لەپەراوێزی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوكدا

د. سه‌عید عه‌لی محەمەد
  2024-01-06     437


ئیسلامییەكان تاكەی بەخۆیاندا ناچنەوە؟!

زۆربەی بیرمەندی ئیسلامی و پسپۆڕو شارەزایانی بواری سیاسەت پێیان وایە كاتێك ئیسلامیەكان لە هەڵبژاردنە گشتیەكاندا بەرانبەر بە لایەنەكانی تر دەیدۆڕێنن و شكست دەهێنن پێویستە لەسەریان لەجیاتی خۆپینەكردن و خۆدزینەوە و بەخشینەوەی تۆمەت بەم لاو بەولاو تاوانباركردنی بەرانبەر بە پیلان و فێڵ و تەڵەكە و تەزویر ئازایانە بەخۆیاندا بچنەوە و خاڵە نێگەتیڤ و لاوازەكانیان دەست نیشان بكەن و چارەسەری دروست و پێویست بۆ ئاییندە بدۆزنەوە.
ئەوەی پێویستە دانی پێدا بنرێت ئەوەیە دیاردەی دینداری لە كۆمەڵگە ئیسلامیەكاندا دیاردەیەكی بەرفراوان و بەرجەستە و حاشا هەڵنەگرە، واتە لۆژیك پێمان دەڵێ كە دەبێت كەس و كۆمەڵە دیندارەكانی ناو كۆمەڵگە كاتێك بەشداری پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن دەكەن پێویستە خاوەن زۆرینەی كورسی و پشتیوانی جەماوەری بن، خۆ ئەگەر پێچەوانەكەی دەرچوو ئەوا پێویستە هەڵوێستەی ووردو قوڵی لەسەر بكرێت.
ڕاستە بەكارهێنانی دەسەڵات و توانای ماددی و دارایی گەورە و دەزگای ئیعلامی زەبەلاح و پشتیوانی نێودەوڵەتی و هەرێمی و سەفقەی پەنهانی گوماناوی و تەزویرو دەستكاریكردنی دەنگەكان لە بەرژەوەندی لایەنێك یان چەند لایەنێكی دیاریكراودا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەنجام و كۆی پڕۆسەكە و ژمارەی كورسیەكان هەیە، بەڵام ناكرێ ئێمەش خۆمان گێل و بێ ئاگا بكەین و چاوپۆشی لە هەڵە و كەموكورتیەكان بكەین و بە فۆڕم و ناوەڕۆكی بەرنامە و پلان و ستراتیژو گوتارو كاری حیزبی و ڕێكخراوەیی و ئیسلامی خۆماندا نەچینەوە كە دەكرێ من لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بە پەلە ئاماژە بە هەندێكیان بكەم:

1- هەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر وا تێبگەین هەڵگرتنی دروشمی بریقەداری بێ كردەوە و گەرم كردنی مەكینەی ئیعلامی دژی دەسەڵات و حكومەت و دووبارە كردنەوە و سەد بارەكردنەوەی كۆمەڵێك دەستەواژەی بێ  ناوەڕۆك و بێ كاریگەر لەبەردەم كامێراكاندا لە بۆنە جیاجیاكاندا لەبەرانبەر بەرپرسان و بەكارهێنانی زمانی موهاتەرات و ناشیرن كردنی حیزبەكان و دەسەڵات و بەرپرسەكانیان، ئەم ریتمە لە گوتاری سیاسی دەتكاتە فریشتەی ئاسمان و دڵسۆز و خەمخۆری جەماوەرو خاك و نیشتمان و ئیتر تۆ بەرەی جەماوەرو بردنەوەی كورسیەكانی هەڵبژاردنی داهاتووت بۆ خۆت مسۆگەر كردووە! لە كاتێكدا جەماوەر زۆر هۆشیارە و بەم جۆرە گوتارە ڕزیوە سواوە تەقلیدیە نا خەڵەتێ و زۆر زیرەكانە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و لێهاتوو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ساختە و موزەییەف و خاوەن دەیان فەزاحەت و دۆسیەی قەڵب و ناشیرینی پشت پەردە لە ڕابردوودا چاك جیادەكاتەوە و دەناسێت.
بۆیە خەمخۆری و دڵسۆزی تەنها سنگ دەرپەڕاندن و خۆسووركردنەوە و وتاری ئاینی عاتیفی و قسەی بریقەداری بەردەم شاشە و خستنەڕووی چەند جارەی داتای بێ كەڵك و باوەڕ پێ نەكراو نیە، بەڵكو بەرگری كردن لە جەماوەرو گێڕانەوەی مافەكانیان و بەگژداچوونەوەی دەسەڵات و گەندەڵی و نادادیی خۆی لە بەرنامە و پلانی گشت گیرو ستراتیژو گوتاری عەقڵانی و قوربانیدانی حەقیقی و سەلماندنی پەرێز پاكی و ئەمانەت و بەرائەت و بڕیاری سیاسی سەربەخۆو ئازایانەی دوور لە كاریگەری و فشاری ئەم لاو ئەولا دەبینێتەوە، بڕیاری ستراتیجی لە بەرژەوەندی گشتی ئەگەرچی زەرەرو مەترسی لەسەر حیزب و بەرپرس و ئەندامەكانیشی بەدواوە بێت.

