شەڕی غەزە و هێڵە سوورەکەی ئێران

بەها رەحمانی
  2023-12-29     212

شەڕی غەزە لە سێ مانگی دەستپێکی نزیک ئەبێتەوە. شەڕێک کە نە یەکەمین و نە دوایین شەڕی نێوان فەڵەستین و ئیسراییل ئەبێت.
هەڕچەندە داگیرکاری دەیان ساڵەی ئیسراییل و ئابڵۆقەی درێژخایەنی ئەم ناوچەیە لەلایەن ئیسراییلەوە ئەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ هەڵگیرسانی ئاگری ئەم جۆرە شەڕانە، بەڵام بڕیاری هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕی ئەمجارە لە غەزە، لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی فەڵەستین بوو. کوشتار و ئازار و ماڵوێرانی ئەمجارەی خەڵکی فەڵەستینیش نە بۆ رزگاری فەڵەستین و دروست کردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵکو تەنیا بۆ گەیشتنە بە ئامانجەکانی سێ کوچکەی خراپەو پشێوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە ئێران- قەتەر- تورکیا. حەماس و دەزگاری تیروری ئەم رێکخراوە ئیسلامییە توندڕەوەش،  شتێک نییە بێجگە لە ئامرازێک لە دەستی ئەم سێ کوچکەی خراپەکارییە لەو ناوچەیە.
 
رێبەرانی ئێران هەر لە رۆژەکانی یەکەمەوە لە مەترسی تێوەگلان لەم شەڕە تێگەیشتوون و زانیان کە ئەوەی دەستی لەم کارەدا هەبووبێت بێوەی دەرناچێت. بۆیە عەلی خامنەیی لە یەکەم رۆژەوە رایگەیاند کە "تۆفانی ئەلئەقسا" کاری حەماس خۆیەتی و ئێران دەستی لەم کارەدا نەبووە. بەڵام لە هەمان کاتدا، پشتیوانی خۆی بۆ کوشتاری بێبەزییانەی پیرو مناڵ و خەڵکی سیڤیلی جولەکە لە ئیسراییل لەلایەن حەماسەوە دەربڕی.

حەماس کە چاوەڕوانی زیاتری لە ئێران لەم شەڕەدا ئەکرد نائومێد کراو هەوڵەکانی لەگەڵ "بەرەی بەرهەڵەستکار" بە رێبەری ئێران لە دژی ئیسراییل بێئەنجام بوو. ئێران بە دیتنی کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاست ئەوەندەی دیکە زەندەقی چوو بۆیە نەتەنیا خۆی بەشداری لەم شەڕەدا نەکرد، بەڵکو تەنانەت نەیهێشت حیزبوڵای لوبنانیش راستەوخۆ بەشداری لەم شەڕەدا بکات.

 

ئەم ترسەنۆکییەی ئێران، پێگە و متمانەی ئێرانی لە ناو گروپە تیروریستە ئیسلامییەکانی ناوچەکە کە دەیان ساڵە لەلایەن ئەم وڵاتەوە پارەو چەکیان بۆ دابین ئەکرێت، خستە ژێر پرسیارەوە. بۆیە ئێران دەستی دایە پینەپەڕۆکردنی ترسەنۆکییەکەی خۆی و وەزیری دەرەوەیان هەرزوو ڕایگەیاند کە پێویست بە بەشداری ئێران لەم شەڕەدا ناکات، بەڵام هێرشی زەوینی هێزەکانی ئیسراییل و چوونە ناوەوەی غەزە،  بۆ ئێران هێڵی سوورە. بەڵام وەک دیمان ئیسراییل زیاتر لە مانگێکە ئەم هێڵە سوورەی ئێرانی بەزاندووەو سەربازەکانی بست بە بستی شارە گەورەکانی وەک غەزەو خان یۆنس ئەپشکێنن و بەدوای چەکدارانی حەماس ئەگەڕێن. بەڵام مەلاکانی ئێران لە ترسی گیانی خۆیان لەم قسەی ئاخریشیان پاشگەز بوونەوە.

ئەمریکاو ئیدارەی بایدنیش ئەم ترسنۆکییەی ئێران بە سەرکەوتنی خۆی ئەزانێت و پێی وایە کە توانیویەتی بەربە تەشەنەسەندنی ئەم شەڕە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت. بەواتەیەکی دیکە ئەم بێدەنگییە و ترسنۆکییەی ئێران بۆ ئەمریکا، وەک وڵامێکی ئەرێنی ئێران بۆ پەیامەکانی ئەمریکا بۆ ئێران لە رێگای سەرۆک وەزیرانی ئێراق و سوڵتاننشینی عومانەوە لێک ئەدرێتەوە.
 

