لە شەڕی دۆڵەکانەوە بۆ شەڕی پۆستەکان..!!

کامەران عەزیز
  2022-02-10     448

بەشی دووەم:

لە بەشی یەکەمی ئەم نوسینەدا ئەوەم سەلماند کە هەردو هێزی خێڵەکی (بارزانی و تاڵەبانی) ئیلهام‌و ئەزمونیان لە عەقڵی پاوانخوازی‌و تاڵانچیەتی سەردەمی ئاغایەتی‌و شێخایەتی سەدەی نۆزدەو دیکتاتۆرەکانی سەدەی بیستەم وەرگرتوە، تا (کێڵگەی نەوت‌و غازو سەرمایە و داهاتی گشتی) ئەم نیشتمانە لە تەموتومانی  ناشەفافی‌و بێسیستەمی‌و کێشەو ئاڵۆزی‌ کۆمەڵایەتیدا ونبکەن..!

ئەم دوو دەستەڵاتە خێڵەکیە بڕوایان بە بەهای (ئازادی، هاوڵاتی، نیشتمانی، مافی هاوبەش‌و، زانست‌و هونەری سیاسی) نی‌یە بۆ چۆنیەتی حوکمڕانی‌و بەڕێوەبردن، وە هەرگیز نایەنەوێت سیستەمێکی سیاسی خاوەن دەزگای ئاماری‌و مەدەنی‌و دادگای سەربەخۆو مەدەنی لە کۆمەڵگای کوردیدا دروست بکەن، چونکە بەڕێوەبردنێکی ڕێکخراوو سیستماتیک بە مانای شەفافیەت و ئاشکرابونی داهات‌و سەرچاوەی ئابوری، وە ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردنەش پێچەوانەی نەریتی دەستەڵاتداریەتی خێڵەکی‌و پاوەنخوازیە.

کاتێک لە شاخ خەریکی (خەبات) بون بەردەوام لە شەڕێکی خوێناویدا بون، بە پشتیوانی دەوڵەتانی داگیرکەر هەمیشە لە دانانی پلان‌و کەمینی سەربازیدا بون  دژ بە هێزی یەکتر، کاتێکیش لە شاخ گەڕانەوە، دیسان شەڕی نێو دۆڵ‌و گردۆڵکەکانیان گواستەوە بۆ سەر شەقام و بارەگای حیزبی نێو شارەکانی کوردستان، تەنها لە پێناوی پاوەنخوازی زیاتردا، نەک لە پێناوی  ئازادی هاوڵاتیان‌و ڕزگاری نیشتمان‌و بەڕێوەبردن‌و گوزەرانێکی باشتر.

شەڕی ناوخۆیی (دۆڵەکان و شارەکان)، وە بەرتەسکردنەوەی ئازادی‌و مافی هاولاتیان‌و سەرهەڵدانی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی‌و ڕەخنەی ڕؤشنبیران‌و دەنگنەدان‌و بایکۆتکردنی لە ٧٠٪ی زۆرینەی هاوڵاتیان‌و خراپی گوزەران‌و کەمی موچەو پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان‌و زۆری بێکاری‌و هەژاری، ئەمانە هەموو بەڵگەی زیندون هەم بۆ بونی ناتەبایی‌و دوژمنیاتیکردنی هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەم بۆ دووری‌و دابڕانی  دەستەڵاتداران لە هاوڵاتیان.

توندوبونەوەی ململانێ‌ی ئەمڕۆی بنەماڵەی (بارزانی و تاڵەبانی) لەسەر پۆستی (سەرۆک کۆماری عێراق)و پەنابردن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە مەزهەبی‌و فاشی‌و میلیشییاکانی عێراق‌و دەوڵەتانی داگیرکار، پلان و مامەڵەی ئەم دوو هێزە خێڵەکیە  بە ڕونی دەبینن کە لە پێناوی چیدایە..؟!  بۆیە هاوڵاتیانی کوردستان گوێ لە هیچ پاساوێکی وەهمی وەڵامێکی چەواشاکارانە ناگرن، باش دەزانن کە ململانێ‌ی گەرمی نێوان (بارزنی و تاڵەبانی)ەکان تەنها لە پێناوی دەستەڵات‌و تموح‌و دابەشکاری و پاوانکردنی کیڵگەکانی (نەوت‌و غازو داهاتی گشتی‌و پۆست)ەکانی حوکمڕانیە، نەک لە پێناو  نیشتمانێکی سەربەخۆو ژیانی باشتری هاوڵاتیان.

