هۆکارە راستەقینەکانی خۆستاندنی گەنجە رۆژهەڵاتییەکە

رەزا مەنوچەری
  2021-05-21     236
گەنجێکی خەڵکی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی بێهزاد مەحمودی ناسراو بە محەمەد لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە زەوتکردنی مافەکانی ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا. بێهزاد ماوەى چوار ساڵە لە دەستی سەرکوتکاری و دیکتاتۆریی رژێمی کۆماریی ئیسلامیی ئێران هەڵهاتووە و هاتووەتە باشووری کوردستان و کارتی پەنابەریی لە یوئێن لە هەولێر وەرگرتووە و لەو شارەدا لە دۆخێکی سەختدا ژیانی بەسەر بردووە.
****
بێهزاد بە گیانی خۆی هاوارى ئەو پەنابەرانەی گەیاند، کە ساڵەهای ساڵە نابیسترێت
****
 چەندین ساڵە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر بەرداشی بێباکی و نایاسایی و پاساوە بێ مانا و بێ بنەماکانی یوئێن و کاربەدەستەکانی و پارتنەرەکانیدا دەبنە قوربانی. مرۆڤ دوای هەندێک پەیوەندی و ئاگاداربوون لە دۆخی پەنابەران و سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی یوئێن ئێچ سی ئاڕ  (UNHCR) و وردبوونەوە لە دۆخەکە ئەو ئەنجامەی تیادا دروست دەبێت، کە بە پلان و بەرنامە کار بۆ ئیحتیوا، تەواندنەوە، بێ ئومێدکردن، بێدەنگکردن و بێبەشکردنی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو مافە مەدەنی، سیاسی و ئابوورییەکانیان دەکرێت. بە کورتی یوئێن ئێچ سی ئاڕ (UNHCR) و هاوبەشە لۆکاڵییەکانیان خۆیان لە هەموو مافێکی پەیوەندیدار بە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەدزنەوە.
ساڵەهای ساڵە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور سەردانی سەدان شوێن و ناوەند و لایەن ورێکخراویان کردووە و لەگەڵیان کۆبوونەتەوە و باسیان لە بێبەشکردن و پەراوێزخستنی پەنابەرانیان بۆ کردوون. هاوکات لەگەڵ بەرپرسانی یو ئێن ئیچ سی ئاڕ (UNHCR) باسی گرفتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی پەنابەرانیان کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە. جاروباریش پەنابەران چوونەتە بەردەم رێکخراوە پەیوەندیدارەکان و مانیان گرتووە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام لە زۆربەى حاڵەتەکاندا هێرشکراوەتە سەر پەنابەران و لێیاندراوە و گاڵتەیان پێکراوە بڵاوەیان پێکراوە و بە چاوی سوک سەیرکراون.زۆر جاریش هەوڵی چالاکی و ناڕەزایەتی تر لەلایەن پەنابەرانەوە دراوە، بەڵام لە بەر هۆکاری جۆارجۆر سەریان نەگرتووە. پەنابەران لە دوای ساڵەهای ساڵە چاوەڕوانی لەوە دڵنیان، کە  مافەکانیان لەژێر سایەی رژێمی کۆماری ئیسلامی تاوەکو ناو بارەگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە وردی و بە چری زەوت دەکرێت.
گەرچی لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەرپرسان و هاوبەشانی لۆکاڵیی یو ئێن ئێچ سی ئاڕ(UNHCR) دا بەرپرسانی ئەو رێکخراوە بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەوەى کار بۆ پەنابەران نەکەن و بۆ ئەوەى پەنابەران لە مافەکانیان بێبەش و بێدەنگ بکەن دەڵێن، 'ئێوە لەگەڵ خەڵکی ئێرە تێکەڵ بوون. کار و ژیانت هەیە. منداڵەکانتان لە خوێندنگەکانی ئێرە وەردەگیرێن و دەخوێنن. کاتێک ئەڕۆن بۆ نەخۆشخانەکان وەرتان دەگرن و دەرتان ناکەن. ئێوە لێرە ئادابەتە بوون و زۆرێک لە مافەکانتان دەستەبەرە'. ئەو قسەیە بە رواڵەت وایە، بەڵام لە راستیدا ئەوە فریودانێکی گەورە و یاریکردنێکی وردە بە چارەنووس و ژیانی پەنابەرانەوە.
