باوەش

رەزا مەنوچەری
  2019-07-05     972
باوەشەکان ژمارەیان زۆرن و هەر لەو رۆژەوە مرۆڤ دروستبووە باوەش بە یەکدا کردنیش دروستبووە، چونکە مرۆڤ لە باوەشی یەکتردا دروستبوون و گەورە دەبن. باوەشگرتن بۆ خۆشی و رێز و حەوانەوە و یەکتر قبوڵکردن بووە و هەر بەو شێوەیەش سەیر دەکرێت، بەڵام دوای‌ ماوەیەک کۆمەڵێک مرۆڤ فێری ئەوە بوون لە کاتی‌ باوەشکردن بە یەکتردا دەگە لە یەکتر بدەن. بە تایبەت لەو کاتانەدا کە کەسانێک بۆ خۆپاراستن پەنایان بۆ باوەشی کەسانێکی‌ تر دەبرد.

کورد لە باوەشکردن بە یەکتردا هەر وەک نەتەوە و مرۆڤەکانی‌ تر باوەشی کراوە بووە. دوای‌ ئەوەی‌ نیشتمانی‌ کورد پارچە پارچە کرا باوەشەکان لە باوەشی کەسەکانەوە گۆڕدران بۆ باوەشی بەشێک لە نیشتمان. باوەشی بەشێک لە نیشتمان بۆ بەشەکەی‌ تر تام و هەست و سۆزی زۆر جیاوازترە لە باوەشی مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی‌ تر. بە تایبەت ئەو کاتەی‌ باوەشی نیشتمان بۆ هەموو رۆڵە، چین، توێژ، پێکهاتە، ئایین، ئایینزاکان، زاراوەکان، ژنان، گەنجان و بە تەمەنەکان بە بێ جیاوازیی‌ سیاسی و زاراوەیی‌ و ئایینی‌ و حیزبی باوەشێکی‌ کراوە بوو.

کاتی‌ خۆی باوەشی‌ نیشتمان ئەوەندە گەورە بوو، کەس دەستی‌ بە خاوەن باوەش و باوەش پیاکراویشدا نەدەگەیشت، داگیرکەرانی‌ کوردستانیش هەر لە دوورەوە زەقەی‌ چاویان دەهات، ئاخر کاتێک بەشێکی‌ نیشتمان باوەشی بۆ بەشێکی‌ تر بکردایەتەوە هەموو دەشت و بەندەنەکان، باخ و رەزەکان، چیا و دەشتەکان، کانیاو و رووبارەکان، خانەخوێ و دیوەخانەکان، مزگەوت و تەکییەکان، پەرستگە و مەرقەدەکان، ژنان و گەنجان، بە تەمەنەکان و ریش سپییەکان دەبوونە قەڵغان، دەبوونە شورە و کەس نەیدەتوانی‌ زەرفەریان پێ ببات.

ئەو باوەشانە ماوەیەکی‌ زۆر  دوور و درێژ کراوەبوون و بوون بە کولتوری‌ بەربڵاوی‌ کۆمەڵگە و بوون بە نەریتێک، کە کەس رێگای بە خۆی نەدەدا باوەشەکانی‌ دابخات، یان دەگە لەو کەسەی تر بدات، کە لە باوەشی گرتووە. 

رۆژگارەکان هەر وەک خۆیانن و نەگۆڕاوان، خۆر هەر وەک جاران بەسەر ئەم نیشتمانەدا هەڵدێت و ئاوا دەبێت، شاخ و دەشتەکانیش هەر لە جێی‌ خۆیانن، بەڵام لەو کاتەوە خێڵۆکە و حیزبۆکە دروستبوون و دەستی‌ داگیرکەران بە هەموو قوژبنێکی‌ ئەم نیشتمانە گەیشت و کوتلە، بنەماڵە و کۆمپانیا و نەوت خۆیان کرد بە ناو باوەشەکاندا ئیتر باوەشەکان پیسکران، بوونە لانکەی‌ دەگە لێدان و خەنجەر وەشاندن. ئیدی باوەشەکان وەک جاران بە سۆز نین، هەموو باوەشێک ئازار و ژانێکی‌ گەورەی‌ لێدەکەوێتەوە، ئازارەکانی ئەم باوەشانە ئەوەندە گەورە قوڵن بەشێکی‌ نیشتمان بە تەواوی فەلەج دەکەن. 

ئەمجۆرە باوەشانە لەم رۆژگارەدا ئەوەندە زۆر بوون ئەڵێی‌ کەس باوەشەکانی‌ پێشتری بیر نەماوە. باوەشگرەکانی‌ ئەم رۆژگارە بە جۆرێک ئەم نیشتمانە نیشان دەدەن، کە گوایە هەرگیز نیشتمانێک بوونی نەبووە و باوەشیشی کراوە نەبووە و هەرگیز کەسی پەنا نەداوە و هەرگیزیش نەبووەتە شوورە و قەڵغان!

کارە لەوە ترازاوە ئیتر باوەش لانکەی بە سۆزی ئەو کەسانە بێت، کە لە دەستی‌ داگیرکەران، زاڵمەکان، چەوسێنەرەکان هەڵهاتوون، بەڵکو باوەشەکان بوونەتە کانگای گوشینێک، کە فرمێسک و خوێنی‌ ئازار و برین تێکەڵ بە یەک دەکەن.

قەپاڵی ئەم باوەشانە ئەوەندە گەورەیە، کە سێ بەشی نیشتمان و تەنانەت جاروباریش کوردانی‌ تاراوگە هەڵدەلوشێت. ئەم باوەشە ئەوەندە نەوسنە بە باوەشێک، بە تاساندنێک، بە گوشینێک، بە بۆردومانێک، بە تیرۆرکردنێک، بە رفاندنێک، بە رادەستکردنێک، بە مامەڵەیەک و سەودایەک، بە پەلامارێک، بە ئەتک کردنێک، بە سوکایەتییەک، بە درۆیەک، بە چەواشەکارییەک، بە هەڵخڵتاندنێک، بە تاڵانکردنێک و بە لەخشتەبردنێک تێر نابێت.

باوەش لە دوای‌ باوەش ئازارەکان زیاتر دەبن، دابڕانەکان زیاتر دەبن، ئەڵێی‌ ئەم باوەشە بۆ ئەوە دروستکراوە هەمووان لە خۆیدا بتاسێنێت. ئەم باوەشە تەنانەت سۆزی بۆ خۆیشی‌ نییە و هەر جارە کە کەسێکی‌ دەست نەکەوێت قۆڵێکی‌ خۆی، چاوێکی‌ خۆی، پەنجەیەکی‌ خۆی و کوڵمێکی‌ خۆی دەخوات.

ئەم باوەشە پڕ لە دڕکە هەموو باخەوانەکانی‌ تۆراندووە. هەر لە خزمەتی‌ دڕک و داڵ دایە. بووەتە کێڵگەیەکی‌ بە سۆز بۆ زاڵمەکان و داگیرکەرەکان. ئیتر باوەش بووەتە خەونێک و ئەفسانەیەک کە لە بیری‌ زۆرینەمان براوەتەوە و کەس نازانێت کەی سۆزی باوەشەکان وەک جارانیان لێدێتەوە. کەس نازانێت کەی دڕکەکان هەڵدەوەرن و گوڵەکان بە بۆنەکانیانەوە باوەش بۆ هەموان دەکەنەوە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×