بەخێربێی فاشیزمی ئازیز

کاوە عوسمان عومەر
  2021-02-21     750
فاشیزم پێناسەی زۆرە، هەڵبەت پاراوترین و کورترین پێناسە، نەهێشتنی بیر و دەنگ و ڕەنگی ئازادە، بەڵام پارادۆکسەکە لەوەدایە زۆربەی بزوتنەوە و ڕەوتە فاشیزمە کان لە بانگەشە یۆتۆپیا ئاساکانەوە ، لە چەمکی مرۆڤددۆستیە کانی  یەکسانی و ئازادی دادی کۆمەڵایەتیەوە دەرئەکەون و بە بانگەشە ئایدۆلۆجیاکانیان  لە بەدیهێنانی خۆشبەختی و کۆمەڵگەی ئایدیالیست خەڵکی سادەی پێچەواشە ئەکەن. گرفتەکەش مەزن دەبێ کاتێک ئەو بزوتنەوە فاشیستانە بە شاراوەیی پەلئەکێشنە هەموو کایە سیاسی و کەڵتوری و سەربازی وڵاتەوە.فاشیبونی وڵاتێک هەر وا بە هەوانتەو لە شەوو ڕۆژێکا نایەتەدی، بەڵکو کۆهۆکارێکی ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە دەبنە چەکەرەکردنی تۆوی فاشیزم و پاشان گەشەکردنی و بوونە دێوەزمەیەک بۆ سەر ئازادی تاک و بیری ئازاد و قۆرخکردن و گەندەڵکردنی هەموو جومگە گرنگەکانی دەوڵەت.
 هۆکارە ناوەکیەکان ڕۆڵیکی سەرەکی دەبینی لە هێنانە کایەی دەستەو تاقمی بیر فاشیست. ئەزموونە مێژویەکان پێمان ئەڵێ کە هەموو بزووتنەوە فاشیستەکان بە هۆی کرمۆڵبوونی جەستەی سیاسی و ماریفی و کەڵتوری گەلەکەیەتی پێش هەموو شتێک. ئەوە کۆگەلێ هۆکاری ناوخۆیی ئەڵمانیا بوو کە فاشیزمی نازی هێنایە کایەوە. هێتلەر زۆر زیرەکانە هەموو ئەو تێکشکانە ئابوری و کۆمەڵایەتیەی ئەڵمانیەکانی بەهەل وەرگرت تا لەو ڕێگەیەوە کۆهوشیاری تاکی ئەڵمانی بشێوێنێ و تاک پارت و تاک ئایدۆلۆجیا و تاک سەرکردە بکاتە تەوتەمی سیاسی و کەڵتوری و ماریفی. هێتلەر هەر وەک هەموو سەرکردە فاشیستەکانی تری ئەوروپا وەک مۆسۆلینی و فڕانکۆ، توانایەکی باشی هەبوو لە بەگەرخستنی پرۆپاگەندەی ئایدۆلۆجیای فاشیزم ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی دوژمنی دەرەکی و تاوانبارکردنی هەموو بزوتنەوە دیمۆکراسی و لیبرال و چەپ و سۆشیالیستەکان لە ئاست تێکشکانی ئابووری و سیاسی وڵات.
ئەوەی دەربارەی گەشەی بیری فاشیزم لە ئەوروپای نێوان دوو جەنگی جیهانی وترا بە هەمان شێوەش ڕاستە بۆ کیشوەرەکانی ئەفریقا و ئاسیاو تەنانەت ئەمریکای لاتینیش، سەرکردە ئەفریقاییەکان توانیان کێشە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بقۆزنەوە بۆ سەرخستنی بیرۆکەی خێڵگەری و پاشان بنەماڵەکردنی دەسەڵات . دەسەڵاتە فاشیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێرەدا دوو میکانیزمیان بەکارهێنا، لە لایەک بەگەڕخستنی پرۆپاگەندە لە بە ناپاکی کردنی هەموو پارت و ڕەوتە جیاوازەکان لە ئاست ڕەوتی ناسیۆنالیستی پانڕەو،  و لە لایەکی تر وێناکردنی دوشمنی دەرەکی و پاشان خۆ نمایشکردن بە فریادڕەس و پاڵەوان لەبەرامبەر دوژمانی ناوخۆو دەرەوە. بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەش دەسەڵاتە سیاسیە فاشیستە عەرەبی و پاشان تورکیەکان وتاری ناسیۆنالیزمی دەمارگیریان بەگەڕخست . دەسەڵاتە فاشیستە عەرەبیەکانی وەک سەدام و ئەسەد و ئەوانی تر جەنگی جینۆسایدیان لەبەرامبەر کەمەنەتەویەکانی وەک کورد و کریستیان و جولەکەکان هەڵگیرساند، تورکەکان لە ڕێگەی وتاری فاشیزمی نەتەوەیی گەورەترین جینۆسایدی سەردەمی نوێیان بەرامبەر کورد و ئەرمەنەکان بەجێهێنا.
