تۆفانی ئەقسا، وەرچەرخانێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەها رەحمانی
  2023-10-08     379

ئەمە رۆژی دووهەمی شەڕی غەزەیە کە حەماس ناوی ڵێناوە تۆفانی ئەقسا. تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە هەردوولا کوژراون و ژمارەی کوژراو و برینداریش هەر کاتژمێڕێک روولە هەڵکشانە.

غەزە
١، کەرتی غەزە درێژاییەکەی ٤١ کیلۆمیتر و پانتاییەکەشی لە نێوان ٦ و ١٢ کیلۆمیتردایە. ژمارەی دانێشتوانی نزیک بە دوو ملوێن کەسە و شارە گەورەکانی بریتین لە غەزە، خان یۆنس و رافا.
٢، غەزە لە شەڕی ٦ رۆژەی ئیسراییل و عەرەبەکان لە ساڵی ١٩٦٧ کەوتە ژێردەست ئیسراییل.
ساڵی ٢٠٠٥ ئیسراییل بە فەرمی وەک هێزێکی داگیرکەر کەرتی غەزەی بەجێ هێشت. دوو ساڵ دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەنجامی شەڕێکی نێوخۆیی فەلەستینییەکان، حەماس بەسەر ئەلفەتح دا سەرکەوت و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی رەهای حەماس و جیهادی ئیسلامی سەربە کۆماری ئیسلامی ئێران دایە.   

٣، بۆیە دانیشتوانی غەزە ساڵەهای ساڵە لەژێر دوو گەمارۆی قورسدا ئەژین. لەلایەک دەوڵەتی ئیسراییل ئابڵۆقەیەکی قورسی لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە خسووەتە سەر دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و سزای بە کۆمەڵی ئەو خەڵکە ئەدات و لەلایەکی دیکەشەوە خەڵک گیرۆدەی دەستی دەسەڵاتی رەشی حەماسن.

٤. لێکەوتەی ئەم بەندیخانە گەورە دوو ملوێنینە ئەوەیە کە جیلێک لەم ناوچەیە پێگەیوون کە تەواوی ژیانیان لەناو شەڕو داگیرکاریدا بووە، بۆیە بێهیوان بە داهاتوو هیچ باوەڕێکیان بە جیهانی دەرەوەش نەماوە. ئەمەش وادەکات کە بەشێکیان لەبەر تووڕەیی لە داگیرکاری ئیسراییل و بەشێکی تر لەبرسان و بۆ بژێوی ژیان بچنە ریزەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی

٥. بەشی سەرەکی بودجەی ساڵانەی ئەم ناوچەیەی ژێردەست حەماس لە لایەن وڵاتی قەتەرەوە دابین ئەکرێت و بەشێکی دیکەش لەلایەن ئێرانەوە. هاوکات ئێران لە رێگای سوریاو ئێراقەوە چەک و چۆڵ و جبەخانەی سەربازی بۆ حەماس دابین ئەکات.

٦. هەربۆیەش حەماس وەک ئامرازێکی دەستی مەلاکانی ئێران کەڵکی لێوەر ئەگیرێت و هەرکات مەلاکان کلکیان کەوێتە بەر تەڵە، فەرمان بە حەماس و جیهادی ئیسلامی ئەدەن کە چەن مۆشکێک بەرەو ئیسراییل بهاوێژن و ئەوسا ئیسراییلیش بێ بەزییانە لە رێگەی ئاسمانەو جارجارێکیش لە رێگەی زەوییەوە تۆڵەی خۆی لەو خەڵکە لێقۆماوە ئەکاتەوە. بەداخەوە ئەمە بووەتە بەشێک لە ژیانی  رۆژانەی زیاتر لە بیست ساڵی رابوردووی ئەم خەڵکە.

٧. لەولاشەوە بەرپرسانی باڵای حەماس وەک ئیسماییل هەنیە و خالید مەشعەل لە دەرەوەی وڵات و بە پارەی بەلاشی وڵاتانی قەتەر و ئێران ژیانێکی خۆش و ئارام لە ئیستانبوڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا لە ژێر باڵی براگەورەو هاوباوەڕیان، رەجەب تەیب ئەردۆگان ئەبەنە سەر.
 

