بوژانەوەی چەپ لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی دووهەم)

بەها رەحمانی
  2023-07-27     300

لە بەشی یەکەمی باسەکەدا لە ژێر ناوی "دۆخی چەپ لە رۆژهەڵاتی کوردستان"، کێشەکانی ئەم چەپەم پێناسە کرد. لەم بەشەدا بە کورتی رێڕەو خاڵە سەرکییەکان بۆ بوژانەوەی ئەم چەپە دەستنیشان ئەکەم کە بە ڕای من بریتین لە:



 ١. ڕاشکاوبوون و روونی ئامانجەکان

چەپەکان بە گشتی لە ئێستادا، هەوڵ ئەدەن بەخشکە، دروژمە کۆنەکانی خۆیان وەلا بنێن بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک بدەن یا ئەو بوێرییەیان هەبێت کە بە ئاشکرا ڕابگەیەنن کە ئەو دروژمانەیان وەلاناوە. بۆیە پێویستە چەپ، هەڵوێستی روون و ئاشکرای خۆی سەبارەت بەم سێ تەوەرە سەرەکییە دەرببڕێت:
- ئایا چەپ خوازیاری رووخانی کاپیتالیزم و دامەزرانی کۆمەڵگایەکی سوشیالیستییە؟ یا نە چاکسازیخوازە و ئەیهەوێت ئامانجەکانی هەر لە چوارچێوەی سیستەمی کاپیتالیزمیدا بەدێ بهێنێت؟ یا هاوکات چاکسازیخوازەو سوشیالیزم و نەمانی چەوسانەوەی چینایەتی دوا ئامانجیەتی.
 - لە دروژمی بریقەدارو بەناو چەپ و شۆڕشگێڕانە (بەڵام لەبنەڕەتدا، بێکردەوە، دوورەپەرێزو بۆڵەبۆڵ کەر) خۆ بەدوور بگرێت. ئەبێت بەڕوونی رابگەیەنێت کە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سوشیالیستی کارێکی جیهانییە و سوشیالیزم بە تەنیا لە یەک وڵاتدا (ئەویش لە کوردستان یا ئێران) شتێکی ئۆتۆپی و خەیاڵییە. ئەبێت لەوە تێبگات کە باسکردن لەم راستییە هیچ لە سوشیالیست بوونی کەم ناکاتەوە بەڵکو ئەیسەلمێنێت کە ئەم چەپە جیدی و سوورە و هەوڵ بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان و بژێوی چینی چەوساوە و هەژاری کۆمەڵگا ئەدات. لە جیهانێکی راستەقینەدا ئەژیت و بەکردەوە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئەدات.
- چەپی کورد ئەبێت دژبە هەر چەشنە دیکتاتۆریەتێک بێت، تەنانەت ئەگەر دیکتاتۆرییەتی پرۆلتاریاش بێت. واتە ئەم چەپە ئەبێت و ئەکرێت ببێتە بڕبڕەی پشتی هەر بزوتنەوەیەکی دێمۆکراسیخواز لە کوردستان و تەنانەت لە ناوچەکەش.



٢. گەڕاننەوە بۆ شوێن و پێگەی جەماوەری

چەپی دابڕاو لە پێگەی جەماوەری و ژینگەی خۆی، وەک ئاوی پەنگ خواردوو، درەنگ یا زوو ئەبێتە زەلکاو و بەرەبەرە وشک ئەبێت و لەناو ئەچێت. هەربۆیە ئەگەر بڕیارە رێکخراوێک، بزوتنەوەیەک یا هەر قەوارەیەکی تر بەناوی چەپەوە سەرلەنوێ دروست بکرێت، ئەبێت هەڵقوڵاوی ژینگەی خۆی، واتە رۆژهەڵاتی کوردستان بێت، لەوێ لە دایک ببێت و هەر لەوێش گۆچ بکرێت. بۆیە بزوتنەوەیەکی چەپ و یا رێکخراوێکی چەپ ناکرێت لە دەرەوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەناردەی ناوەوە بکرێت. لەهەمان کاتدا، ئەو واتایەش ئەگەیەنێت کە لەدوای دروست بوون و گەشەکردنیشی، ئەبێت لە هەمان ژینگە و لە ناو جەماوەری خۆیدا درێژە بە چالاکی و خەبات بدات وهەوڵبدات تەنانەت لە ژێر دەسەڵاتی دڕترین داگیرکەریش دا، لە پێگەو ژینگەی خۆی دانەبڕێت.