 کاتێک بۆیان رووندەکەیتەوە، بەپێی یاساکانی ئێرە، ئێمە لێرە ناتوانین وەک هاووڵاتییانی ئێرە دابمەزرێین، ناتوانین وەک هاووڵاتییانی ئێرە رەگەزنامە و پاسپۆرت دەربکەین، ناتوانین لە دوای ساڵەهای ساڵ وەک هاوپیشەکانمان و هاووڵاتییانی ئێرە خۆمان خانەنشین بکەین، ناتوانین خۆمان بیمە بکەین، منداڵەکانمان بێ ناسنامە و رەگەزنامەن، وەک هاوپیشەکانمان مافی وەرگرتنی عەرزەمان نییە، وەک هاوپیشەکانمان مافی وەرگرتنی هیچ یەک لە سولفەکانی حکومەتمان نییە، مافی وەرگرتنی قەرزمان لە بانکەکان نییە، ناتوانین وەک هاووڵاتییانی ئێرە ببین بە خاوەنی مۆڵەتی گشتیی شۆفێری، ناتوانین وەک هاووڵاتییانی ئێرە هیچ موڵکێک لەسەر خۆمان تاپۆ بکەین، مافی سەفەرمان بۆ هیچ وڵاتێک نییە، ئەوانەمان چالاکوان و رۆژنامەنووس و نووسەرن لە چەندین وۆرکشۆپ و کۆنفرانس و سمیناری نێودەوڵەتی بێبەشبووین بەهۆی نەبوونی پاسپۆرتەوە، ئەگەر هاتو منداڵەکانمان لە خوێندنگەیەک پلەیەکی بەرزیان وەرگرت و لە ریزی ئەو منداڵانەدا بوون، کە بڕون بۆ گەشتێکی زانستی و کۆنفرانس و خولێکی پەیوەندیدار بە دەرزەکەیانەوە لە دەرەوەی هەرێم، ئەوا منداڵەکانمان ناتوانن بەهۆی نەبوونی پاسپۆرتەوە بەشداری لەو خولە و دەورەیەدا بکەن. بەهۆی نەبوونی رەگەزنامە و پاسپۆرتەوە ناتوانین ماستەر کارتێک بۆ منداڵەکانمان پڕ بکەینەوە، ناتوانین زۆر شتی دونیای ئۆنلاین بۆ خۆمان دەستەبەر بکەین. ساڵانی پێشوو بە هیچ شێوەیەک سیم کارتێکیشیان پێ نەدەداین، لەم یەک دوو ساڵەی دوایدا بە کارتی ئیقامە نەک بە کارتی یو ئێن دەتوانین سیمکارت بکڕین! کۆبۆنی خۆراکمان وەک هاووڵاتییان ئێرە پێنادەن و ئەوپەنابەرانەی پێشتر کۆبۆنی خۆراکیان هەبووە ئێستا بە پاساوی نەبوونی ناسنامەى عێراق کۆبۆنی خۆراکەکەیان دەبڕدرێت. رەنگە بێ مافیی تر بەرامبەر بە پەنابەران هەبێت و من هەر ئاگاداری ئەوەندەیان بم. 
ئەگەر کەسێک ساڵەهای ساڵ لەو دۆخە بێ مافییەدا بە رەنجی خۆی و بە توانای خۆی، خۆی بژییەنێت و کرێ خانوو و خەرجیی ژیان دابین بکات، بەڵام یوئێن و هاوبەشەکانی یو ئێن پشتیوانیی لێ نەکەن و بە دەم داوا و رەخنەکان و ناڕەزایەتییەکانییەوە نەین، بێگومان لە شوێنێکدا بە بنبەست دەگات. ئەگەر هاتوو پەنابەرێک چەند رۆژ، یان هەفتەیەک و یان مانگێک بێکار بوو بێگومان لەبەر ئەوەى لە مافە بنەڕەتییەکانی ژیان و مرۆڤبوون بێبەشە، بە خێرایی تووشی بێپارەیی و قەرز دەبێت. کاتێک پەنابەرێک ساڵەهای ساڵ لەو دۆخە بێ مافییەدا بژی و کەس گوێ لە داوای و هاواری نەگرێت و بە بەرچاوی خۆی و یو ئێن و هاوبەشەکانی یو ئێنەوە تەمەنی خۆی و ماڵ و منداڵی بە با بچێت، بێگومان ئەگەر زۆر زۆر خۆڕاگر نەبێت تووشی کارەسات دەبێت. هەندێکجاریش دۆخێک بەسەر پەنابەردا دەسەپێت، کە پەنابەر ناچار دەبێت پەنا بباتە بەر کارەساتی دڵتەزێن بۆ ئەوەى دەنگ و هاوار و ناڕەزایەتییەکەى ببیسترێت. بە داخەوە  بێهزاد مەحمودی ناسراو بە محەمەد یەکێک لەو پەنابەرانەیە، کە بە ناچار و بەهۆی زەوتکردنی مافەکانیەوە پەنای بردە بە خۆسوتاندنی خۆی لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر.  بێهزاد بووە هاواری هەزاران پەنابەری بێبەشبوو لە مافەکانیان...
هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا مەترسیی ئەمنی و هەڕەشە و تیرۆرکردنی پەنابەران و جاروبار موشەکباران و تۆپبارانکردنی لایەنەکانی رۆژهەڵات، کە هەموو ئەوانە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی پەنابەرەوە هەیە، بخەیتە سەر ئەو کێشانە بێگومان زیاتر ئەوە روون دەبێتەوە، کە پەنابەران لە هەموو رووە یاسایی، سیاسی، ئەمنی، ئابووری و ژیانییەکانەوە لە ژێر گوشارێکی تاقەتپڕوکێنی سەختدان....
****
یو ئێن بەرپرسیارە گەورە و سەرەکییەکەیە نەک پەیامنێران
****
لە دوای کارەسات و هاوارە تراژیدییەکەی بێهزاد مەحمودی ناسراو بە محەمەد. کۆمەڵێک باس و لێکدانەوە لەسەر ئەو کارەساتە کراون.
 بەشێکی بەرچاو لەو باس و لێکدانەوانە بە ئاراستەى تۆمەتبارکردنی ئەو پەیامنێرنەدان، کە لەوێ بوون و رێگرییان لە هەوڵی خۆسوتاندنی بێهزاد نەکردووە، لە راستیدا لە ژێر ئەمەدا هەوڵێک هەیە بۆ شاردنەوەى کێشە سەرەکییە، کە ئەویش زەوتکردنی ماف و ژیان و چارەنووسی پەنابەرانە. پێش ئەوەى پەیامنێرەکان لەوێ بن بێهزاد و هاوڕێکەى چوونەتە لای کارمەندانی یو ئێن و داوای لانیکەمی مافەکانیان کردووە، بەڵام گاڵتەیان پێکراوە و ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە. کاتێکیش وتویانە خۆمان دەسوتێنین، کارمەندەکانی یو ئێن وتویانە، "ئەگەر خۆتان دەسوتێنن تۆزێک بڕۆن بەولاوە بۆ ئەوەى ئێمە زیانمان پێ نەگات و لۆگۆکەى یو ئێن دەرنەکەوت، ئیتر چی دەکەن بیکەن". بێگومان کارمەندەکانی یو ئێن ئەو قسەیە لە خۆوە ناکەن، بەڵکو لەلای یو ئێن و بەرپرسەکانی یو ئێنەوە فێرکراون بەو شێوەیە لەگەڵ پەنابەر قسە بکەن و کار بۆ شکاندنی شکۆ و کەرامەتی پەنابەر بکەن، بۆیە ئەو رستەیەیە کارمەندەکانی یو ئێن بەسە بۆ ئەوەى یو ئێن و هەموو کارمەندەکانی زۆر بە توندی ئیدانە بکرێن. ئەوە بەسە بۆ ئەوەى بارەگاکانی یو ئێن لە نیویۆرکەوە تاوەکو جنێڤ و لەوێیەوە تاوەکو هەولێر یەک بەیک ئاگریان تێبەربدرێت و بڕووخێنرێن. ئەوە بەسە بۆ ئەوەى مەلەف لەسەر مەلەف لەسەر یو ئێن و کارمەندەکانی هەڵبدرێتەوە.
