دەسەڵات لەنێوان پرسیارو وەڵامدا!
ئارێز عەبدوڵڵا
2021-01-19   715
هەر جارێک، کە بەندە رەخنە لەسەر دیاردە، کەموکوڕی یان خەوشێکی دەسەڵات دەنوسێ چەند کەسێک بە توانجەوە لێم ئەپرسن:
- ئایا تۆ یەکێتی نیت و یەکێتیش لە دەسەڵات نییە؟
- ئایا ئێوەش بەرپرسیارنین لە پێکهێنانی ئەو سیستەمە سەقەتە و ئەو شێوە بەڕێوەبردنە؟
ئەوانەی ئەو پرسیارانە دەکەن یان ئەو توانجانە داوێن دوو بەشن، بەشێکیان سەر بەدەسەڵات و بەشەکەی تریان لە دەرەوەی دەسەڵاتن. پرسیار و توانجی ئەو کەسانەی دەرەوەی دەسەڵات بە ئاسایی وەردەگرم، بەڵام هی ئەوانەی پابەندی دەسەڵاتن ئاسایی نییە، چونکە ئەوانە دەیانەوێ بڵێن هەموومان وەکو یەکین، بەم شێوەیەش ئۆباڵی سەرشانی لایەنەکەی خۆیان سوکتر دەکەن.
بەڵێ، یەکێتی لە دەسەڵاتە و لە چاکە و خراپەی ئەو وڵاتەش بەرپرسیارە، بەڵام ڕاددەی بەرپرسیاریەتیەکەی لە دوای جیابونەوەی گۆڕان و تێکچوونی ناهاوسەنگی زۆر جیاوازە لە راددەی بەرپرسیایێتی پارتی. لە لایەکی دیکەوە، باس لە هاوپەیمانیێتی و هاوبەشی یەکێتی و پارتی و گۆڕان دەکرێ. ئەوەش ئاساییە، بەڵام خۆ هاوپەیمانیێتی و هاوبەشی لە حکومەت مانای سڕینەوەی ڕەنگ و جیاوازیەکان نییە، بەڵکو هاوپەیمانیەتیەکە بۆ مەسەلە سەرەکیەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتە، نەک درێژەدان بە سیستمێکی باوی ماوە بەسەرچوو. واتە لەو کاتەیدا بەیەکەوە کار دەکەین پێویستە ململانێکی ئاشتیانەشمان هەبێ، ئەویش بە پێشکەشکردنی پڕۆژە و بۆچوونی جیاواز.
بەڵێ، من لە ناو یەکێتی و یەکێتیش لە دەسەڵاتە. ئایا ئەوە پاساوێکی ڕەواییە کە یەکێتیەکان بەو هۆکارەوە بۆ چاک و خراپی ئەم وڵاتە دەست لەسەر سنگ بن؟
بێگومان، نا، چونکە ڕاستی و دروستی ئەوەیە کە لە کوێ هەڵە بکرێ پەنجەی بۆ درێژ بکرێ، لە کوێ گەندەڵی هەبێ بەگژداچوونەوەش هەبێ، لە کوێ نادادپەروەری هەبێ بەرپەچدانەوەشی هەبێ....
ئەوانەی ئەو جۆرە پرسیارانەی سەرەوە دەکەن، منیش لەوان دەپرسمەوە:
- ئایا بونی هەر حزبێک لەناو دەسەڵات پاساوێکی ڕەوایە بۆ ئەوەی هەموو ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە رەش و سپی لە یەکتری جیا نەکەنەوە؟
- ئایا ئەو سیستەمە حوکمڕانییە پێویستی بە چاکسازیەکی بنەڕەتی نییە؟
- ئایا لە ساییەی ئەو دەسەڵاتە هەڵی یەکسان و دادپەروەری و سەروەری یاسا پایەدارن؟
هەندیجار دەبینم گەنجێکی خێر لە خۆ نەدیوی پارتی بەو پەڕی توندیەوە رەخنەم لێ دەگرێ و تومەتیشم بۆ دروست دەکا، وەکو ئەوەی من بەرپرسیاربم لەو نەهامەتییەی ئەو تیایدا دەژی!
هەندێ لە هەڤاڵانی خۆشمان سەرزەنشتم دەکەن و دەڵێن ئەگەر تۆ وابڵێی ئەی خەڵکی تر چی!
بەدڵنیاییەوە دەسەڵات لە نێوان ئەو پرسیار و وەڵامانە پێویستی بە گۆڕانکاری و ڕاستەڕێکردنی حوکمڕانیەکی چاکە لە پێناوی تەواوی خەڵکی کوردستان، بەلایەنگرانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و هەموو حزبەکانی ترەوە. دیارە ئەوەش بەبێ سەربەخۆ بیرکردنەوە و رۆڵبینینی تاکەکان کارێکی مەحاڵ دەبێ.