 ٣. سەربەخۆیی چەپی کورد

ئەم چەپە پێویستە خۆی لەژێر رکێفی هەرچەشنە ئێرانچییەتیەکدا رزگار بکات. سیاسەت و ئامانجی سەربەخۆ پەیڕەو بکات و لە هەموو بوارەکاندا، سەربەخۆیی و کوردستانی بوونی خۆی بپارێزێت. ئەم سەربەخۆییە نابێت تەنیا لە سەربەخۆیی رێکخراوەیی کورت بکرێتەوە بەڵکو پێویستە ئەم چەپە بە هیچ چەشنێک، نە لەباری بیرو ئەندێشەو نە لە چالاکی سیاسی رۆژانەدا، بکەوێتە ژێر کاریگەری رێکخراوە ئێرانییەکان. پێویستە بڵێم کە ئەم سەربەخۆ بوونە بە مانای دوورەپەرێزی و هاوکارینەکردنی تاکتیکی لەگەڵ چەپی ئێرانی بە گشتی و چەپی نەتەوەکانی تری ناو ئێران نییە. سەربەخۆیی چەپ لە کوردستان ئەتوانێت پێگەی ئەم چەپە بەهێزتر بکات و ئەو دەرفەتەی بداتێ کە پەیوەندییەکی تەندروست ویەکسان (نەک براچکۆلەیی) لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییە ئێرانیەکاندا دروست بکات.



 ٤. دادپەروەری کۆمەڵایەتی

سەرەڕای ئەو راستییەی کە دادپەروەری راستەقینە تەنیا کاتێک بەدی ئەکرێت کە مرۆڤ ناچار نەبێت هێزی کاری بۆ بژێوی رۆژانەی بفرۆشێت، بەڵام پێویستە ئەم چەپە هەر ئێستا و لەهەر هەنگاوێکی کرداری دا، هەوڵ بۆ باشکردنی بژێوو ژیانی هەنووکەیی چینی چەوساوە، کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان بدات. ئەم چەپە ئەبێت بە داكۆكی‌كاری راستەقینە لە داخوازی و مافی کرێکاران و چینی چه‌وساوەی كوردستان پێناسە بکرێت.



 ٥. چەپێکی دێمۆکرات ودژبە هەڵاواردن

ئەم چەپە ئەبێت لە خۆیەوە دەست پێبکات و بنەماکانی دێمۆکراسی لەناو خۆیدا پەیڕەوو پتەو بکات. ئەمەش بەواتەیە دێت کە ئەبێت لەپاڵ هەوڵ و خەبات بۆ جێگیرکردن و پەرەدان بە بیروباوەڕی چەپ و دادپەروەری، رێز لە بۆچوون و ڕای جیاواز (تەنانەت دژبەخۆشی) بگرێت، بۆیە پێویستە خەبات بۆ بونیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دێمۆكرات له كوردستان بەئەرکی سەرشانی خۆی بزانێت و پاڵپشتی شێلگری رێزگرتن له‌ هه‌موو مافه‌كانی تاكی ناو كۆمه‌ڵگا بێت.
ئەبێت دژی هەرچەشنە کۆت وبەند و مەرجێک بێت بۆ ئازادی بیرکردنەوەو ڕادەربڕین و خەبات بکات بۆ کۆمەڵگایەک کە لەوێدا، هەمووان بەسەربەستی و بێ ترس، بیروڕای خۆیان دەربڕن و بتوانن خەباتێکی مەدەنیانە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانیان بکەن. هەروەها باوەڕی قووڵی بە پلۆرالیزمی سیاسی هەبێت و دژبەری سیستەم و دەسەڵاتی تاک لایەنە و تاکە پارتی بێت.
لە پەیوەندییە ناوخۆییەکان و کاری رێکخراوەیشدا، چەمکی سەنترالیزمی دێمۆکراتیک وەلا بنێت، چۆنکو سەنترالیزم و دێمۆکراسی دوو جەمسەری دژبەیەکن و لە مێژووی رێکخراوە چەپەکاندا، هەموو کاتێک دێمۆکراسی کەوتووەتە ژێر هەرەسی سەنترالیزم.