 دەبێت باسە سەرەکییەکە لەسەر ئەوە بێت بۆ کارمەندەکانی یو ئێن رێگرییان لە هەوڵی خۆسوتاندنی ئەو گەنجە پەنابەرانە نەکردووە، پێش ئەوەى ئەو گەنجانە بە پەیامێنرەکان بڵێن، کە دەیانەوێت خۆیان بسوتێنن ئەوەیان بە یو ئێن وتوە، بەڵام یو ئێن، کە خۆی دەڵێت، بەرپرسە لە پەنابەران، بوونەتە گەورەترین هاندەر بۆ ئەوەى ئەو گەنجە خۆی بسوتێنێت. من لەوە تێدەگەم بەشێک لە پەنابەران خۆیان ناو و دۆسیەیان لە یو ئێن هەیە و دەترسن بە تۆمەتبارکردنی یو ئێن دۆسیەکانیان بکەوێتە ژێرەوە و هەرگیز رووناکی نەبینێت، یان بەشێکی تریان چاویان لەوەیە رۆژێک لە رۆژان لە گۆشەیەکی یو ئێن دا کارێک، یان پرۆژەیەک و تەندرێکیان دەست بکەوێت، بۆیە لە ترسا هەوڵ دەدەن هەموو ئەو کارەساتە بخەنە ئەستۆی پەیامنێرەکان.
 بەشێکیش لەو کەسانەى پەیامنێرەکان تۆمەتبار دەکەن، دەیانەوێت کێشە سەرەکییەکە، کە پەیوەندیی بە یو ئێن و حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەوە هەیە بشارنەوە، یو ئێن لە هەر وڵاتێک کار بکات پەیوەندیی تۆکمە و توندوتۆڵی لەگەڵ دەسەڵات و دەزگای ئەمنییەکان و رێکخراوەکانیدا هەیە، بۆیە لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران، یو ئێن و دەسەڵات بە شێوەیەک لە شێوەکان رێکدەکەون. ئەوەش بە پاساوی ئەوەى یو ئێن رێز لە یاسای وڵاتەکان دەگرێت و کارەکانی لە هەر وڵاتێکدا بەپێی یاسا رێگا پێدراوەکانی ئەو وڵاتە رێکدەخات. لێرەوە و بەپێی ئەو چوارچێوەیە بەرپرسیاری دووەم حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی هەرێمە. ئەوەى دەبینرێت بەشێک لەوانەى کار بۆ تاوانبارکردنی پەیامنێرەکان دەکەن، جەخەت لەوە دەکەنەوە کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ پەنابەراندا باش بووە و پەنابەران هیچ کێشەیان لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتدا نییە. ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی یاساکانی ئەو حکومەتە وەک لە سەرەوە باسمکردوە مافە بنەڕەتییەکانی پەنابەران دەستەبەر نەبووە و نابێت.
بەپێی لێکدانەوەى ئەو دوو بەشە لە لێکدەرەوەکان، یو ئێن و حکومەت هیچ هەڵە و تاوانێکیان نییە و ئەوەى لە نێوەندەدا تاوانبارە پەیامنێرەکانن، بۆیە دەبێت لێرەدا جەخت لەوە بکەمەوە تاوانبارانی سەرەکیی ئەو کارەساتە و بێ مافکردنی پەنابەران لە ئەستۆی یو ئێن و دەسەڵاتی هەرێم و عێراقدایە نەک پەیامنێران.
