گەنجان تێکدەرن..!

کامەران عەزیز
  2021-01-14     498
گەنجان وەک مرۆڤە وەهمگەرو پاسیڤەکان نایانەوێت  لە ژیانێکی  بازنەیی دوبارەدا بژین، کەمترین ساتی خەویان هەیەو بڕوایان بە خەڵوەت‌ نی‌یە لە شوێنێکی وەستاو نەگۆڕدا، گەنجان ژیانێکی نەوەستاو پڕ لە گؤرانکاری‌و نوێکاریان پێخۆشە، ئارەزو دەکەن ژیانیان بەردەوام لەسەر هێڵێکی ڕاست بەرەو پێشەوەو تازەبونەوە بڕوات.
لە ڕؤژهەلاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە باشوری کوردستان بە تایبەتی،  سیاسی‌یە دەستەڵاتدارەکان‌و بەشێک لە ڕۆشنبیران‌و گروپە ئیسلامیەکان‌و زۆرینەی کۆمەڵگا، هەم گەنجانیان پەراوێز خستوە، هەم خاسیەت‌و کەسایەتی گەنجان ناناسن و لە گەنجان تێناگەن، کە گەنجان بە دوای خودو بونی سەردەمیانەی خۆیاندا دەگەڕێن، ئەوان لە ڕۆح‌و دەرونی گەنجان تێناگەن کە دەیانەوێت جیاوازبن‌و جیاوازی خۆیان لە ڕێگای بیرو ستایلی نوێی ژیایانەوە بسەلمێنن‌، خۆیان لە نەوەی کۆن جیابکەنەوە،وە گەنجان هەرگیز نایانەوێت بە دوای نەوەی کۆندا بچن و ببنە کۆپی ئەوان، کۆپیکردنی نەوەی نوێ بە هەموو بیرو کولتوری نەوەی کۆن  لە هەر کۆمەڵگایەکدا، حاڵەتێکی نا ئاساییە.
لەو کاتەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بونی هەیە، لەگەڵ بونی هەموو ململانێکانی تردا ململانێ‌ی نێوان نەوەی کۆن‌و نەوەی نوێ بونی هەبوە، ئەم ململانێ‌یە فاکتەری گەورەی نوێکاری‌و نوێبونەوە بوە، ئەگەر ئەم ململانێ‌یە بونی نەبوایە ئەوا پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆش بونی نەدەبو.
پیرە سیاسی‌یەکان لە شەڕە تایبەتیەکانیاندا دەیانەوێت بەزەبری دەستەڵاتیان هەم گەنجان وەک سوپایەکی بەهێزو فیزیکی زیندوو بۆ پاراستنی دەستەڵاتیان بەکاربهێنن، هەم گوڕو هێزی گەنجان بگوێزنەوە بۆ نێو جەستەی خۆیان‌و بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی گەنجییەتی، وە بە جەبرو بڕیاری دەستەڵاتیان خاسیەتی گەنجیەتی لە گەنجان  وەربگرنەوەو خاسیەتی پیری و پاسیڤیستی  بە جەستەی گەنجان ببەخشن، واتا گەنجان لەلایەن پیرە سیاسیەکانەوە ئامرازن وەک هەموو ئەو ئامرازەی دی کە هێزیان پێدەبەخشێت، نەک ئامانج.
 ئەوە نەزانی‌یە ئەگەر ململانێ‌ی گەنجانی کوردستان لەگەڵ پیرە سیاسی‌یەکاندا  بۆ گەیشتن بێت بە هەمان پێگەو جێگای پیرە سیاسیەکان‌و  بەڕێوەبردنی بابەتیانەی نەوەی کۆن، چونکە ئەمە پێچەوانەی سروشتی گەنجان‌و نەوەی نوێیە، نەوەی نوێ بە مانای:
 (جیاکردنەوەی نەوەی نوێ لە نەوەی کۆن، بە مانای هەڵوەشاندنەوەی کۆن و چاککردنەوەی بە مۆدێلی نوێ، تێکدانی کۆن‌و دروستکردنەوە بە ڕێگای نوێ، ڕوخانی کۆن‌‌و بنیاتنانەوە بە کەرەسەی نوێ، سڕینەوەی  سەرلەبەری بڕیارو بەرنامەو یاسای کۆن‌و  بەسەرچو وە  نۆژەنکردنەوەی بە سیستەمی نوێ).
پیرە سیاسی‌یەکان لەوە تێناگەن گەنجانی ئەم سەردەمە جودان لە نەوەی سەدەکانی پێشو، نەوەی کۆن دەیتوانی لە نێو ئەڵقەیەکی بازنەیی داخراودا، تەنها  سیستەمێک، کۆمەڵگایەک، وڵاتێک‌و شارێک‌ یان ڕێسای کولتورو ئایینێک ببینێ‌و ببیستێ‌، بەڵام ئەمڕۆ بیستن‌و بینینی  گەنجان زۆر کراوەترە، بە کلیکێک دەتوانن هەموو سنورەکان ببڕن، دەتوانن لە یەک ساتدا ژیانە سەرەتاییەکانی نێو دارستانەکانی ئەمازۆن‌و کۆنگۆو تەواوی پێشکەوتن‌و جوانی‌و شتە سەیرو عەجیبەکانی ئەم  دونیایە ببینن‌و ئاستی ژیانی نێو کۆمەڵگاکەیان بە کۆمەڵگاکانی دی بەراورد بکەن..!
