دۆسته‌كانی په‌كه‌كه‌و سیخوڕه‌كانی میت!

ئارێز عەبدوڵڵا
  2019-10-01     1540
ئاشكرایه‌،په‌كه‌كه‌ نه‌ له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ به‌خواستی هێزه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستانیش له‌ چیا و دۆڵه‌كانی باشوره‌، به‌ڵام به‌حوكمی كورد بوونی ئه‌و هێزه‌ و ڕه‌وایی كێشه‌كه‌یان له‌ باكور بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ به‌شی ئه‌وه‌نده‌ هاوسۆز و كاریگه‌ریان ده‌بێ كه‌ له‌ ناوچه‌ سه‌خته‌كان بمێننه‌وه‌. توركیاش به‌بیانوی بوونی په‌كه‌كه‌ هێزێكی گه‌وره‌ی هێناوه‌ته‌ باشور و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك شوێن كه‌ هه‌رگیز په‌كه‌كه‌شی لێ نه‌بووه‌ سه‌ربازگه‌ی دروستكردوه‌! بێگومان، هێزی توركیا رزگاركه‌ر نییه‌، به‌ڵكو داگیركه‌رێكی ره‌زا قوڕسه‌.

دوای ئه‌وه‌ی هێرشه‌ ئاسمانی و زه‌مینیه‌كان بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ خه‌ست بوونه‌ته‌وه‌ رۆژانه‌ هه‌واڵمان پێ ده‌گات كه‌ له‌ ناوچه‌كانی بادینان، سیده‌كان و چۆمان هه‌ندێ كه‌س به‌بیانوی هاوكاری كردنی په‌كه‌كه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن یاخود فشاریان ده‌خرێته‌ سه‌ر. 

دیاره‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌ر كه‌سێك كه‌ كارێكی نایاسایی بكا ئه‌ركه‌، به‌ڵام شێوازی لێپرسینه‌وه‌ و جۆری سزاش پێویسته‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی كاره‌كه‌ بێ، نه‌ك هاوكاری ودۆستایه‌تی په‌كه‌كه‌ پاساوێك بێ بۆ ترساندن و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ كادیر و لایه‌نگری حزبه‌كانی تر. 

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌رۆژی رووناك سیخوڕه‌كانی میتی توركیا ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوونه‌ كه‌ له‌ گه‌یاندنی هه‌واڵه‌كانیان كێبڕكێی یه‌كتری ده‌كه‌ن، زۆر جاریش ئه‌وانه‌ بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت هه‌واڵی نادروست ده‌ده‌ن و له‌ ئه‌نجامیش تا ئێستا خه‌ڵكێكی زۆری مه‌ده‌نی و بێ گوناهی باشور بونه‌ته‌ قوربانی. 

لێره‌دا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك پێویسته‌، ئایا بۆچی ده‌بێ سیخوڕه‌كانی میت‌و وڵاتانی تریش ته‌ڕاتێنی بكه‌ن‌و كه‌س له‌گوڵ گرانتریان پێ نه‌ڵێ، كه‌چی به‌بیانوی هاوكاری كردنی په‌كه‌كه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵك بگیرێ؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×