ئەوەی وەک رەخنەیەکی جدی رووبەڕووی پەیامنێرەکان دەبێتەوە، ئەوەیە کە ئەوان دەیانتوانی هاوکات لەگەڵ کاری پیشەیی خۆیان بۆ رووماڵکردنی رووداوێک، کە پەیوەندیی بە ژیان و چارەنووسی مرۆڤێکەوە هەیە هەوڵ بدەن رێگری لەو کارە بکەن. بێگومان هەموو کات مرۆڤبوون لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە. هاوکات ئەگەر میدیاکان و راگەیاندنەکان رووماڵی ئەو کارەساتە جەرگبڕەیان نەکردایە، بێگومان رای گشتی و خەڵک هەرگیز ئاگاداری خەم و ئازاری و بێبەشیی پەنابەران لە مافەکانیان نەدەبوون، کە یەکێکیان  ناچار بووە جەستەی خۆی بخاتە بەر بڵێسەى ئاگر. ئەوە کارێکی گرنگ و ئەرکێکی گەورە بوو، کە توانییان ئەو کارەساتە بگوێزنەوە و خەڵک و رای گشتی بەرامبەر بە بێ مافییەکی گەورە بەرامبەر بە ژیان و چارەنووسی پەنابەران لەم وڵاتەدا ئاگادار بکەنەوە. هەرچەند دیمەنی خۆستاندنی مرۆڤێک بە بەرچاوی کامێرا و بە بەرچاوی کۆمەڵێک مرۆڤی ترەوە رووداوێکی تەواو دڵتەزین و کارەساتبارە، بەڵام هەر چۆنێک بێت، نەشاردنەوەى ئەو رووداوە و رووماڵکردنی زۆر گرنگە. گرنگە لەوەدا میدیاکان و راگەیاندنەکانیش نەبنە بەشێک لە هەوڵی شاردنەوەی بێ مافی کەسانێک کە مافەکانیان زەوتکراوە. لەو بڕوایەدام نیم هیچیەک لە پەیامنێرەکانی ئامادەبوو لە بەردەم بارەگای یو ئێن لە هەولێر هیواخوازی خۆسوتاندنی ئەو گەنجە بوو بن، بەڵام رەنگە کەمئەزمون بووبن و بڕواشیان بەوە نەکردبێت، کە خەریکە رووەدات. رەنگە ئەو هەستەشیان تیادا دروست بوو بێت، کە هەر چۆنێک بێت هەر یو ئێن خۆی رێگری لە خۆسوتاندنی ئەو گەنجە بەش مەینتە دەکات و رەنگە لەو بڕوایەدا نەبووبن، کە یون ئین و کارمەندەکانی بەو رادەیە دژە مرۆڤ و بێ باک بوو بن.
 لەو نێوانەدا و ئەوەندەی من ئاگادارم بووم و چاودێریی رووماڵەکانم کرد، پەیامنێر رزگار کۆچەر رۆڵێکی گرنگ و مرۆیی بوو و هەوڵی تەواوی لە گەیاندنی پەیامی ئەو پەنابەرە مافخوراوە دا و هەوڵی تەواویشی دا بۆ ئەوەى ژیانی ئەو پەنابەرە رزگار بکات. ئەوە گرنگە نابێت بەهۆی هەڵە، یان کەمتەرخەمیی چەند پەیامنێرک بەرپرسیارانی سەرەکیی ئەو کارەساتە، کە یو ئین بە پلەی یەکەم و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بو پلەی دووەمە، لەبیر بکرێن.
****
یوئێن چۆن هاوکاریی پەنابەران دەدات
****
یو ئێن ئەگەر ناتوانێت بەرپرسیاریی پەنابەران هەڵبگرێت دەبێت نووسینگەکەى دابخات و بودجەکەى بۆ ژمارەیەک کارمەند و پارتنەر و ئۆتۆمبێل و بەنزین و هۆتێل و گەشت بە ناوی پەنابەرانەوە خەرج نەکات، بەڵکو لە شوێنێکدا خەرجی بکات، کە بتوانێت کارێک بۆ پەنابەران بکات، جا ئەو شوێنە هەر کوێیەک بێت گرنگ نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بە ناوی پەنابەرانەوە بودجەى یو ئێن بەفیڕۆ نەدرێت، کە هیچ کارێکیش بۆ پەنابەران نەکەن.
یو ئێن و بەرپرسەکانی و تیمە سەردانکەرەکانیان بۆ لای پەنابەران و ماڵی پەنابەران بەپێی کۆمەڵێک پێوەر، کە بە روونی بۆ پەنابەرانی باس ناکەن، بڕیار لەسەر هاوکاریکردنێکی زۆر سنووردار بۆ هەندێک لە پەنابەران دەدەن، بۆ نمونە هەندێک ساڵ بەستەیەک بە پەنابەران دەدەن کە ئاڵای زیاتر لە ١٠ وڵاتی کۆمەک بەخشی گەورەی جیهانی بەسەرەوەیە، بەڵام کاتێک بەستەکە هەڵدەپچڕیت و سەیری دەکەیت بۆت دەردەکەوێت کە بەهاکەى لە بازاڕدا نزیکەى ٢٠ دۆلارێک دەبێت! کە زۆر لێی وردە دەبیتەوە جۆرێک سابونیان بۆ پەنابەران خستووەتە ناو بەستەکان کە نزمترین کوالیتییان هەیە و بەکەڵکی خۆشۆردن نایەت، هەر کە زۆرتر ورد دەبیتەوە ئەوە دەبینێت، کە تاریخی سەر کلێنکسە تەڕەکەش بەسەر چووە و کاتێکیش ئاگاداریان دەکەیتەوە، دەڵێن کلێنکسەکە بەکار مەهێنن!! (یانی مەبەستیان ئەوەیە، ئەگەر نان نییە بیخۆن بڕۆن بیسکویت بخۆن) پەنابەر بە چی دەزانن و چۆن سەیر دەکەن ئەوە بێگومان هەر خوا و کاربەدەستان و هاوبەشەکانی یو ئێن بۆ خۆیان دەیزانن.