ئەم دوو هێزە خێڵەکی‌یە لە ئەنجامی بەڕێکردنی پڕۆسەیەکی سەرکوتکاری‌و خوێناوی‌و گرتنەبەری چەند هەنگاوێک توانیان دەستەڵاتی ڕەهای خێڵەکی خۆیان بەسەر ئەم میللەتە چەند جار ژێردەستەو ستەملێکراوەدا بسەپێنن:

لە هەنگاوی یەکەمدا/ توانیان نوخبەی ڕۆشنبیرو بیرمەندو سیاسەتمەدارو ڕێکخراوی ئازادیخواز لە بزوتنەوەی سیاسی ڕزگایخوازی کۆمەڵایەتی‌و بەرگری‌و سەربەخۆی خەڵکی کوردستان دوور بخەنەوە. واتا توانیان هونەری سیاسی مۆدێرن‌و مەدەنی لە شێوازی دەستەڵاتداریەتی جیابکەنەوەو نەریتی دەستەڵاتخوازی عەشیرەتی‌و خێڵەکی‌و بنەماڵەیی سەدەکانی پێشو بە ناوی(حیزب)وە وەک ماتۆڕێکی مشەخۆر کارپێبکەن،ئامانجی خێڵ‌و بنەماڵەو حیزب بکەنە یەک ئامانج.

 لە هەنگاوی دووەمدا/ توانیان چارەنوسی سیاسی خەڵکی کوردستان بە دەستەڵاتی خێڵەکی خۆیانەوە گرێبدەن،وە دەستەڵاتی خۆیان لەگەڵ داهاتی گشتی‌و سەرمایەو بازرگانی‌و کۆمپانیا نێو دەوڵەتیەکان گرێبدەن.

لە هەنگاوی سێ‌یەمدا/ لە ئەنجامی داگیرکردن‌و پاوەنکردنی سەرچاوەی(نەت‌وگاز)و سامان‌و داهاتی گشتی نیشتمان، توانیان بە ناوی (شۆڕش‌و خەبات)وە سوپایەک لە خەڵکی بەرخۆرو دەستەمۆو شۆرباخۆر لە دەوری دەستەڵاتی خۆیان کۆبکەنەوەو بیانکەنە سوپایەکی میلیشیایی گەورەی خاوەن چەکی کوێرانە، بۆ پاراستنی کۆشکی دەستەڵاتی ئاغایەتی‌و سوڵتانی‌و پاشایەتی‌و خۆیان.

لە هەنگاوی چوارەمدا/ دەزگای گەورەی میدیاییان بە ئامێری نوێ‌ی تەکنەلۆژی دیگیتاڵی لە سەرتاسەری کوردستاندا دروستبکەن هەم بۆ پەخشکردن‌ی بەرنامە وەهمی‌یەکانی خۆیان، هەم بۆ لاوازکردن و بێدەنگکردنی میدیا ئازادو سەربەخۆکان.

واتا ئەم دەستەڵات خێڵەکیەی کوردستان هەموو سەرچاوەو سەکتەرەکانی (ئابوری و بازرگانی و سیاسی و پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان و سەربازی و میدیایی و پەروەردەی)یان پاوەنکردوە، ئەم پاوەنکاریە خاسیەتی دەستەڵاتێکی دیکتاتۆرو توتالیتاریە‌، لە ڕێگای ئەم پاوەنکردنەوە دەیانەوێت دەستەڵاتیان بۆ دەیان نەوەی خۆیان تەمدید بکەنەوە.

بۆ ئەوەی ڕێگا لە بەشداریکردنی هەموو گروپ‌و ڕێکخراو جوڵانەوەیەکی سەربەخۆ بگرن کە دەوێت گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی‌و بەڕێوەبردندا بکات..!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×