ئێران بۆ دەربازبوون لەم دۆخە نالەبارەی خۆ و بۆ ئەوەی لە لایەک ئۆتۆریتەو پێگەی وەک رێبەری گروپە تیروریستیە ئیسلامییەکانی "بەرەی بەرهەڵەستکار" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست نەدات و لەهەمان کاتیشدا لە شەڕێکی دۆڕاو تێوەنەگلێت، بڕیاری بۆ گروپە چەکدارانەکانی لایەنگری خۆی لە ئێراق، سوریە، یەمەن و لوبنان دەرکرد کە هێرشی پچرپچر بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و جاروباریش تەقە لە چەند سەنگەری سەربازانی ئیسراییل لە سنووری ئیسراییل و لوبنان بکەن بۆ ئەوەی وانیشان بدرێت کە ئێران دەستەوەستان نەوەستاوەو پشتیوانی لە حەماسی هاوپەیمانی خۆ لە غەزە ئەکات.

لە ناو ئەو گروپانەی کە ئێران بۆ ئەم مەبەستە زۆرترین کەڵکی لێوەرگرتبێت، حوسییەکانی یەمەنن. ئەمەش بە هۆی پێگەی جۆگرافیایی یەمەنە کە زاڵە بەسەر رێڕەوی ئاویی نێوان دەریای عەرەب و دەریا سوور. ئێران لەم رێگایەوە هەتا ئێستا توانیویەتی کێشە بۆ کەشتییە بازرگانییە جیهانییەکان لە "گەروی دارالمەندەب" دروست بکات. کاردانەوەی ئەمریکا هەتا چەند رۆژ پێش ئێستاش، بێجگە لە خستنەخوارەوەی درۆن و موشەکە ئێرانیەکان لەم ناوچەیە، شتێکی ئەوتۆ نەبوو و ئەمەش هەم ئەمریکا و هەم ئێرانی رازی کردبوو.
 
بەڵام بارودۆخەکە لەم چەند رۆژەی رابووردو ئاڵۆگۆڕی زۆری بەسەرداهات، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ئێرانییەکان پانتایی هێرشەکانیان لە دەریای سوور (لە رێگای یەمەنەوە) بە دووری سەدان کیلۆمەتر بۆ نزیک "کەنداوی عەقەبە" چڕتر کردەوە و لەهەمان کاتدا چەند کەشتییەکی بازرگانی لە "گەروی باب المەندەب" زەرەرو زیانیان پێ گەیشت. ئەمەش شتێک بوو کە نەتەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ هەموو رۆژئاوا و بەشێکی زۆری وڵاتانی دیکەی جیهان جێگای قەبووڵ کردن نەبوو.

بۆیە ئەکرێت کوژرانی جێگرەکەی قاسم سڵێمانی لە سوریە واتە "رضی موسەوی" لە "زەینەبیە"ی شاری دیمشق وەک پەیامێک بۆ مەلاکانی ئێران چاو لێبکرێت کە ئێرانییەکان لەمە زیاتر بۆیان نییە پێ لەبەڕەی خۆ ڕابکێشن، ئەگینا روبەڕووی تۆڵەی قورستر ئەبنەوە.

کاردانەوەی ئێران لەسەر کوشتنی ئەم پاسدارەی لە سوریا، بێجگە لە هاشەوهۆشەی چەند پاسدارێکی پلە نزم، شتێکی ئەوتۆ نەبووە. وتەبێژی سپای پاسداران دۆێنی لە نەفامی خۆی، هێرشی تیروریستی "تۆفانی ئەلئەقسا"ی حەماسی بە تۆڵەی کوژرانی قاسم سڵێمانی یەوە گرێدا، بەڵام حەماس بێ سێ و دوو و بەپەلە ئەمەی رەت کردەوە بۆ ئەوەی زەرەر لە سەرچاوە ئابوورییەکانی خۆی لە وڵاتانی عەرەبی و تورکیا نەدات.
ئەمڕۆش لە کاتی ناشتنی پاشماوەی تەرمی رضی موسەوی، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سپای پاسداران، قسەکانی دوێنێی وتەبێژەکەی خۆی رەت کردەوەو ڕایگەیاند کە ئێران پەیوەندی بە "تۆفانی ئەلئەقسا"وە نەبووە و نییە.
واتە، ئێرانییەکان لە پەیامەکەی رۆژئاوا و ئیسراییل لە رێگای کوشتنی موسەوی یەوە بەباشی تێگەیوون و تەنیا ئەتوانن جێ برینەکەی خۆیان بلێسنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×