سەرکردەی فاشیست زۆربەی کاتەکان وەک نیشتمان پەروەرو فریادەڕەس خۆی پیشانی خەڵکی هەڵخەڵەتێنراو ئەدات، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە بەرپاکردنی جەنگی بێهودە لەبەرامبەر دوژمنێکی خەیاڵی، وەک سەرکردە عەرەبەکانی وەک سەدام  پراکتیزەیان کرد لە چەواشەکردنی ڕای گشتی عەرەبی بۆ دژایەتی کردنی دەوڵەتی ئێران لە کاتی جەنگی کەنداو یاخود دژایەتی کردنی گەلی جولەکە لە لایەن کۆی سەرکردە ستەمکارە عەرەبیەکان. ، یان دژایەتی کردنی قوبرس و کورد لە لایەن دەسەڵاتی فاشیزمی مۆدێرنی تورکیا. سەیر لەوەدایە خەریکە بیرۆکەی فاشیزمی نوێ بە شێوازی نوێ و لە بەرگی جیاوازترا دەرئەکەوێ وەک ئەو هەموو بزوتنەوە پۆپۆلیست و ناسیۆنالیست و ڕاستڕەوانەی ئەوروپا، بە مانایەکی تر، فاشیزم لە جۆرایەتیەوە گۆڕاوە بۆ ئایدیا و کایەی ماریفی ساختە، هەربۆیەکیشە خەریکە جیهان بەرەو تەوژمێکی ترسناک هەنگاو ئەنێ بەرەو دروستبوونی بیرۆکەو ئایدیای جۆراو جۆری فاشیزم  لە دژایەتی کردنی ئازادی تاک، ڕەگەزپەرستی ئەتنیکی و ئاینی و پاشان دەمارگیری دەستەو تاقم و خێڵگەری نوێ وەک لە هەرێمی خۆماندا دیارە.
لە هەموو ئەو هۆکارانەی باسکران دەربارەی گەشەی ئایدۆلۆجی فاشیزم گرنگترینیان ئامادەسازی کۆهۆشەنگی خەڵکە بۆ بیری فاشیزم و پاشان چاونوقان و بێ ئاگایی و بێ هەڵوێستی گەلە لە گەشەکردنی بیرۆکەی فاشیزم، جی فاشیزمی ئایدۆلۆجی ، یاخود فاشیزمی مۆدێرن،  یاخود فاشیزمی خێڵگەری یان ئاینی. بەهانەی دوشمنی دەرەکی و داڕمانی ئابووری هەمیشە باشترین بەهانەن بۆ چەواشەکردنی ڕای جەماوەی لە لایەن ڕەوتە جیاوازەکانی فاشیزم. بەڵام ئەوە کۆ هۆکاری ناوەکیە کە جۆرە جیاوازەکانی فاشیزم بەرهەم دێنێ ، وەک  دروستبوونی سیاسەتمەداری ساختە و چەواشەکار و هەلپەرست، یان ڕۆشنبیر و بیرمەندی هەڵوێست فڕۆشت، یان کۆیلەبوون و وابەستەبوون و قەڵەمفڕۆشی ئەکادمیستیەکان ، یاخود دەرکەوتنی پاڵەوانی ساختەو بازرگانی سیاسی و پارتی سیاسی بەرژەوەندیخواز، لە هەمووشی گرنگتر نەمانی کۆشەنگی فیکری و ماریفی وکەڵتوری گەل خۆیەتی. کەواتە فاشیزم سەرەتا لە بۆشایی ماریفی  و نەمانی کۆهۆشەنگی خەڵک خۆیەتی نەوەک زادە و دەرهاویشتەی ئایدۆلۆجیایەکی ناخۆڕسک.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×