لە بەهاری عەرەبیەوە بۆ پاییزی ئێرانی..!

کامەران عەزیز
  2022-11-03     395

بەشی دووەم:

 

ئەڵتەرناتیڤی سێیەم لە ڕاپەڕینی پاییزی ئێرانیدا..

  لە بەشی یەکەمی ئەم نوسینەدا باسی (ئەڵتەرناتیڤی سێیەم)م کرد، مەبەستم لەو ئەلتەرناتیڤەیە کە بە دوور بێت لە عەقڵی سیاسی کۆن و بەسەرچوی باوی تاقیکراوە، مەبەستم ئەڵتەرناتیڤێکە لە دەرەوەی حوکمڕانیەکی ئایینی و ئایدۆلۆژی ڕەگەزپەرستی، ئەڵتەرناتیڤێک کە بیری گؤڕانکاری ڕیشەیی  و بەڕێوەبردنێکی نوێ مەهامی بێت، نەک ئەڵتەرناتیڤێک کە هەموو ئامانجی دەستەڵاتێکی پەتی بێت،واتا ئەڵتەرناتیڤێک بە دور بێت لە دیدی هەژمون و هەیمەنەیەکی هەرەمی نوخبەیەکی دەستەڵاتخواز..

کۆمەڵگاکانی ئەم دەڤەرەی ئێمە،  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر زەبری ئازاری چەوساندنەوەو بێمافی و بێکەرامەتی حوکمڕانیەکی مێژویی سەردەمە کۆن و تاریکەکان دەناڵێنن.

 بۆ ئەوەی مرۆڤەکانی ڕۆژهەڵات لەم ئازارو چەوساندنەوە کۆن و مێژووییە ڕزگاریان ببێت، ئەوا لە ڕوخاندنی هەر دەوڵەت و ڕژێمێکی ئەم دەڤەرە، پێویستە مرۆڤەکان هەوڵ بدەن‌..بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی نوێ بکەنەوە، بەدوای (ئەلتەرناتیڤی سێیەم)دا بگەڕێن..بە دوای شێوازێکی نوێ‌ی بەڕێوەبردندا بگەڕێن..تا بگەن بە ئازادی‌..بە ماف‌..بە کەرامەت..بە دادپەروەری..بە ژیان‌و گوزەرانێکی باشتر و باشتر..تا بگەن بە بەهای ئینسانی خۆیان لە نێو کۆمەڵگایەکی ئازادا.

 (ئەلتەرناتیڤی سێیەم) بە مانای بەشداری ئازادانەو راستەخۆی مرۆڤەکان لە هەڵبژاردنی شێوازی بەڕێوەبردندا نەک سەپاندنی دەستەڵات و حکومڕانیەکی بنەماڵەیی و حیزبی.. بە مانای پاراستنی ماف و ئازادی..بە مانای گەڕانەوەی هێزی سەربەخۆی هاوڵاتیان‌و کردنە دەرەوەی بیرو عەقڵی نەرجسیەتی دەستەڵاتخوازی لە دەزگاکانی بەڕێوەبردندا..بە مانای جیاکردنەوەی نوخبەی دەستەڵاتخوازی کۆن و مێژوویی خێڵەکی و بنەماڵەیی و لە پڕۆسەی بەڕێوەبردندا، بە مانای دونیابینیەکی نوێ بۆ فۆرمێکی نوێ‌ی بەڕێوەبردن، کە تێیدا بەهای مرۆڤ و ژینگەی سروشتی بەهاتر بێت لە بەهای ماددی ڕوتی  ئابوری..بە مانای ئازادکردنی داهاتی هاوبەش و گشتی وڵات لە دەستی پاوەنخوازی و داگیرکاری دەستەڵاتی ناوخۆ و دەرەکی..

هەر وەک لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی پیشەسازی، لە دوای ئیمبراتۆرەکان‌و حوکمڕانی‌و سیستەمی پاشایەتی و دەستەڵاتی فێندەمینتالیزم دینی کەنیسە‌و تێپەڕینی ڕێنیسانس‌و گەشەی هەموو جۆرەکانی زانست و تەکنەلۆژیاو سەر‌هەڵدانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی‌ ئازادیخوازی‌و بزوتنەوەی دژی دیکاتاتۆری و نادادپەروەری و  توندوتیژی و فەسادی، لە ڕێگای ئەم پڕۆسەوە حوکمڕانی لە ئەوروپا بازی گەورەیدا بەرەو سییستەمێکی نوێ، بەرەو شێوازێکی دیی بەڕێوەبردنی مەدەنی و دیموکراسی، سکولاری، لیبرالیزم و ئازادی تاک و کۆمەڵایەتی، ڕێزی جەندەری و مرۆڤدۆستی و ژیان و ژینگە دۆستی، لە  ئەنجامی بەڕێکردنی ئەم پڕۆسە گەورەیە (ئەڵتەرناتیڤی سێیەم) لە دایک بو، بە کورتی پڕۆسەی گەشەکردنی بیری سیاسی تا ئاستێک توانی عەقڵی  داخراوی دەستەڵاتداریەتی پەتی بگۆڕێت بۆ ڕێکخستنی گشتی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی مەدەنیدا...

