ھەرێمی کوردستان لەدوڕیانێکی مەترسیدار!

ئارێز عەبدوڵڵا
  2020-08-14     657
لەھەر روانگەیەکەوە بارودۆخی ناوخۆیی کوردستان ھەڵسەنگێنین، بەداخەوە دەبینین لەوپەڕی خراپیدایە، گیرۆدەی قەیرانە سیاسی، ئابووری، کارگێڕی، تەندرووستیەکان بووە. کەچی، لایەنە بەرپرسەکان ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی قەیرانی تەندروستی جیھانیی‌و بەغدا! 
من نازانم ئەوانە ھەر ھێندەی لێ تێدەگەن‌و وای دەبینن، یان خەڵکی بەمێگەل‌و دەبەنگ دەزانن؟!

دیارە نەک ھەر کوردستان، بەڵکو زۆربەی وڵاتان لەکات‌و ھەلومەرجی جیاجیادا توشی قەیران دەبن، بەڵام چۆنێتی ڕوبەڕوبوونەوە و دەستنیشانکردنی ھۆکارەکانیان جیاوازە. ھەر وڵاتێک توانی پەنجە لەسەر ھۆکارەکانی قەیرانەکانی دابنێ دەتوانێ بە ئاسانی و بە نزیکترین رێگا لێی دەرباز بێت، بە پێچەوانەوە ئەو ڕژێمانەی لە پێناوی مانەوە و نیشاندانی ئەستۆپاکی خۆیان گەلەکانیان چەواشە دەکەن، پەنجەی تۆمەت و تاوان بۆ پیلانەکانی دەرەوە درێژ دەکەن ھەمیشە قەیرانی وڵاتەکانیان قوڵتر کردووەتەوە.

ساڵانی ڕابردوو پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، ئابووری، سیاسی و سەربازی لە ئاستێکی زۆر باڵادا بوو، بەڵام خەمساردی و بێباکی، گەندەڵی و سەرەڕۆیی، بێسەروبەرەیی بەڕێوەبردن و سەقەتی سیستمی حوکمڕانی کوردستانیان بەم ڕۆژە گەیاند. ئەوەی دیاریشە تا ئێستا نەک ھەر ئومێدی ھەستانەوە و بوژانەوە نییە، بەڵکو مخابن لە پوکانەوەشە.

سەیرە، دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە لە جیاتی گەڕان بەدوای ھۆکارە ڕاستەقینەکان تەنیا لە پێناوی مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات ڕۆژ دوای ڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەکەن. ئەوان نایانەوێ باس لە ھۆکارە ڕاستەقینەکان بکەن، چونکە لە لایەک خۆیان بەرپرسیاری یەکەمن، لە لایەکی دیکەش دەبێ چاکسازی ڕاستەقینە بکەن، یان دەستبەرداری دەسەڵات بن.

بێگومان چاکسازی راستەقینەش نەک ھەر لە بەرژەوەندیان نییە، بەڵکو ناتوانن جگە لە قسە و دروشم خۆشێ لە قەرە بدەن، چونکە سیستمە حوکمڕانییەکە ھێندە سەقەت، گەندەڵ و تێکئاڵاوە لەھەر لایەکەوە دەستی لێبدەن تەنیا بەسەر سەری خۆیاندا دەشکێتەوە. ئێستا ھەرێمی کوردستان لە دووڕیانی پوکانەوە و داڕماندایە. فەرموون سەیرکەن:

- حکومەت مووچەی فەرمانبەرانی پێ نادرێ.
- قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەیە.
- متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات نییە.
- سیستمی بەرگریی وڵات لەوپەڕی بێھێزیدایە.
- قەیرانێکی سیاسیی ناوخۆیی گەورە ھەیە.
- دامودەزگاکانی دەوڵەت نەک ھەر لە یەکتری جیا نین، بەڵکو بە شێوازی جیاواز، بەڵام بە یەک ناوەڕۆک لە خزمەتی بەرژەوەندیی و سیاسەتی دەسەڵاتداراندان. 
- تا دێ ئێران فشارەکانی لەسەر ھەرێم زیاتر دەکا.
- تورکیا بە بیانوی لێدانی پەکەکە خەریکە نیوەی کوردستان داگیر و وێران دەکا. 
- حکومەتی عێراق خۆی خستۆتە سەر پشت و ئامادە نییە بە دڵی حکومەتی ھەرێم بکا.

ئەو ھەرێمەی لەڕابردودا مەرجی دەسەپاندنە سەر عێراق، ڕێزو ھەیبەتێکی گەورەی لەھەرێمەکەو جیھان ھەبوو، ئەمڕۆ لەسایەی ئەو دەسەڵاتەی چەندین ساڵە تەنیا قسە دەکا و گوێ لە ھاوئاوازەکانی خۆی نەبێ ناگرێ بەو دەردە چووە. 

من پێموایە کاتی تۆمەت بەخشینەوە و ئۆباڵ خستنە ئەستۆی نەیاران و ناحەزانی گەلی کوردستان نییە، چونکە ئەوان لە بنەڕەتەوە چاکە و چارەی ئێمەیان ناوێ، بەڵام ئایا چی دەکەوێتە ئەستۆی خۆمان و بە چ ڕێگایەک لانیکەم باری ئەو قەیرانانە لەسەر گەل و وڵات سوک بکەین؟

کاتێک من باسی ئەو ھەموو قەیرانانە دەکەم مانای وا نییە ھەموو دەرگاکانی دەربازبوون داخرابن، بەڵکو ھێشتا دەرفەتی گەورە و فراوانیش لە پێشن، ئەگەر دەسەڵاتداران لە پێناوی بەرژەوەندیی میللەت دەستبەرداری بەشێک لە بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیان و کورسیە لەقۆکەکانیان ببن. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×