گؤرانکاریە مێژوویەکان، دەیسەلمێنن کە هیچ سیستەم و ڕژێم‌و حوکمڕانی‌و دەستەڵاتێکی گەندەڵ‌و ستەمکارو دیکتاتۆرو نادادپەروەر، بەبێ  تێکدان‌و هەڵوەشاندن‌ نەگۆڕاوە..! چونکە ئەم جۆرە دەستەڵاتدارانە نایانەوێت کۆمەڵگا بەڕێوەبەرن، ژیانی هاوڵاتیان ئاسودە بکەن، بەڵکو دەیانەوێت ببنە مشەخۆرێکی هار تا بە خێرایی سەروەت‌و سامانی وڵات هەڵلوشن، ئەمە هۆکاری سەرەکی ڕوخانی ئەم جۆرە ڕژێمانەیە..!
گەنجان دڵیان لە زۆربەی شتەکانی ژێر سایەی دەستەڵاتدارانی هەرێم هەڵکەندراوەو شتێک نەماوە لەم نیشتمانەدا ئاسودەیان بکات و دەرونیان ئارام بکاتەوە، گەنجانی ئەم سەردەمەی کوردستان بڕوایان بە هیج دەستێکی باڵاو  بەرزەمنی‌‌و بەزەیی نەماوە، کە بە ناوی دەستی سەمیمیەوە بخرێتە سەرشانیان، بۆیە بێ ئۆقرەن‌و لە هیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرن، دەیانەوێت ئەم قەفەزی بێهیواییە تێکبدەن‌و بشکێنن‌و بە ئازادی لە سەروی باڵای سەرکردەکان‌و کۆشکە بەرزەکانیانەوە، بێبونی هیچ سنورێک بدەن لە شەقەی باڵ‌و بفڕن..!
گەنجانی ئەم سەردەمە دەیانەوێت وەک ئەلکترۆنی هێڵە ئەلکترۆنیەکا‌‌نی  ئینیستیگرام‌و سناپچات‌و فەیسبوک بە خێرایی وێنەکان‌‌ ببینین‌و دەنگەکان ببیستن،گەنجان نایانەوێت وەک نەوەی کۆن لە نێو بیرەوەری‌و حەکایەتە بەسەرچوەکانی بە ناو (شۆڕش و پیرۆزیەکانە)وە خەو بیانباتەوە.
گەنجانی کوردستان بەم  حەقیقەتە گەیشتون و دەزانن کە بەبێ  سڕینەوەو  ڕوخاندنی دەستەڵاتدارە ستەمکارەکان، زوڵم و ستەمی سەر مرۆڤەکان کۆتایی نایە، ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بەبێ زەبرو توندویژی ناگۆڕێت بە ڕژێمێکی دیموکراتی..هیچ سیستەمێکی کۆن بەبێ سڕینەوەو هەڵوەشاندن ناکرێت بە سیستەمێکی نوێ.. وە حوکمڕانی و دەستەڵاتدارانی نادادپەروەر بەبێ تێکدان ناگۆڕێت بە دەستەڵاتێکی دادپەروەر، هیچ دەستەڵاتداریەتیەکی پاوەنخوازو تاڵانچی‌و گەندەڵ، بەبێ ڕاپەڕین‌و هێزی خەڵکی ناگۆڕێت بە بەڕێوبەردنێکی مەدەنی خاوەن یاساو ڕێسای یەکسان..!
کەواتە نەک نابێت ڕێگا لە هێزی تێکدەرانەی گەنجان بگرین بەڵکو دەبێت ئومێد بە هێزو هزری ئەفسانەیی و نوێکاری گەنجانی کوردستان ببەخشین، چونکە ئەگەر گەنجانی هەر کۆمەلگایەک بێئومێدبن‌و نەتوانن مومارەسەی خاسیەتی گەنجانەی خۆیان بکەن، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە بە وەستاوی و نەگۆڕی دەمێنێتەوە، وە تەنها شتێک کە هیواو بۆ گەنجان دەگەڕێنێتەوەو ژیانیان لا شیرین دەکات تێکدانی پایە کۆنەکانی دەستەڵاتی پیرە سیاسیەکانە، وە بە پێچەوانەوەشەوە ئەگەر گەنجانی هەر کۆمەڵگایەکیش ئازادبن ئەوا ئەو کۆمەڵگایە هەمیشە پڕە لە هیواو گۆڕان‌و پێشکەوتن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×