەی سیحری جوانی ھێمنبە!
ھێمنبە ئەی دڵ ھێمن!
ئەمە کارەساتە یان عەشقە؟
ئەمە خەونە
یان بەئاگابوونی پەنجەکان بەتاوان؟
سەرمەنێ بە سنگمەوە لە چاوانم مەڕوانە
زۆر دەترسم
خیانەت لەچاوەکاندا خۆی حەشار دابێت
زۆر دەترسم
خوێنی براکان بەسەر سینەی تۆوە لەخاچ درابێت
زۆر دەترسم ئەم  دڵە پەشێوەی من
ئەم سەرە پڕ لەنەفرەتەی من
بۆنی خیانەتی گرتبێت
ھێمنبە ئەی دڵ ھێمن!
لەو نیگایانەیش بەگومانم
کەخۆیان بەپەنجەرەی  ژوورەکەمدا ھەڵواسیوە
تۆ بڵێیت...
ئەو [با]یەی خۆی بەنێو ڕەزی پرچتاکردبێت
ھەناسەی منی نەبردبێت بۆ بەعس بۆ دەسەڵاتداران
لەپەنجەکانم بەگومانم
کامیان عاشق‌و
کامیان شۆرە سوارو
کامیان خائین
لەنیگای ئەو کچەیش دەترسم
کەچاوەکانم دەفرێنی
دەڵێم نەوەک خیانەت فریوی دابێت

نامۆ سامان
26-07-2002

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×