ئەم چەپە نوێیە لەپاڵ دژبەری دابەشکردنی نادادپەروەرانەی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا، ئەبێت دژبەری هەرچەشنە هەڵاواردنێکی ناو کۆمەڵگاش بێت لەوانە، هەڵاواردنی جەندەر واتە جنسی، هەڵاواردنی نەتەوەیی، هەڵاواردنی ئیتنیکی، هەڵاواردن لەسەر رەنگی پێست، هەڵاواردن لەسەر ئایین و بڕوا، هەڵاواردن بەهۆی کەمئەندامی و یاخۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، جیاوازی تەمەن وهتد.



 ٦. مافی ژن

کێشەی ژن و مافی ژنان لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان ئەبێت ببێتە پێگەیەکی هەرە گرنگی خەباتی ئەم چەپە نوێیە و ئەم چەپە پشتیوانی راستەقینەی خه‌باتی ژنانی کوردستان بۆ یه‌كسانی ژن و پیاو له هه‌موو بواره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسی و هتد له كۆمه‌ڵگای كوردستان بێت.



٧. سێکۆلاریزم

سێکۆلایزم ئەبێت یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم چەپە نوێیە بێت. ئەوەش بەمانای خواستی جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات دێت و ئایین ببێتە پرسێکی تاکەکەسی. بەخۆشییەوە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی تەک ئایینی و تەک ئایینزایی نەبووە و نییە. بۆیە هەمە چەشنی ئایینی لەم کۆمەڵگایە مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە و ئەوەی کە مافی کەمە ئایینەکانی نەپاراستووە، نەک تاکی کورد، بەڵکو داگیرکەرانی کوردستان بوون. بۆیە ئەم چەپە لەگەڵ ئەوەی کە خوازیاری جیاکردنەوەی دەسەڵات و ئایین لەیەکترە، لەهەمان کاتدا ئەبێت داکۆکیکاری راستەقینەی مافی هەموو تاکێکی کورد بێت لە هەڵبژاردنی هەرچەشنە ئایین و ئایینزایەک و یا نەبوون هیچ ئایینێک. واتە ئەگەر موسوڵمانێكی سوونە، یارسانییەک، شێعەیەک یا جولەکەیەک لە کوردستان هەستی بە هەرچەشنە پێشێلکردنی ماف یا هەڵاواردن بە هۆی ئایینەکەیەوە کرد، ئەبێت ئەوەی لا دروست ببێت کە چەپە سێکۆلارەکە، تاکە داکۆکەری مافەکانیەتی.