لەمساڵانەی دوایدا هاوکارییەکی هەیە پێی دەوترێت هاوکاریی ساڵانە و تەنها لە ساڵێکدا یەکجار بە بەشێک لە پەنابەران دەدرێت و بە بەشێکی تریان نادرێت. ئەو هاوکارییە بڕەکەى ٤٨٠ هەزار دیناری عێراقییە. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا جۆرێک لە هاوکاریی تریان هەیە، کە مانگانەیە و ئەوەش لەم چەند ساڵەی دوایدا دەدرێت بە هەندێک لە پەنابەران و بە هەندێکی تریان نادرێت، وەک دەوترێت ئەو هاوکارییە بڕەکەى ٢٥٠ دۆلاری ئەمریکیە، بەڵام یو ئێن خۆی زەحمەتێکی زۆری کێشاوە کردویەتی بە دیناری عێراق و ٢٩٥ هەزار دینار بەو پەنابەرانە دەدات، کە ئەو هاوکارییە دەیانگرێتەوە. وەک لە ناو پەنابەراندا دەوترێت، دوای چەند مانگ ئەو هاوکارییەى بەشێک لە خێزانەکان لە ناکاو بڕاوە، ناوی هەندێک لە خێزانەکانی دەورووبەری سلێمانی نێردراوە بۆ نووسینگەیەک لە دهۆک یان کەلار! یانی دەبێت پەنابەرێک بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکی کەم بڕی چەند سەد کیلۆمەتر ببڕێت. ئەمەیان لە دوای ناڕەزایەتیی ئەو بنەماڵانە چارەسەر کراوە و دەشوترێت، ئێستا ئەو بڕە پارەیە بە دیناری عێراقی کەمیکردووە و هۆکارەکەشی نازانرێت.
 هەندێک ساڵ نەک هەموو ساڵێک، بەرمیلێک نەوت یان نیو بەرمیل نەوتیان بەپەنابەران دەدا، بەڵام ئەوە چەند ساڵە ئەوەش بە پەنابەران نادەن. بەداخەوە ساڵێکیان لەبەر ئەوەى پەنابەران بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لە ژێر باران و لە ناو قوڕچڵاپاوی گەڕەکێکی کەناری سلێماندا چاوەڕێی هاتنی پێنج (٥) دەبە نەوتی یو ئێنیان دەکرد و بەهۆی سەرما و باران و قوڕی زۆرەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی، کە بۆ چەند کاتژمێر رایانگرتوون، لەسەر داوای کارمەندە هاوبەشەکانی یو ئێن، کارمەندەکانی ئاسایش لە دوو پەناریان دا قوڵبەستیان کردن و خستنیانە ناو ئۆتۆمبێل و بردیانن! لە ماوەی ١٧ ساڵی رابردوودا و ئەوەى من بزانم تەنها دووجار کۆمەڵێک هاوکاری بە حساب پێداویستیی ناو ماڵیان تیدایە بە پەناران دراوە، بەڵام کاتێک رۆیشتین خێمەیان بۆ دانابوین، وەک ئەوەى لە دەشت و شاخ دا بژین، چرای  فانۆسیان بۆ دانابوین، دەبەی ئاوی سەفەری مورەبەعی چوار لیتری، کە خەڵک لە دەشت و دەردا بۆ ئاوی رادیتەری ئۆتۆمبێل بەکاری دەهێنێت، بەتانیی عەسکەری و هەندێک شتی نایلۆن...هتد. جارەکەی تریش چوار سەرینا و بەتانیی تەنکی فول پۆلیستەریان پێداین!
