پلانی دامەزراندنەوەی خەلافەتی داعش لە حەسەکەوە بۆ گرێ سپیی سنوری تورکیا شکستیهێنا

رەزا مەنوچەری
  2022-01-25     818

پلان و راهێنانی زیاتر لە 6 مانگی چەتەکانی داعش لە سەربازگەکانی باشیک و زیلکان و گرێ سپی و کامپەکانی ڕاهێنانی دەوڵەتی تورکیا بۆ رفاندنی 5 هەزار چەتەی زیندانیکراوی داعش لە زیندانی گەڕەکی سەناعە لە ناوچەی غوێرانی حەسەکە و دواتر کۆنترۆڵ کردنی حەسەکە و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکەوە بۆ ڕێگای نێودەوڵەتیی ئێم4 و عەین عیسا و لکاندنەوەی ئەو هێڵە بە سەرێکانی و گرێ سپی و دامەزراندنەوەی خەلافەتی داعش، بە ناوی ئەنجومەن و سوپای نیشتمانیی سوریا بە سەرۆکایەتیی تورکیا لەو ناوچانەدا شکستی هێنا.

داعش بۆ ئەوەی پلانەکەیان سەربگرێت، دەبوایە هێزێکی راهێنراو و تۆکمەی چەند هەزار کەسییان بخستایەتە کار، بۆ ئەوەش هەڵبژاردنی زیندانێک، کە نزیکەی 5 هەزار ئەمیر و چەتەی سەرکردە و راهێنراوی داعشی تیادایە باشترین بژاردە دەبوو. بۆ ئەو پلانەیان زیاتر لە 6 مانگ راهێنانیان لەسەر زیندانەکە و گەڕەک و شەقامەکانی دەورووبەری و پەیوەندی لەگەڵ داعشە زیندانیکراوەکان دا کرد.

داعش لە شەوی 20ی ژانویەی 2022دا بە تەقاندنەوەی تەنکەرێکی سوتەمەنی لە عەمباری سووتەمەنیی نزیک زیندانەکە و بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو و بە زیاتر لە 200 چەتەی خۆکوژەوە دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر زیندانەکە، هاوکات داعشە زیندانیکراوەکان لە زینداندا ڕاپەڕین و کارگوزاران و کارمەندانی تەندروستی و چێشتلێنەرەکان و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی ناو زیندانەکەیان دەستگیر کرد، کە تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە.

هەر داعشێک لە زیندانەوە خۆی بگەیاندایەتە دەرەوەی زیندان و پەیوەست بوایە بەوانەی دەرەوە خێرا چەکدار دەکرا و ئەویش دەستی بە هێرش دەکرد، بەوەش لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە سەدان داعشی راهێنراو دەستیان دەکرد بە پێشڕەوی بەرەو ڕێگای ئێم 4 و گرێ سپی و لەگەڵ ئەو پێشڕەوییەدا چەکدارەکانی سوپای تورکیا و چەتەکان لە گرێ سپی و ڕێگای ئێم 4 ەوە بەرەو ئەو چەتانە ڕێڕەوێکیان دەکردەوە و بەو شێوەیە سوپای تورکیا و چەتەکانی لە سنوری تورکیا تاوەکو حەسەکە بڵاو دەبونەوە و ناوچەیەکی زۆر بەرفراوانتریان لە گرێ سپی و عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان داگیر دەکرد. ئەوەش هەمان ئەو خواست و پلانەی ئەردۆغان بوو بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا، کە بە گۆڕینی ئیدارەی ئەمریکا و هەندێک هاوکێشەی تر گڵۆپی سەوزێ بۆ هەڵنەکرا، کە ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی تری وەک باب و جەرابلوس، عەفرین، گرێ سپی و سەریکانی ئەنجام بدات.

بەپێی ئەو پلانە، کۆبانێ و ناوچەی جزیر بە تەواوی لە یەک دادەبڕان و هەموو ڕێگاکانی پەیوەندیی شەڕڤانان بە رەقای پایتەختی پێشوی داعشەوە دەپچڕێنرا. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا شەڕڤانان بەدرێژایی زیاتر لە 200 کیلۆمەتر بەرەی شەڕیان لە دژ دەکرایەوە. لە دوای ئەوەش یەک بە یەک کۆبانێ و ڕەقا دەکرانە ئامانج و داگیر دەکران، یان بە تەواوەتی دەخرانە ژێر گەمارۆ و بۆردومان و هێرشی سەربازییەوە، دوای ئەوەش شەڕ بە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوادا بڵاو دەکرایەوە و هیچ بستە خاکێکی ژێر دەستی شەڕڤانان ئارامیی تیادا نەدەما و هەمووی بۆردومان دەکرا. بەوەش ملیونەها کەس ئاوارە دەبون و چەندین شەنگال دووبارە دەبوونەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی رژێمی سوریا و دیفاع وەتەنی و میلیشیاکانی ئێران بە پشتیوانیی روسیا لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و لە باشوری دێرەزورووە دەستیان بە هێرش دەکرد. سوریا بە پشتیوانیی روسیا پەلاماری کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزووری دەدا و بەپێی ئەو پلانە رۆژئاوای کوردستان و ئەزموونەکەی و خۆبەڕێوەبەرییەکەی و ئەو دەستکەوتە لە ناو دەبرا و کورد بۆ هەتاهەتایە لە سوریا و رۆژئاوا خۆی پێنەدەگیرایەوە.