 (ئەلتەرناتیڤی سێیە)م لە ڕۆژئاوادا بەرهەمی بیری ڕەخنەیی ئازادنەی بیرمەندو ڕؤشنبیرەکانی ئەوروپایە، بەرهەمی چاکسازیەکی بەردەوامی دەستورو حوکمرانی‌یە لەڕێگای هەڵبژاردن و پەرلەمان، پێکهاتنی دادگایەکی سەربەخۆ و جیاکردنەوەی سوپایە لە ژێر دەستەڵاتی حیزبی سیاسی، بەشداری ڕای گشتی ئازادانەی هاوڵاتیانە لە ڕێکخستن و نوێبونەوەی فۆرمی هەر پێنج دەزگا سەرەکیەکەی بەڕێوەبردنی وەک دەزگاکانی( ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی‌و پەروەردەیی و تەندروستی).

بەڵام تائێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەڵک بە گشتی و نوخبەی دەستەڵاتخوازی، لە دوای ڕوخاندنی هەر حوکمرانیەکی دیکتاتۆرو فەسادا، هەر ئەڵتەرناتیڤە کۆن و مێژویە بەسەڕچوەکان دوبارە دەکەنەوە بە ئەڵتەرناتیڤی دەستەڵاتداری و حوکمڕانی، تا ئێستا لەم دەڤەرەدا  خەڵکی هەر لە بازنەی دەستەڵاتی دینی و قەومی و خێلەکی و بنەماڵەیی کۆن مێژوویدا دەخولێنەوە، تا ئێستا لەم دەڤەرەدا دەوڵەت و سەرۆکی خێڵ و  بنەماڵەیی و نوخبەی سیاسی و حیزبی، دەستەڵاتی باڵاو تاقانەی حوکمڕانین..!

 لە دوای ڕوخاندنی هەر ڕژێمێکی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵەی چەقبەستوی دەستەڵاتداریەتی، حیزبێکی کۆنی مێژویی نیوسەدەیی بە ناو (شۆڕشگێڕ)، کە  هەمان عەقڵ و ئەجندای کۆن و هەمان جەوهەری دەستەڵاتخوازی هەیە‌، ئەویش لە ڕێگای ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵکەوە، (دوبارە) هەمان دەستەڵات بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن..!

ئەگەر ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی پاییزی ئێران بەردەوام بێت و سەرتاسەری شارو دێکان و تەواوی کۆمەڵگای ئێران بگرێتەوەو، لە ئەنجامدا خەڵکی ئێران بتوانن کۆماری ئیسلامی بڕوخێنن، ئەگەر  لە جێگای ئەم حوکمڕانیە، دیسان بنەماڵەی بەسەرچوی پاشایەتی ئێران بگەڕێنەوە و ببنەوە بە ئەڵتەرناتیڤی  حوکمڕانی..یان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمان حیزبی قەومی کوردی لێکچوی هەمان دەستەڵاتخوازو گەندەڵەکانی باشوری کوردستان..یان حیزبێکی ئیسلامی/سونە، لە جێگای  دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەستەڵات بگرنە دەست..!، ئەوا لە ڕوی زانستی سیاسیەوە، ناتوانین بڵێین گؤرانکاری ڕیشەیی لە شێوازی دەستەڵاتداریەتی و حوکمرانی لە ئێراندا دروستبوە، ناتوانین بڵێین خەڵکی ئێران  و هاوڵاتیان  بە ئەلتەرناتیڤێکی باشترو نوێ گەیشتون..! چونکە زۆرینەی حیزبەکانی سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە جەوهەردا خاوەنی هەمان عەقڵی سیاسی و  پاوەنخوازی ودەستەڵاتخوازی و گەندەڵ و نادادپەروەری کۆن و بەسەرچون، ئەم جۆرە حیزبانە ئەوەندەی چاویان لە دەستەڵاتی تایبەتی و پەتی خێڵ‌و بنەماڵەی خۆیانە..ئەوەندە چاویان لە ژیانێکی هاوبەش و گشتی هاولاتیان نییە..وە بەهای مرۆڤ و ئازادی و مافی مرۆڤەکان بە تاک و کۆوە لە بیر و عەقڵی سیاسی و دەستەڵاتداریەتی ئەم حیزبانەدا بونی نی‌یە، ئامانجی ستراتیژی ئەم حیزبە دەستەڵاتخوازانە، بەدەستهێنانی بەشە دەستەڵاتی خۆیانە، لە هەمان فۆرم و شێوازی دەستەڵاتداریەتی و حوکمڕانی کۆن و مێژویدا..!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×