2- كاندیدكردنی كەسانی نەشیاوو ناشارەزاو نەزان لە سیاسەت و كۆڵەوار لە گوتارو دەربڕین و لاوازو بێ توانا لەڕووبەڕووبونەوەی بەرانبەرەكانیان، لەمەش خراپتر هەندێ جار هێنان پێشەوە و پێشكەشكردنی كۆمەڵە دەم و چاوێكی سواو و بێزراو و دووبارە بوەوە و تێوەگلاو لە سەفقەی بازرگانی و كێشەی كۆمەڵایەتی كە دەكرێ ئەمەش بۆ ڕاگرتنی باڵانس و هاوكێشەی ناوخۆی حیزب بێت، یان خزمایەتی و نزیكایەتی لە ڕابەرو سەرۆك و ئەمیرو خەلیفە و دەروودراوسێ پاڵنەری سەرەكی بێت.

3- نەبوونی قیادەی كاریزما: نوخبەی ئیسلامی ساڵانێكی دوورو درێژە بەدەست قیادەی لاوازو تەقلیدی و چەندین جار دووبارە بووەوە گیرۆدە بووە! چەند دەموچاوێك لە زەمەنی ئادەمەوە لە كۆنگرە بۆ كۆنگرە پاش و پێش و سەروخواریان پێدەكرێ و پێیان دەوترێ (سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی)، كە خاوەن هیچ داهێنان و بەرهەم و تازەگەری و ستراتیژو پڕۆژەیەكی دەعەوی و سیاس و ئیعلامی و كۆمەڵایەتی نەوعی ئەوتۆ نین بتوانێت تەكان و گۆڕانكاری نەوعی لە ئاست ناوخۆو دەرەوەی حیزبدا دروست بكات! بتوانن لە ئاست ئەو پەیمان و بەڵێنەدا بن كە بە ئەندام و كادیرو لایەنگری حیزبەكەی خۆیان داوە! دیارە ئەمەش یەكێكە لە پاڵنەرو هۆكارە سەرەكییەكانی دابەزینی ئاستی پشتیوانی و متمانەی جەماوەری و چیتر چاوەڕێ نەكردن و پشت نەبەستنی ڕای گشتی بە ئیسلامی سیاسی لە بەدیهێنانی ئاواتەكان و دەستكەوتە مەزنەكان، بۆیە قۆناغەكە هەستیارە و پێویست بە دەم و چاوو خوێنی نوێ و سیاسی لێزان و قیادەی كاریزماو ووریاو كاریگەر هەیە كە بتوانێت جارێكی تر سیقە و متمانە و قورسایی و سەنگی سیاسی لە ڕیزەكانی حیزب و لای جەماوەریش بگێڕێتەوە و لە ئاست چاوەڕوانیە گەورەكاندا بێت.

