مرۆڤو بەهاکان..!
کامەران عەزیز
2020-05-29   3309
بەشی یەکەم:
مێژووی مرۆڤایەتی، لەسەردەمی دروستبونی کۆمەڵگاو کولتورو باوەڕە جیاوازەکانەوە..لەو ساتەوەی دەستەڵاتو دەستەڵاتداریەتی دروستبوە مرۆڤ بوەتە هەڵگری چەندین پەیامی جیاواز، ئەم پەیامانەش ئاڵای جۆرەها (بەها)یان بەرزکردۆتەوە. وە هەموو جۆری بەهاکان لەلایەن مرۆڤەکانەوە داهێنراون، مرۆڤ پێناسەی کردون و هەر لە نێو مرۆڤەکاندا بونیان هەیەو بەپێی عەقڵی مرۆڤەکان باشو خراپ وپیرۆزیو حەرام و بێبهایی هەر یەکەیان لە یەکدی جیا کراوەتەوە. ئەم بەهایانە پۆلێن دەکرێن بە دوو گروپی سەرەکیەوە (بەهای وەهمی و بەهای مادی).
یەکەم/بەهای وەهمی..!
بەها وەهمیەکان دەکرێن بە سێ گروپەوە:
گروپی یەکەم/ گرێدراوی باوەڕە ئەفسانەییو ئایینیەکانن.
گروپی دووەم/ گرێدراوی باوەڕە میللیو ئایدۆلۆژیو خەیاڵە دونیاییەکانی مرۆڤن.
گروپی سێیەم/ بەها ڕەمزیو سمبولیەکانی دەستەڵات، ئەم گروپەیان پەیوەستە بە پاراستنی بەهای کەسایەتیو پێگەی پێغەمبەرو سولتانو پاشاو ڕابەرەکان.
فاکتەری مانەوەی بەشێک لە بەها وەهمیەکان ئەوەیە، دەستەڵاتداران بەشێک لەم بەهایانەیان بە زەبری (هێز و پیرۆزی) بەسەر کۆمەڵگاکاندا سەپاندوە، واتا ( زەبرو پیرۆزی) فاکتەری مانەوەی بەشێک لە بەها وەهمیەکانن.
وە لە پێناوی پاراستنی پیرۆزی ئەم بەهایانە، جیاوازی نێوان بەها پیرۆزو ناپیرۆزیەکان دروستبون، نەک باشی و خراپی بەهاکان، هەر پیرۆزیەکیش پیرۆزیەکانی ئەوانی دی نەفی کردۆتەوە، وە پارێزەرانی پیرۆزییەکان چەندەها جەنگو شەڕیان لە نێو مرۆڤەکاندا دروستکردوەو بەهای مرۆڤەکانیان کردۆتە قوربانی پیرۆزییەکی وەهمی، ئەگەر خراپو نا مرۆییش بوبن..!
دووەم/ بەهای مادی:
بەها مادیەکان ئەو بەهایانەن کە مرۆڤەکان لەم دونیایەداو لەسەر ئەم زەویە دایانهێناونو ڕۆژانە لە نێو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و ژیانی خۆیاندا مامەڵەیان پێکردەو بونو جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیانیان پــێ سەلماندوە.
بەها مادیەکان بەپێی دیدو بڕوای مرۆڤەکان و کۆمەڵگا جیاوازەکان چەندین جۆرن، وەک(بەها خێلەکیو کولتوریو کۆمەڵایەتیو نیشتمانیەکان، بەها ئایدۆلۆژیو عەلمانیەکان،بەها ڕەگەزیو نەژادیەکان، بەها سیاسیەکان، بەها ئابوریەکان، بەها زانستییەکان...هتد)، هەرچی بەها مادیەکانە پەیوەستبون بە پڕۆسەی مێژوویی ململانێی نێو مرۆڤەکانو گەشەی بیرکردنەوەو هوشیاریو ئەزمونو کارو داهێنانی مرۆڤەکانەوە، پەیوەستن بە پەیوەندی کارلێکی جیاوازی نێوان مرۆڤ و کێشەکانیانەوە.