روسیاش بەوە ئەمریکای لە سوریا دەردەکرد و دەستی بەسەر سەرچاوەکانی وزەدا دەگرت، کە لە مێژە داوای دەکات.

وەک زەمینەسازییەکیش بۆ ئەو پلانە روسیا پێش چەند مانگێک بە ڤیتۆ ڕێگەی لەوە گرت، کە دەروازەی تەل کۆچەر لە ڕۆژئاوا بۆ هاوکارییە مرۆیەکان بکرێتەوە، چونکا بەپێی سزاکانی قەیسەر هەموو ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی و خاڵە سنوریەکانی سوریا دادەخرێن، بەڵام ڕێگایان دەدا تەنها لە دەروازەی تەل کۆچەرە وە هاوکاریی مرۆیی بگاتە سوریا، کە ئەوەش جۆرە دانپیانانێک دەبوو بە ڕۆژئاوادا، بەڵام روسیا ڕێگەی لەوە گرت.

روسیا نزیکەی 5 ساڵە بە زمانی هەڕەشە و تۆقاندن و ئاگر دەیەوێت دەستکەوتەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە ناو ببات و ئەوەشی بە خستنەوە گەڕی رێککەوتنی ئەدەنە، بە سەودا و مامەڵە کردن لەسەر عەفرین بۆ تورکیا دەستپێکردووە و تا ئێستا درێژەی هەیە.

دوای ئەوەش پارتی سنوری سێماڵکای داخست و تورکیاش هاوکات هێرشی کردە سەر عەین عیسا و ڕێگای ئێم 4 و شەنگال. بۆ ئەوەی هەموو هێڵەکانی پێکەوە بەستنەوە و پەیوەندی و هاوکارییە مرۆیی و لۆجستی و سەربازییەکان تێکبشکێنن.

گەرچی شەڕڤانان لە هەموو ناوچەکاند تا دوا هەناسە و دوا دلۆپی خوێنیان وەک عەفرین و سەریکانی بەرەنگارییان دەکرد، بەڵام ئەو پلانە، کە هەر یەک لە هەمو گروپە چەتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، تورکیا، سوریا، روسیا و ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان، بە جۆرێک لە جۆرەکان تیایدا بەشدارن، ئەنجامەکەی بۆ لەناوبردنی ئەزمون و دەستکەوتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوایە و تا لەناوبردنیشی درێژەیان بە شەڕ و پەلامارەکانیان دەدا.

ئەوەی ئێستا لە حەسەکە ڕوودەدات رووداوێکی ئاسایی نییە و پلانێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بۆ لەناوبردنی هەموو رۆژئاوای کوردستان. بۆ ئەو پلانە 700 منداڵی خەلافەت، کە باوک و دایکیان کوژراون، یان باوکیان دیار نییە و لە کاتی خەلافەت و زەواجی نیکاح دا لە دایک بوون و پێیان دەوترێت ئەشبال خەلافە، لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە کراون بە قەڵغان تاوەکو بەو منداڵانە و لە ترساندا خۆیان لە گورزی شەڕڤانان بپارێزن. ئەوە دوبارە کردنەوەی هەمان سیاسەتی تورکیایە، کە کۆچبەرانی بۆ سواڵی ئیمتیاز و پارە لە ئەوروپا بەکاردەهێنا و هەزارانی دا بە دەم دەریاوە و خنکاندنی. داعش وەک خەلیفەکەیان لە کۆشکی چانکایا هەموو رێگایەکی بەدەر لە مرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکار دەهێنێت.

ئەوەی ئەو پلانە ورد و تۆکمەیەی تێکشکاند، بەرەنگاری و فیداکاری و گیان لەسەر دەست بوونی شەڕڤانان و هەڵمەتەکەیان بوو بۆ دەستگیرکردنەوەی چەتە هەڵاتوەکانی داعش لە ناوچەی غوێران و سەناعەی حەسەکە. لە ماوەی چوار رۆژدا زیاتر 175 چەتە کوژراون، 12 چەتە دەستگیرکراون. نزیکەی 100 هەڵاتووی تر لە پەسێو و پاسارەکان دا دەستگیرکراون. 300 چەتەی تریش لەدوای ئەوەی هەموو ڕێگاکانی هەڵهاتنیان لێ گیرا خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە.

لەو بەرەنگارییە چارەنوسسازەدا نزیکەی 50 شەڕڤان، ئاسایش، دژەتیرۆر، هاوڵاتیی مەدەنی و پاسەوان و خزمەتگوزار شەهید بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×