پەراوێزخستنی ستەملێكراوان بۆمبێكە بە ستەمكاراندا دەتەقێتەوە!

د. سه‌عید عه‌لی محەمەد
  2024-02-18     228

ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) لەسەر زاری كۆمەڵێك بەرپرس و شارەزا لە پرسی فەلەستین بڵاوی كردەوە كە هۆكاری سەرەكی هەڵگیرسانی شەڕی ئەم دواییەی (تۆفانی ئەقسا) ڕێكەوتننامەكانی (ئەبراهام)ـە كە پرسی فەلەستینیان پەراوێزخستووە و، زیاتر چاویان لەسەر باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ڕژێمی زایۆنی و وڵاتانی عەرەبی یە!

ئەم ڕێكەوتننامانە كە لەنێوان ڕژێمی جولەكە و هەندێك وڵاتی عەرەبی بە سەرپەرشتی ئەمریكا ئەنجام دراون بێ گوێ دانە ڕەگ و ڕیشكی كێشەی فەلەستین باز بەسەر ئەو پرسە هەستیارە قوڵەدا دەنێن و، گرنگی و بایەخی زیاتر بەپینە و پەڕۆكردن و چارەسەركردنی لابەلای بابەتەكان دەدەن و، نەهامەتی و تاڵاویەكانی ئەو گەلە ستەمدیدەیە لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی هەر لە ساڵی 1948ەوە تا ئەمڕۆ نادیدە و پشت گوێ دەخەن!

عەباس زەكی ئەندامی لیژنەی ناوەندی ڕێكخراوی فەتح دەڵێ: ڕێكەوتننامەكانی ئەبراهام هۆكاری سەرەكی ڕوودانی تۆفانی ئەقسا بوون، چونكە پرسی فەلەستینییەكانیان پەراوێز خست و، ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی عەرەب – جولەكەیان بەلاوە باشترو گرنگ تر بوو!

هەروەها (كریس مۆرفی) ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لە دیموكراتەكان دەڵێ: تۆ ناتوانی لەڕێی مامەڵەی دیبلۆماسییەوە لەگەڵ وڵاتانی سوننی دا ئاسایش و ئارامی بۆ ڕژێمی جولەكە دەستەبەر بكەی! ئەمەی ئێمە دەیڵێین بۆچوونێكی نوێ نیە، بەڵكو زۆربەی سیاسییەكان ناوچەكە و جیهان دوابەدوای پەلامارەكان بۆ سەر واشنتۆن و نیۆیۆرك – وەك ئاماژەیەك بۆ هۆكاری ئەو پەلامارانە - ئاماژەیان بۆ ڕەگ و ڕیشكی ناكۆكی نێوان عەرەب و جولەكە كرد كە پرسی فەلەستینە، وە ئەو هەموو ستەم و خوێن ڕێژیەیان بیر جیهان هێنایەوە كە دەیان ساڵە دژی ئەو گەلە پەیڕەو دەكرێ بەتایبەت لە كاتی داگیركردنی (بەیروت)ی دووەم پایتەختی عەرەبی لەلایەن ڕژێمی جولەكەوە لە ساڵی 1982 بە سەرۆكایەتی (ئەرێڵ شارۆن)ی وەزیری بەرگری ئەو كاتی جولەكە! بۆیە زۆربەی ئەو سیاسەتمەدارە كاریگەرانەی ئەو سەردەمە و ئێستاش ئەوە دووپات ئەكەنەوە كە هەتاوەكو فەلەستین و گەلەكەی هەست بە ئارامی نەكەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیشی لەناوچەكەدا ئارامی بەخۆوە نابینن!

ئەمریكا ساڵەكانی 1979 بۆ 1990 یارمەتی ئەفغانییەكانی دا لەڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەت، بەڵام كاتێك پشتی لێ هەڵكردن ئەنجامەكەی ئەوە بوو كە بینیمان بومەلەرزەكەی ئەفغانستان لەرینەوەكانی لەڕێی سەرهەڵدانی قاعیدەوە گەیشتنە واشنتۆن و لەندەن و نیۆیۆرك و مەدرید!!

ئەمریكا لەبەرئەوەی گەلی ئەفغانستانی لە هەست كردن بە تام و چێژی سەركەوتنەكەیان بەسەر سۆڤیەتدا مەحروم و بێ بەش كرد و، ئەفغانستانی تەسلیمی ئەجێندای وڵاتانی هەرێمی و دەوروبەركرد و چارەنوسی گەلی ئەو وڵاتە خرایە مەترسییەوە، ئیتر لێرەوە تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریكا دەستی پێكرد بە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی تاڵیبان و ڕێكخراوی قاعیدە و چەندان گروپی توندڕەوی تر!

