"بریکس"و جەمسەرگیری نوێی جیهانی

بەها رەحمانی
  2023-08-23     641

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ کۆبوونەوەی ساڵانەی بریکس لە شاری ژوهانسبوورگ پێتەختی ئەفریقای باشور دەست پێئەکات کە سێ رۆژ ئەخایەنێت و بێجگە لە پێنج وڵاتی ئەندام نزیک بە ٥٠ وڵاتی دیکەش وەک میوان بەشداری ئەم کۆبوونەوە ئەکەن.

بریکس پەیمانێکی ئابووری نوێی جیهانییە و وشەکە لە یەکەمین پیتەکانی هەر یەک لەم وڵاتانە پێکهاتووە: برازیل، روسیا، ئیندیا (هێندوستان)، چین و ئافریقای باشور.
چوار وڵاتی یەکەم لە ساڵی ٢٠٠٩ یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان رێکخست و لە ساڵی ٢٠١٠ ئافریقای باشوریش بەفەرمی بۆبە ئەندامی پێنجەمی ئەم رێکخراوە نوێیە جیهانییە. ئەم رێکخراوە ساڵانە کۆبوونەوەی ئەندامانی لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندام رێک ئەخات کە ئەمساڵ لە ئەفریقای باشورە.

ئامانجی سەرەکی ئەم رێکخراوە هاوکاری ئابووری نێوان ولاتانی ئەندام و وەستانەوەیە بەرانبەر دەسەڵات و هیژموونی ئابووری رۆژئاوا لە ئاستی جیهانی. ئەم رێکخراوە هەوڵ ئەدات جێگرەوەی هەبێت بۆ هەریەک لە "سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی" و "بانکی جیهانی". هەر بۆیەش لەدوای گفتۆگۆیەکی زۆر لەنێوان پێنج ئەندامەکە، بانکی نێودەوڵەتی "ئین دى بی" بە سەرمایەیەکی ١٠٠ ملیارد دۆلاری پێک هێنرا کە بنکە سەرکییەکەی لە شاری "شانگهای" چینە.

کۆی دانیشتوانی ئەم پێنج ئەندامە ئەکاتە سێ ملیاردو ٢١٠ ملوێن کەس و رووبەری خاکی وڵاتانی ئەندام ئەکاتە ٤١.٥ لەسەدی گۆی زەوی. ئەمەش واتە بازارێکی گەورەی جیهانی بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵاو شتومەک. هەروەها "بەرهەمی گشتی ناوخۆیی" واتە "بی ئین پی" ئەم پێنج وڵاتە لەمساڵدا کەوتە پێش وڵاتانی ئەندامی "جی ٧" کە ئەمەش نیشانەی گەشەی بە هێزی ئابووری وڵاتانی ئەندامە.

هەر ئێستا وڵاتانێکی زۆر لەسەرەدا وەستاون کە ببنە ئەندامی ئەم رێکخراوە و بەهرە لە ئەندامبوونی ئەم رێکخراوە گەورە ئابوورییە ببینن، لەوانە ئەرژانتین لە ئەمریکای باشور و جەزاییر لە باکووری ئەفریقا و ئێران لە ئاسیا. بەڵام ئەم سێ وڵاتانە لە قەیرانێکی ئابووریی درێژماوەدان و بۆیە ئەستەمە بتوانن ببنە ئەندام. تەنیا وڵاتێک کە شانسی بە ئەندام بوونی هەبێت ئەرژانین ە، ئەویش بەهوێ دۆخی ژیئۆپۆلیتکی ئەو وڵاتە لە ئاست جیهانی.
ئێران کە بەدەست قەیرانێکی بەردەوامی دەیان ساڵەی ئابووری (و سیاسیش) وە ئەناڵێنێ، بوون بە ئەندام لە رێکخراوە بە تەنیا رێگای دەربازبوونی خۆ لەم دۆخە نالەبارە ئەزانێت بۆیە لە مانگی ٦ی ئەمساڵ بەفەرمی داوای بە ئەندام بوونی لەم رێکخراوە کرد و هەبوونی گەرووی هورموز و رێگای ئاوی کەنداویی لە باشور، وەک خاڵی ئەرێنی خۆی بۆ بوون بەئەندام لەم رێکخراوە ناوبرد، بەڵام سەرەڕای بانگهێشتکردنی بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەمساڵ، داواکارییەکەی لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە بێ وڵام مایەوە.