4- ئیسلامیەكان لە كوردستان (بە هەموو ئاڕاستەكانیانەوە) بە دەردی نەبوونی كەسانی بە تواناو لێهاتوەوە دەناڵێنن، ڕاستە كەسانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاكاندا بوونیان هەیە، بەڵام لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردووی كاری حیزبی و ڕێكخراوەیی و تێپەڕاندنی دەیان قۆناغی سەختی جۆراوجۆر هێشتا نەیانتوانیوە ببنە (مؤسسة) و دامەزراوەیەكی تۆكمە و كۆنكرێتی كە بتوانێ كەڵە پیاوی گەورەی قیادی و كەسانی عیملاق و سیاسی كاریزما و لێزان و بەهرەدار ئامادە و پەروەردە بكەن و بتوانن لە ئاست هەڕەشە و كۆسپ و ئاڵنگاریەكاندا بن و چاوەڕێ ی ئەوەیان لێ بكرێت ئازایانە و لێزانانە و حەكیمانە قیادەی قۆناغی ئێستا و داهاتوو بكەن و بێ هیچ ترس و دوو دڵیەك ڕاپەڕاندن و بەجێ گەیاندنی پڕۆژە ئیسلامییە گەورەكەیان پێ بسپێردرێت، دیارە ئەم دەردە كوشندەیە دەردێكی گەورەترو دیاردەیەكی قێزەون و ناشرین تری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەویش ئەوەیە كە لە ئەنجامی چارەسەر نەكردنی ململانێ و كێشە ناوخۆیەكاندا و دەستەبەرنەكردنی فەزای ڕەخنەگرتن و ئازادی ڕادەربڕین لەنێوخۆی حیزبدا، هەروەها ئەنجام نەدانی چاكسازی ڕیشەیی ناوخۆی دا دەبینین ڕۆژانە یان لەنێوان ماوەیەك و ماوەیەكی تردا دەیان ئەندام و كادیرو كەسانی حیزبی (بە حیساب ئامادەكراوو پەروەردەكراوو متمانە پێ كراو). هەر لە لوتكەی هەڕەمی حیزبەوە تا خوارەوە سارد دەبنەوە و حیزبەكەیان بەجێ دەهێڵن و (لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر پەیوەندی بە حیزبەكانی ترەوە نەكەن) ئەوا بە ئاشكراو لەبەردەم كامێرا و لەنێو سۆشیال میدیادا هەرا دەنێنەوە و وازهێنانی خۆیان ئاشكرا دەكەن و پەشیمانی لە ڕابردووی كاری حیزبی خۆیان ڕادەگەیەنن!

5- ئافەتێكی كوشندەی تر كە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گەڕانە دواوەی ڕەوتی ئیسلامی حەرەكی لە كوردستاندا هەیە: سەربەخۆیی نەبوونە لە ستراتیژو بڕیاری سیاسیدا، واتە كاتێك حیزبێك یان كەسانێك لەناو قیادەدا بەشێوەیەك لە شێوەكان تێكەڵ بە ئەجێندای دەرەكی دەبن و لە وێستگە جیاجیاكاندا جۆرێك لە تەماس و پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوانیاندا دروست دەكرێت ئیتر جێبەجێ كردن یان لانی كەم پشتیوانی كردنی ئەجێندای سیاسی دەرەوە لەنێو حیزب و سیاسەت و پەیوەندییە گشتیەكاندا دەبێتە بەرنامە و ستراتیژی ئەم جۆرە كەس و لایەنانە و لێرەوە فیتنە و ماڵ كاولیەكە دەست پێ دەكات و حیزب و قیادە و بڕیاری سیاسی لەلایەن دەزگایەك و وڵاتێكەوە ئاڕاستە دەكرێ بەڕادەیەك كە ئەو ووڵات و دەزگایە لە پشت پەردەوە ڕۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەی دەبێت تەنانەت لە دەست نیشانكردن یان دانانەوەی سەرۆك یان سەركردایەتی یان كاندیدی وەزیر یان پەرلەمان یان كورسی پەرلەمانی یان پۆستی حكومی بۆ ئەو حزب و لایەنە! ڕاستە ڕاگرتنی هاوسەنگی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی لەگەڵ وڵاتان بنەمایەكی سەرەكی پڕۆسەی سیاسی حەكیمانە و هەنگاوێكی زیرەكانەی پێویستە، بەڵام وابەستە بوون حیزب و قیادە و سیاسەت لەرزۆك دەكات و نیفاقی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە مایەی لەدەستدانی سومعەی سیاسی و ئیسلامی و دەیان پرسیار لە زهنیەتی هاووڵاتی و جەماوەردا دروست دەكات سەبارەت بە ڕادەی ڕاستگۆیی ئەو دروشم و شوناسە سیاسی و ئیسلامی و نیشتمانییەی كە ئەو حیزب و لایەنە هەڵیگرتووە..