گومان لەوەدا نییە زۆربەى هەرە زۆری پەنابەران لە هەموو مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەشن. زۆربەى هەرە زۆریان کرێچین. یەکێک لەو پێوەرانە بۆ هاوکاریکردنی سنوورداری بەشێک لە پەنابەران ئەوەیە، کە پەنابەرەکە خۆی نەخۆشیی قورس و درێژخایەنی هەبێت، یان کەسێکی خێزانەکەى نەخۆشیی قورس و درێژخایەنی هەببێت. بەو پێوەرە بێت تاوەکو پەنابەرێک نەخۆشیی قورسی درێژخایەنی نەبێت و زەلیل نەبێت یو ئێن هاوکاریی ناکات. یانی بە ساخی و زیندویی ئاوڕ لە مرۆڤ نادەنەوە تا تووشی کارەسات نەبێت! یانی بۆ ئەوەى هاوکارییەکی مرۆیی پێشکەش بە پەنابەران بکرێت دەبێت پەنابەران تووشی شێرپەنجە و شەکەرە و چەوری و تالاسیما و نەخۆشییەکانی دڵ و چاو و گورچیلە و خوێن... هتد ببن!. هەر چەند هاوکاریی بنەماڵە پەنابەرە نەخۆشەکان زۆر سنوردارە و هاوکاریەکی زۆر کەمە و بەراورد بە چارەسەرەکەیان، بەڵام دەبوایە هاوکاریی نەخۆشی جیا بکرایەتەوە لە هاوکاریی گشتیی پەنابەران و دەبوایە هاوکاریی نەخۆشی بە زیادەوە و لەگەڵ هاوکارییە گشتییە سنووردارەکەیاندا بە پەنابەرانیان بدایە نەک بیکەنە پێوەرێک بۆ هاوکاری گشتی.
 کاتێک لەسەر ئەو بێمافییانە بەرپرسان و کارمەندان و هاوبەشەکانی یو ئێن قسەت بۆ دەکەن، لە سەرەتا تا کۆتایی خەریکی پاساو هێنانەوە و باسکردنی ئەوەن، کە چۆن دەبێت تۆ بەو دۆخە بێ مافییە رازی بیت. هەرگیزیش باسی ئەوەت بۆ ناکەن، کە پەنابەر ئەمە مافەکانێتی و لە جنێڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان مافەکانی تۆ ئاوا پێناسە کراوە و لە هەر کوێ ئەو مافانەت نەبوو سکاڵا تۆمار بکە با خێرا پارێزەرەکانمان بە دەمتەوە بێن. لەو دۆخە بێ مافییەدا و کاتێک باسی مافەکانت ناکەن و مافەکانت دەستەبەر نییە دێن پێت دەڵێن، سندوقی سکاڵامان هەیە و پارێزەرمان هەیە کێشەکانتان لەگەڵ ئەوان باس بکەن. گەرچی بەشێک لە پەنابەران سکاڵایان خستووەتە سندوقی سکاڵاکان و بەشێکیشیان داوایان کردووە پارێزەرەکان هاوکارییان بکەن، بەڵام ئەوەندەی من لە ناو کۆمەڵگەى پەنابەراندا دەژیم و بیستومە، هیچ یەک لە سکاڵاکان جوابیان نەدراوەتەوە و پارێزەرەکانیش جاروبار بە هێنان و بردن و کاتێکی زۆرەوە کارەکانیان دەکەن و جاروباریش هەر ئەمڕۆ سبەی دەکەن و پەنابەر پەشیمان دەبێتەوە لەوەی داوای هاوکاریی لێکردوون و خۆی بێدەنگ دەکات، چونکە پەنابەر ناتوانێت هەموو رۆژێک خۆی بێکار بکات و دوای شتێک بکەوێت کە ئەنجامەکەى روون نەبێت، یان هەر ئەمڕۆ نا سبەی پێ بکرێت.
****
یو ئێن و کارمەندەکانی و پارتنەرەکانی ئاسوودە بن!