هەندێک لەم بەها مادیانە بە جیاواز لە بەها وەهمیەکان بە جێگیری نەماونەتەوەو بەپێی ئاستی هزرو هوشیاری کۆمەڵگاکانو سەردەمەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتوە، بۆیە دەتوانین بە (بەهای سەردەمی) ناویان بێنین. وە بە پێی گۆڕانکاریەکان بەها کاتیو سەردەمیەکان گۆڕاون و بەهای تری نوێی هاوچەرخ جێگای بەها کۆنەکانی گرتۆتەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەزای، (بەها مادیو ژیانیەکان)کان زەبرێکی گەورەی لە بەشێکی بەها وەهمیەکانی ئایینیو خیڵەکیو باوەڕە ئەفسانەییو پیرۆزیەکانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا وەشاندو بەشێک لەم بەهایانە کاڵبونەوەو هەندێ بەهای دونیایی جێگایان گرتنەوە.
بەڵام لەوە سەیرتر ئەوەیە بەشێک لە بەها مادیییەکان کە باوەڕو ئایدلۆژیە دونیاییەکانی مرۆڤ دروستیکردن، هەندێکیان لە هزرو هۆشی مرۆڤەکاندا هاوتای بەهای ئاسمانیەکان پیرۆزکرانو بە نەگۆڕی ماونەتەوە، وە تا ئێستاش لە ئاستی گروپ و ڕێکخراودا لە نێو کۆمەڵگاکاندا لە دەوری ئەم بەها ئایدۆلۆژیانەدا کۆدەبنەوەو خوێنی لە پێناودا دەڕێژن..!
لە سەرەتای سەدەی بیستەم، لە ئەنجامی ئەو بەربەریەتو جەنگو داگیرکاریانە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدە مێژووی مرۆڤەیاتی پێدا تێپەڕی، وە تراژیدیای بێوێنەی جەنگی دووەمی جیهانی، مرۆڤایەتی بەگشتیو فەیلەسوفو بیرمەندی سۆسیۆلۆژی ئەنترۆپۆلۆژیستەکانو ڕۆشنبیرە سیاسییەکانی بە تایبەت توشی هەڵوێستەیەکی گەورە کرد، بۆیە فەیلەسوفو بیرمەنەندەکان هەندێ چەمکی بەهایان هێنایە نێو کۆمەڵگاکانەوەو وەک (مافی هاوبەشی مرۆڤەکان) ناساندیان، بۆ نمونە بەهای(گەلێکی ئازاد. هاوڵاتیبون، هەڵبژراندنو دیموکراتی، ئازادی، دادپەروەری، یەکسانیو کەرامەتی مرۆڤ و مافی مرۆڤ وەک بونەوەرێکی سروشتی....هتد)، کە هەمویان لە چوارچێوەی گشتی دیدی(بەهای مرۆڤ)دا کۆکردبوەوە.
واتا لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە بەتایبەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم و نوسینەوەی (بەیاننامەی جاری گەردونی مافی مرۆڤ)، بەهای مرۆڤ کەوتە نێو کتێب و ڕۆژنامەو ئەدەبیات و بەرنامەی سیاسی هەندێ لە حیزبەکان، دیدی بەهای مرۆڤ وەک(بڕوایەک) لەسەر زاری بیرمەندو ڕۆشنبیران و کتێبو ڕۆژنامەکانو بەرنامەی ڕێکخراوە سیاسییەکان دەهاتو دەچو، بەڵام لە کەمترین ئاستدا لە ژیانی وێقیعی مرۆڤەکاندا پراکتیزە دەکرا..!
[دەتوانین بڵێین هەندێ لە دەوڵەتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا لایەنی کەمی ئەم مافو بەهانەیان کردە بنەما لە نوسینەوەی دەستورو لە نێو یاساو دادگاکانی خۆیاندا جێگیریان کرد..!]
ئەگەر لەسەدەکانی پێشودا زۆرترین خوێن لەسەر بەدەستهێنان و سەپاندن وپاراستنی بەها وەهمیەکانی ئیمبراتۆریەتەکان ڕژابێت، ئەوا لە سەدەی بیستەمدا، لە نێوان هەر دوو جەنگی یەکەمو دووەمی جیهانیدا بەهەمان شێوە لەسەر بەدەستهێنانی دەستەڵاتو پاوانخوازیو پاراستنی بەرژەوەندی ئابوریو (بەها مادیەکان)، زۆرترین خوێن ڕژاوەو بە ملیۆنەها مرۆڤ بونەتە قوربانی.!