6- ڕەوتێكی بە ڕواڵەت ڕادیكاڵی ئیسلامی كە هەڵگری نەهجێكی پراگماتی زۆر توندە و گۆڕانكاری بەدێوەزمە دەزانێ و چەپ و ڕاست گۆرانی بە شان و باڵی دەسەڵاتدا دەڵێ و (لەگەڵ دەسەڵات بوون)ی هیچ پێ شەرم و عەیبە نیە ئەگەر ئەو دەسەڵاتە شەیتانیش بێت، ئەم ڕەوتە سەر ئێشەیەكی ترە كە یەخەی ڕەوتی ئیسلامی گرتووە و دوور نیە خەنجەرێكی ژەهراوی شاراوەی تر بێت بۆ گیان و جەستەی ماندوی تەییاری ئیسلامی حەرەكی هاوشێوەی ئەو ڕەوتەی كە لە میسردا هەر لە زەمەنی (سادات) و (عبدالناصر) و (موبارەك)دا كوتەكێكی ئامادە بوو بۆ سەرسەری ڕەوتە ئیسلامیە ڕەسەنە سیاسیە ئیخوانیەكەو لەدوا قۆناغیشدا بێ هیچ سڵەمینەوەیەك بوویە بەشێك لەو كودەتایەی كە بەسەر دەسەڵاتە شەرعییە هەڵبژێردراوەكەی (مورسی)دا كرا ! چونكە مەهزەلە و گەوجاندنی تاكی موسڵمانی كوردە كاتێك دوژمنایەتی دیموكراسی و تان و پۆی پڕۆسەی سیاسی بكەیت و یاسای حیزبی و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و هەر جۆرە ناڕەزایی و شۆڕش و گۆڕانكارییەكی جەماوەری ڕەت بكەیتەوە و بەفیتنە و ئاژاوەگێڕی لە  قەڵەمی بدەی، كەچی لە پشت پەردەوە و لەژوورە تاریكەكاندا تەوزیف كرابیت و كەرەستەیەكی باشی ئامادەكراو بیت لەو كەرەستانەی بۆ دژایەتی كردن و لاوازكردن و پوكاندنەوە و بێ متمانەكردنی ئیسلامیەكان لە زهنیەتی خەڵكدا بەكاردەهێنرێن!

لێرەدا ئەركی ئیسلامییەكانە مەترسییەكانی ئەم ڕەوتە بۆ سەر پڕۆژە و كاری ئیسلامی و چارەنوسی خۆیان لە ئێستاو داهاتوودا بە هەند وەربگرن چونكە دوور نیە ئەقتاب و ئەتباعەكانی ئەم ڕەوتە ووردە ووردە قەڵەو بكرێن و ئامادەسازی ئەوەیان بۆ بكرێ (كە حاڵی حازر ئاماژەكانی تا ڕادەیەك دەركەوتوون) بۆ ئەوەی لە داهاتوودا و لە ئەگەری لادانی ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەكەدا بەهەر بیانوێك لەلایەن دەسەڵاتەوە وەك ئەڵتەرناتیڤ بهێننە مەیدانەكەو پێشكەش بە جەماوەر بكرێن و ئەوقاف و دەزگاو دامەزراوە ڕەسمی و حكومییەكانی تایبەت بە كاروباری ئاینییان پێ بسپێردرێت!

7- ئاشكرایە (اخلاص) و تەنها خواویستی لە مومارەسەكردنی هەموو كارو كردەوەیەكی دینی و دونیایی دا نهێنی هەموو بەرهەم و بەرەكەت و سەركەوتن و گەشەكردنێكە، لە ڕاستیدا ئەگەر (اخلاص) و (تجرد) و بۆ خوا یەكلابوونەوە خەسلەت و سیفەتێكی مەرج و زەروور بێت لە ئاست هەر كارێكی تاكدا ئەوا لەنێو دەعوە و قیادە و بانگەوازو سیاسەت و حیزبایەتیدا نەك هەر گرنگ و پێویستە بەڵكو فەریزەیە و خاڵی جەوهەری و هەوێنی بەرەو پێش چوون و قەبووڵ بوونە چ لای خەڵك و جەماوەر چ لای خاوەن بوونەوەر! ئەمەش دەخوازێ لێمان جارێكی تر بە پەیوەندی نێوان خۆمان و خوادا بچینەوە و ناخ و مەبەست و نییەت و ئامانجەكان لە دڕك و داڵ و تەپ و تۆزو پۆخڵەواتی بەرژەوەند پەرستی و پۆست ویستی و دونیا ویستی و نەفس ویستی و هەل پەرستی پاك بكەینەوە، ئەگەرنا لە دوورو نزیكدا حەقیقەت و ماهییەت و فۆڕم و ناوەڕۆكمان لە بەرچاو دۆست و دوژمندا ئاشكرا دەبێت و ئەوكاتیش پەشیمانی داد نادات.
مەعلومیشە ناودارەكان و كەڵە پیاوەكان و عیملاقەكانی سەردەمی زێڕینی ئیسلامیش پێش ئەوەی قیادەی سیاسی و سەربازی و پیاوی مەیدان بن ڕەمزی ڕۆحی و خواویستی و دونیا نەویستی بوون، بۆیەش توانیان بەسەر سەرسەخترینی دوژمنەكانی سەردەمی خۆیاندا زاڵ ببن و سەركردایەتی دین و دونیا بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن. هەمووشمان دەزانین كە وتراوە: (ما كان لله يبقى و ماكان لغير الله اضمحل).

 

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×