هەتا ئێستا، سەرجەم ٢٣ وڵات بەفەرمی داوای ئەندامەتیان لەم رێکخراوە گەورە ئابوورییە کردووە، لەوانە جەزاییر،میسر، مەراکیش، ئیتیوپیا، نیگێریا، سێنیگال لە ئەفریقا، ئەرژانتین، هۆنودوراس، کوبا، ڤێنزوئێلا و بۆلیڤیا  لە ئەمریکای لاتین، بەنگلادیش، ئەندونیزیا، ئێران، عەرەبستانی سعوودی، تایلەند، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، فەڵەستین، کازاکستان و ڤێتنام لە ئاسیا، بێلاروس لە ئۆروپا.
چەندین وڵاتی دیکەش ئەیانهەوێت ببنە ئەندام بەڵام هێشتا بەفەرمی داوایان نەکردووە لەوانە، تورکیا، پاکستان، تونیس، ئانگۆلا، نیکاراگواو هتد.

چەند خاڵی گرنگ سەبارەت بەم رێکخراوەیە:
١.چین وەک دووهەم زلهێزی ئابووری جیهان دەوری سەرەکی لەم رێکخراوە هەیە
٢. بەشێک لەو وڵاتانەی کە پێشتر بە ناوچەی کاریگەری و ژێردەسەڵاتی رۆژئاوا ئەناسران ئەیانهەوێت بێنە ناو ئەم رێکخراوەو. ئەمەش تەنیا بەهۆی کێشەی ئابووری هەنووکەی ئێستایانەوە نییە بەڵکو لە سەقامگیری و ئاسایشی خۆیان لە ژێر سیبەری رۆژئاوا بێهیوا بوون، لەوانە عەرەبستان، بەحرەین، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کوێت.
٣. ئەمەش دەرخەری کاڵە بوونەوەی هێژموونی و دەسەڵاتی تاک لایەنانەی رۆژئاوایە لە دوو ناوچەی گرنگی جیهان واتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئاسیا

٤. چین و روسیا هەرکامە و لە ئاست خۆیانەوە توانیویانە بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا لەژێردەسەڵاتی رەهای رۆژئاوا و بەتایبەت فەرانسە وەدەر بێنن. لەوانە چین بە پرۆژە گەورە ئابوورییەکانی لە باکووری ئافریقا باڵادەستی بەدەست هێناوە و دەسەڵات و پێگەی روسیاش لە رۆژئاوا، ناوەند و باشوری ئەفریقا روو لە هەڵکشانە. کودەتا سەربازییەکانی ئەم دواییانەی مالی، نێجێر و .. رەنگدانەوەی ئەم بگرەو بەردە و کێبڕکێیەی چین و روسیا لەگەڵ رۆژئاواییە. لەوانەیە ئەنجامی ئەم کێبڕکێەی رۆژئاوا و بریکس لە ئەفریقا ببێتە دەستپێکی شەڕێکی نوێی ماڵوێرانکەر لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا لە داهاتووییەکی زۆر نزیکا.

٥. ئەم رێکخراوە و ئەم جەمسەرگیرییە نوێیە جیهانییە ئاڵترناتیڤێ مرۆڤدوستانەتر و باشتر لە دەسەڵاتی رۆژئاوا لە جیهان نییە، بگرە ئەم دەسەڵاتە نوێیە ئابوورییە زۆر دڕندانەتر لە رۆژئاوا، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەڵسوکەوت بکات.
بەڵام لە ئەوەڵەوە بۆ دوورکردنەوەی وڵاتانی ژێردەست لە رۆژئاوا و راکێشانی ڕای خەڵکی بۆ لای خۆیان، هەوڵ ئەدەن باشتر لە رۆژئاوا هەڵسوکەوت بکەن بەڵام ئەمە هەڵسوکەوتانە کاتییە و بەدوای سەقامگیربوونی دەسەڵاتی بریکس، دۆخی خەڵکی هەژار و فەقیر لە وڵاتانی ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا بەرەو خراپتربوون ئەچێت.

٦. ئەم رێکخراوە لە رووی مێژوییەوە، رێکخراوێکی هۆمۆژێن (یەک چەشن) و لێکچوو نییە. ئەم وڵاتانە ئەگەر چی لە بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتی رۆژئاوا هاوڕا و هاوڕێی یەکترن بەڵام کۆنە کێشەی مێژووی زۆریشیان لە نێوخۆ هەیە کە هەتا ئێستا چارەسەر نەکراون، لەوانە کێشەکانی نێوان هێند و چین و هتد. بۆیە ئەستەمە بەمزوانە ئەم رێکخراوە بگاتە ئامانجە بەرزەفرەکانی خۆی، وەک دروستکردنی دروای هاوبەش بۆ رکەبەرایەتیکردن لەگەڵ یۆرۆ و دۆلاری ئەمریکی.

٧. سەرەڕای ئەو خاڵە لاوازانەی کە ئەم رێکخراوە هەیەتی، بەڵام ئەم رێکخراوە ئەتوانێت ئەوەندەی دیکە پێگەو هێژموونی رۆژئاوا لە وڵاتانی جیهانی سێهەم لاواز بکات و مەترسییەکی جییدییە لە سەر بەژەوەندییەکانی رۆژئاوا لە ئاست جیهاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×