 ٨. پرسی سەربەخۆیی کوردستان

ئەم چەپە ئەبێت بە بێ هیچ منجەمنج و"بەڵام و ئەگەرێک" و بەڕاشکاوی و شێلگیرانە، داکۆکی له مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خه‌ڵكی كورد، واته جیابوونه‌وه‌ی كوردستان له ئێران‌و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سەربەخۆی كوردستان بکات. بەڵام نە پشتیوانییەکی هاکازایی بەڵکۆ چالاکانە بۆ ئەم مەبەستە تێبکۆشێت و هەوڵ بدات رێبەری ئەم خەباتە دێمۆکراتیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستەوە بگرێت. کرێکاری کورد تەنیا و تەنیا کاتێک ئەتوانێت خۆی بەهاوخەبات، هاوسەنگەرو هاوچارەنووسی کریکارێکی فارس بزانێت کە هەردوولا، لە پێگەیەکی یەکسان و بەرانبەردا بن. ئەمەش تەنیا بە دان پێدانان و بەفەرمی ناسینی سنووری جوگرافیایی سەربەخۆی دەوڵەتی کوردستان لە رۆژهەڵات دابین ئەکرێت. ئەگینا هەرچەشنە بانگەوازێک بۆ هاوخەباتی و هاوبەرژەوەندی کرێکاری فارس و کورد هەرئەوەندە فێلبازانە و درۆیینەیە، کە بانگەواز بۆ هاوچارەنووسی لەلایەن روسە ناسیونالیستەکانی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی سۆڤییەتی پێشوو بۆ کرێکاران و چەوساوەکانی وڵاتانی ژێردەسەڵاتی مۆسکۆ.



 ٩. پرسی ژینگە

پرسی ژینگە لەهەموو کۆمەڵگاییەکی ئەمڕۆییدا بووەتە پرسێکی هەنووکەیی و ئەبێت ئەم چەپە، پرسی ژینگەو ژینگەپارێزی بە پرسێکی گرنگی خۆی بزانێت و وڵام و پڕۆژەی هەبێت بۆ هەموو ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ژینگەوە.



 ١٠. مافی مناڵ

مافەکانی مناڵ نابێت تەنیا لە قەدەغەکردنی کاری مناڵان و پەروەردە کورت بکرێتەوە بەڵکو مناڵان بە پێی کولتوری دواکەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوردستان بەتایبەتی، لە زۆربەی مافە بنەڕەتییەکانی مناڵانی وڵاتانی پێشکەوتو و بەتایبەت رۆژئاوایی بێبەرین. بۆیە ئەرکی ئەم چەپەیە کە خەبات بۆ دابینکردنی مافەکانی مناڵ بە ئەرکێکی زۆر گرنگی خۆی بزانێت و هەوڵی دەستەبەرکردنی ئەم مافانە بدات، جا چ لە ناو کۆمەڵگا بە گشتی، چ لە بواری پەروەردەو چ لە ناو خێزانێشدا.



 ١١. چەپی نوێ و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە

کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی چەپ لە هەشتاکانی سەدەی رابوردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان، مێژوویەکی درەوشاوەی (بەهەموو کەموکووڕیەکانیشیەوە) لە خەبات و تێکۆشان هەبووەو ناکرێت و ناتوانرێت نکولی لەم راستییە بکرێت. لە ئێستاشدا چەندین رێکخراوی جۆراوجۆر هەن کە خۆیان بەمیراتگری ئەو کۆمەڵەیە ئەناسێنن.
بۆیە پێویستە ئەم چەپە نوێیە بە لە بەرچاوگرتنی ئەم راستییانە، خۆی تێکەڵ بە هیچ کام لەم لایەنانە نەکات. ئەم دوورەپەرێزییە لە کۆمەڵە، لەلایەکەوە دەرفەت ئەدا بە هەموو ئەو کەسانەی دەرەوەی بازنەی کۆمەڵە کە خۆیان بەچەپ ئەزانن کە بێ ڕاڕایی لە دەور ئەم چەپە نوێیە کۆ ببنەوەو لەهەمان کاتدا ئەم چەپە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ مێژووی کۆمەڵەدا نامێنێت و بەم جۆرە باشتر ئەتوانێت وزەو توانای خۆی بۆ ئەرکی بەنرختر و پیرۆزتر بەکار بهێنێت. ئەگەر بەڕاستی ئەم چەپە، چەپێکی بکەرو چالاک و ریالیست بێت، پێویستی بە خۆهەڵواسین بە مێژوی کۆمەڵەوە نییە، بەڵکو ئەتوانێت لە ئەزموونەکانی پێشووی کۆمەڵە کەڵک وەربگرێت بەبێ ئەوەی خۆی بەم مێژووە گرێبدات

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×