لە جەنگی جیهانی دووەمدا پاش داڕمانی ئابوری زۆربەی دەوڵەتە زلهێزەکان دوای زیانێکی گەورەی گیانی و مادی، دوای ماندوبونی میللەتەکانیان، جەنگی دووەمی جیهانی وەستا، ئاشتی و ئارامی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوای گرتەوە. لەم ساتەدا زۆربەی وڵاتان گرنگیاندا بە ڕەوتی گەشەی ئابوری..بەپیشەسازیو بەرهەمهێنانو بازرگانی زیاتر تا بتوانن بۆشایی گەورەی زیانە گیانیو مادیەکانیان پڕ بکەنەوەو خۆیان لە تراژیدیاو قەیرانەکانی ئەم جەنگە گەورەو جیهانیانە ڕزگار بکەن.
بەرژەوەندی ئابوری و ترسی مەرگ لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، توانی جەنگە جیهانییە گەرمو خوێناویەکان بگۆڕی بە شەڕی ساردو شەڕە ناڕاستەوخۆکان..وە گەڕان بە دوای دۆزینەوەو دەرهێنانی زیاتری کانزاو کەرەسە خاوەکان، بە تایبەت (نەوتو گاز)،توانی ببێتە هۆی پێشبڕکێی بەرهەمێنانی زیاتری کاڵاو قازانجی ئابوریو پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو باشکردنی لایەنی زۆر کەمی ژیانی مرۆڤەکان و بەدەستهێنانی لایەنی کەمی مافەکان، بەڵام لەهەمانکاتدا بوە هۆی زیاتری پیسکردنو وێرانکاریو تێکدانی سروشت.
واتا لە سەدەی بیستەمدا، لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا سێ گۆرانکاری گەورەی پێچەوانەو دژبەیەک لە ئاکاری مرۆڤایەتیدا بە تایبەت لە کۆمەڵگای ڕۆژئاوایدا ڕویاندا :
یەکەم/زۆرترین خوێن ڕشتنو توندوتیژیو جینۆسایدو وێرانکاریو کاولکاریو داگیرکاریو پێشێلکاریو بەدکاری دەرهەق بە کەرامەتی مرۆڤەکان ئەنجامدرا..!
دووەم/ هەر لەم سەردەمەدا زۆرێک لە بیرمەندو ڕێکخراو و حیزبە سیاسیەکان، زۆرترین قسەیان لەسەر ماف و بەهاو کەرامەتی مرۆڤ کردو، وە زۆرترین نوسینو کتێبیان لەسەر (بەهاو مافەکانی مرۆڤ) چاپو بڵاوکردەوە، وە ئەم نوسینانە بونە (بەهایەکی نوێی فکری) لە نێو بەشێک لە مرۆڤی خوێندەوارو سیاسی و ڕۆشنبیر..!
سێیەم/ سەرهەڵدانی ڕاپەرین و شۆڕشی چەکداری بۆ ڕزگارکردنی گەلانی ژیردەستە، چەندین خۆپێیشاندان بۆ بەدەستهێنانی مافو ئازادیە کۆمەڵایەتیو فەردیو ڕەگەزیەکان..!
جەنگی دووەمی جیهانی شۆکی گەورەی لە دەرونی بیرمەندان و کۆمەڵگاکانی ئەو سەردەمەدا دروستکرد، بەڵام لەگەڵ ئەم شۆکە دەروونیو گۆرانکاریە فکریو لافاوی خوێنەدا، (بەهای مرۆڤ)و(بەهای سروشت)نەک هەر نەبونە (بەهای باڵا و ڕەها) لە نێو هزرو هۆشی مرۆڤەیاتیدا، بەڵکو بەهای مادی و بەرژەوەندی ئابوریەکان بونە بەهای(ڕەها)ی دەوڵەتەکانو (پێوەری) هەموو بەها کۆمەڵایەتیو ئینسانیەکان.
ماویەتی