دەورێکی نوێ و شەڕێکی وێرانکەر
 

بەڵام شەڕەی ئەمجارەی حەماس زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ شەڕەکانی پێشوو، ئەویش لەبەر ئەم هۆکارە ناوچەییانە:
١. ماوەیەکی زۆرە ئێران لەگەڵ روسیا و تورکیا بۆ لێدان لە رۆژئاڤاو شەڕڤانانی هەدەسە رێک کەوتووە. بۆیە لە ناوچەکانی دێرەزوور هەوڵیان دا کە خێڵە عەرەبەکان بکەنە گژ شەڕڤاناندا و دەوڵەتی سوریاش پاڵپشتی لێکردن. ئەردۆگانیش ئەوانی بە خەباتکارانی نەتەوەیی ناوبرد و پشتیوانی لێکردن.
٢. هەرچەندە ئێران و تورکیا لە سەر پرسی کورد بەگشتی و دژایەتی کوردەکان لە رۆژئاڤا بەتایبەتی هاوڕان بەڵام کێشەی ئەرمنیا و ناگۆرنۆقەرەباخ و کێشانی هێڵی گازی ئازەربایجان بۆ تۆرکیا کێبڕکێی ئەم دوو وڵاتەی بردووەتە ئاستێکی دیکەوە. بۆیە دوور نییە ئێران لەدوای قەیرانی ناگۆرنۆ قەرەباخ یارمەتی "پێ کاکا" ی کردبێت لە گواستنەوەی ئەو بۆمبانەی کە لە چانکایای ئەنکارا تەقێندرانەوە. مەبەستیش لەم یارمەتییەی "پێ کاکا"  نە یارمەتی کوردانی باکور دژبە تورکیا، بەڵکو لە لایەک پەیامێکیان بە تورکەکان دا کە ئێرانییەکان ئەتوانن یارمەتیدەربن لە نائەمنی و پشێوی لە جەرگەی پێتەختی تورکیادا و لە لایەکی دیکەشەوە بیانوو بدەنە تورکیا کە هێرش بکاتەوە سەر رۆژئاڤا کە ئەمیش هەر لەبەرژەوەندی ئێراندایە.

٣. ماوەیەکە ئیسراییل و عەرەبستان بە نێوەندگیری ئەمریکا لە هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندە دیپلۆماتیکەکانیاندان. ئەمەش ئێرانی زۆر بێتاقەت کردەوە بە تایبەت هەر ماوەیەک کەم لەمەوبەر ئیسراییل باڵوێزخانەی خۆی لە بەحرین کردەوەو ئەمەش مەیدانی یارییەکە بۆ ئێران لەناوچەکە بەرتەسک ئەکاتەوە. بۆیە خامنەیی وەک رێبەری مەلاکان چەند رۆژ لەمەوبەر لەسەر ئەمە هاتە دەنگ و وتی ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسراییل ئاسایی ئەکەنەوە، زەرەرمەند ئەبن.

٤. لە لایەکی دیکەوە ئیدارەی بایدن خەریکی دابین کردن و سواڵکردنی پارەیە بۆ پاڵپشتی ئۆکرانیا دژبە روسیا و لەلایەکی دیکەشەوە ماوەیەکە لە وتووێژو رێککەوتنە لەگەڵ مەلاکان و بە دولارێکی زۆر، مەلاکانی ئێرانی مڕکردووە و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسراییل و بەتایبەت نەتانیاهوو زۆر ساردو سڕبووە.

٥. هەموو ئەم هۆکارانە، مەلاکانی ئێرانیان هێنا سەرئەو باوەڕەی کە ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەوەی ئەمریکا لەم هەمووە ساڵەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رستوویەتی بیکەنەوە بە خوری بۆیە بڕیاری ئەم شەڕیان دەرکرد.
 

لێککەوتەی ئەم شەڕە

لێکەوەی ئەم شەڕە زۆر ئەستەمە هەر لە ئێستاوە دیاری بکرێت بەڵام ئەوەی کە دیارە:
١. ئەمریکا ناتوانێت بێدەنگ بێت و ئەگەر ئەم شەڕە درێژە بکێشێت ئیدارەی بایدن چ پێی خۆش بێت و چ پێی ناخۆش بێت لەم شەڕەوە تێوە ئەگلێت.
٢. ئەگەر نەتانیاهوو راست بکات، ئەوا ئامانجی ئەمجارەیان دەرپەڕاندنی حەماس لە کەرتی غەزە ئەبێت و ئیدارە ئەم ناوچەیە ئەکەوێتەوە دەست ئەلفەتح و مەحموود عەباس بەمجۆرە دەستی ئێران لەکەرتی غەزە کورت ئەکرێتەوە

٣. ئیسراییل ناتوانێت لەئاست ئێران بێدەنگ بێت و دوور نییە کە ئەمریکا ئیتر نەتوانێت بەر بە ئیسراییل بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بگرێت.

٤. رۆژئاوا ناتوانێت کێشە کۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لەوە پشت گوێ بخات بەڵکو ئەبێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشانە بدۆزێتەوە. لەوانە چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین ئەویش بە دروست دوو وڵاتی جیاواز.
 
٥. سیاسەتی باجی سمێل دانی رۆژئاوا بە مەلاکانی ئێران سیاسەتی چەوت و هەڵە بووە و هەتا ئەمان دەمی مەلاکان چەورتر کەن مەلاکان مەرجەکانیان ئەبەنە سەرەوە. بۆیە لەوانەیە رێگە چارەی دوایی، رووبەڕوو بوونەوەی راستەوخۆ بێت لەگەڵ ئێران کە یەکێکە لە ئاکتەرە سەرکییەکانی پشێویەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×