****
دەمەوێت ئەوە بە کارمەندان و هاوکارەکان و وەرگێڕەکانی یو ئێن بڵێم، ئێوە بە ناوی ئەوەی لە یو ئێن  کار بۆ هاوکاریی مرۆیی ئەو کەسانە دەکەن، کە بەهۆی شەڕ و قەیرانەکانەوە بوونەتە پەنابەر و ئێوە هەلی کار و کردنەوەى نووسینگەتان بۆ رەخساوە، ئەگەر لە شوێنێکدا شەڕ و نادادی و سەرکوتکاری و دیکتاتۆری نەبێت ئێوە ئەو کارەتان نامێنێت، بۆیە هەموو رەفاهیتتان لە سایەی سەری پەنابەران و ئاوارە قوربانیەکانەوەیە. ئێوە لە سایەی ئەو مرۆڤە مافخوراوانەدا مانگانە مووچەیەکی باش، کە چەندین هێندەی کاری زۆربەی پەنابەران و ئاوارەکانە وەردەگرن. ئۆتۆمبێل و بەنزین و ئۆتێل و گەشت بۆ وڵاتانتان بۆ دەستبەبەر دەکرێت، بۆیە دەبێت هەر هیچ نەبێت بەپێی یاساکانی یو ئین کار بکەن و مامەڵەیەکی ئاسایی لەگەڵ مرۆڤە پەنابەرە قوربانییەکاندا بکەن.
بەڵام دیارە لە مێژە کار بۆ سوکایەتیکردن بە مرۆڤ دەکرێت. یو ئێن خۆی قسەى زۆری لەسەرە و چەندین راپۆرت لەسەر تاوانکارییەکانی کارمەندانی یو ئێن و کڕین  و فرۆشتن و سێکس لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەوەى بۆ عێراق گرنگە لە سەردەمی سەدامەوە یو ئێن لە پرۆژەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک یو ئێن بووە ئادرسی گەندەڵی و دزی و بەرتیلخۆی، چونکە لە کوڕەکەى کوفی عەنانەوە تاوەکو زۆربەى بەرپرسان و کارمەندەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەرتیلخۆرییەکی زۆر گەورەیان بە ناوی هاوکاریکردنی گەلی عێراق و کوردەوە کردووە و پارەیەکی زۆریان دزیوە و لە زیاتر لە ٤٠٠ کۆمپانیا بەرتیلیان وەرگرتووە. لەو کاتەوە هەموو کارەکانی یو ئێن لە عێراق لە ژێر پرسیاردایە و گومان لە هەموو پرۆژە و تەندەرەکانی دەکرێت. گەندەڵی و پارەخۆری و پیسخۆری زۆربەى شوێنەکان و بەتایبەتی دەزگا گەورە نێودەوڵەتییەکانی گرتووەتەوە، بۆیە ئێوەی کارمەندانی یو ئێن گەیشتوونەتە ئاستێک بە پەنابەرێکی بێدەرەتان دەڵێن، بڕۆ لەولاتر خۆت بسوتێنە با ئێمە زیانمان پێ نەگات. ئەم رستەیە بەسە بۆ پێناسەکردنی داڕوخانی هەموو بەهایەکی مرۆیی و بێباکیی ئێوە بەرامبەر بە ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان.
بۆیە لەو دۆخەدا و بەپێی ئەو رێچکەیە دانراوە و سەدانی وەک ئێوەی لەسەر گۆچکراوە و بە چاوی سوک سەیرکردنی پەنابەر بۆ ئێوە بووەتە نان و ئاو، جا بڕۆن گەشت بکەن، ئێواران لە ئوتێلە خۆشەکان و باخەکاندا کاتی ئەرخەوانی بەسەر ببەن، بڕۆن موچەکانتان وەربگرن، مۆدێلی سەیارەکانتان بگۆڕن، بە رووی قایمیەوە باسی مافەکانی مرۆڤ و یاسا و پاساو هێنانەوە بۆ پەنابەران بکەن. هیچ شەرم نەکەن هەوڵی بچووکردنەوەى رووداوەکە بدەن و وەک شارەزایی خۆتان سەدان پاساوی بۆ بهێننەوە و کارێک بکەن، کە هەر ئەو پەنابەرە خۆی بکەنە تاوانبار. کارێک بکەن، کە تاوانەکە بخەنە ئەستۆی پەیامنێرەکان. ئیوە پشتتان هەیە و دەتوانن زۆر کار بکەن و لە پاساو هێنانەوە و شاردنەوەى کێشەکان و بەلاڕێدابردنی زۆر شارەزا و کارامەن، بۆیە بڕۆن بە ئاسوودەی گەشتەکانتان بکەن.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×