کام یەک ھەڵوێستی؟

ئارێز عەبدوڵڵا
  2020-03-03     579
یەک ھەڵوێستی لەسەر پرسە چارەنوسساز و نیشتمانییەکان نەک ھەر پێویستە، بگرە ئەرکێکی پیرۆزیشە و خۆ لێلادانی دەگاتە ئاستی تاوان. بەڵام کام یەک ھەڵوێستی؟ ئایا یەک ھەڵوێستیەک کە لە ئەنجامی دیالۆگ و لێک تێگەیشتنی  سەرجەم لایەنە کوردستانیەکان دروست دەبێ یان سەپاندنی ھەڵوێستی لایەنێک بەسەر لایەنەکانی تردا؟ 
یەک ھەڵوێستیەک لە ژوورێک دروست بێ کە ھەموو لایەنەکان بە ھی خۆی بزانن یان لە ژووری تاقە لایەنێک؟ 
یەک ھەڵوێستیەک بۆ بەرژەوەندی گشتی بێ و لێکەوتەکانی بەباش و خراپ بۆ ھەموو لایەنەکان بگەڕێتەوە یان تەنیا لێکەوتە باشەکانی بۆ یەک لایەن و خراپەکانیشی بەسەر لایەنەکان دابەش بکرێ؟ 
یەک ھەڵوێستیەک کە لە ئەنجامی بەرجەستەکردنی لۆجیک ھاتبێتەبەر یان ھەڵوێستێک کە بەپێوەری گەورەیی و بچووکی  دروست بکرێ؟ 
زۆر باسی یەکریزی و یەک ھەڵوێستی دەکرێ، بەڵام کاتێک دەچینە بنج و بناوانی ئەو بابەتە دەبینین کەر لە کوێ و کورتان لە کوێ کەوتووە!
ئێمە ئەگەر بەراستی بەدوای یەکریزی و یەک ھەڵوێستیەوە وەین ئەبێ لە ئەنجامی لێکتێگەیشتن، بڕیاری ھاوبەش و لە ژوورێکی ھاوبەشی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەربچێ. دەنا بەپێچوانەوە ئەو دروشم و بانگەوازە لە موزایدەی سیاسی و خۆڵکردنە چاو خەڵک نەبێ ھیچی تر نییە. 


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×