خۆ ئەگەر ئەمریكا ئیستراتیژیەتێكی دوور مەودای پەیڕەو بكردایە و، پلان و سیاسەتی تەكتیكی لەو وڵاتە پەیڕەو نەكردبا، ئەگەر مامەڵەی لەگەڵ ئەو حیزب و پارت و گروپە چەكدارانەی ئەفغانستاندا بكردایە كە پێشتر هاوپەیمانی بوون دژ بە سۆڤیەت و، زیاتر سەركردەكانیانی دەناسی و شارەزای سیاسەتەكانیان بوو، ئەوا زۆر باشتر بوو بۆ ئەمریكا لە مامەڵەكردن لەگەڵ چەند حیزب و گروپێكی چەكداری تازە دروست بوو كە زۆر لەوانەی پێشتر تووندڕەوتر بوون! بۆیە ئەوەی کە ڕویدا سەرەنجام و بەرهەمی ئەو سیاسەت و پلانە تەكتیكی و كورت مەودایە بوو كە ئەمریكا پەیڕەوی كرد.

ئێمە ئێستا نەك بەس تەنها لە عێراق و فەلەستین و لوبنان و سووریا و یەمەن و سودان ڕووبەڕووی هەمان سیاسەت و گرفت بووینەتەوە، بەڵكو لە زۆر وڵات و شوێنی تری جیهاندا ئەم نەهجە پیادە دەكرێ و، ئەمریكا لێرەو لەوێ بە ئاشكرا و بەنهێنی لەگەڵ كۆمەڵێك تاقم ودەستەو گروپی کەمینەی تاییفی مامەڵەدەکات كە سەركوتی زۆرینە دەكەن، زۆرینەیەك كە لەبەرانبەر زوڵم و ستەم و بێ بەشكردنیان لە مافەكانیان وەستاونەتەوە!

ئەمریكا پێی وایە لەو ڕێگەیەوە دەتوانێ ئامانجەكەی بپێكێ و لەسەر دەستی كەمینەیەكی سەربازیی خۆسەپێنی شمولی دیكتاتۆرەوە ئەو زۆرینەیە لەناو ببات یان لاوازیان بكات یان بێ دەنگیان بكات و شوناسیان بسڕێتەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەردەم و مێژووی ئێستا هەمان سەردەم و مێژووی ڕابردوو نیە ئەگەرچی وڵاتە بە ئامانج گیراوەكان هەمان وڵاتەكانی ڕابردوون!

لای هەموان مەعلومە كە چۆن ئەمریكا لە ساڵی 2003 وە عێراقی بە سەنەدێكی دەستووری و تاییفی لەنێوان شیعە و سوننە و كوردا لاوازو دابەش كردووە، چۆن شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی – لەڕێی ئەو سیاسەتەوە كە باسمان كرد ـ ‌‌‌‌‌لە عێراق و میسرو یەمەن و سوریا و لیبیا و تونس شكست پێ هێنا كە ئەمەش زیاتر ئاگری ڕق و كینە و توڕەیی جەماوەری ئەو وڵاتانەی بەهێزترو بە بڵێسەتر كرد دژ بە هەر دەسەڵات و ستەمكارێك هەوڵی پەراوێزخستنی پرسە ڕەواكانیان بدات و ئەجێندای وڵاتانی تر بەسەریاندا بسەپێنێت.. سەرنج بدەن حاڵی حازر چۆن ئەمریكا بە یارمەتی چەند لایەنێكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی سوریای بەسەر سێ كانتۆندا لاوازو دابەشكردووە، چۆن یەمەن بە پشتیوانی ئەو لایەنانە بەسەر سێ دەسەڵاتی (حوسیەكان) و (حكومەتی شەرعی) لە باشوور و (ئەنجومەنی ڕاگوزەر) دا دابەش و لاواز كراوە، چۆن لە سودان دا بە چەك و تەقەمەنی و دارایی پشتیوانی لە هێزی فریاكەوتنی خیرا دەكرێ، كە گومانی تێدا نیە ئەو لایەنانەی لە سوداندا شەڕ دەكەن هەمان ئەو لایەن و گروپانەن كە لە یەمەندا پەیدابوون، هەمان ئەو لایەنانەن كە لە لیبیادا (حەفتەر)یان دروست كردووە و سەرجەمیشیان پەیوەندی و هەماهەنگی جۆراوجۆریان لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیدا هەیە!

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە: ئایا واشنتۆن و مۆسكۆ و چین و تاران و وڵاتانی تر كە بارودۆخی ئەم وڵاتانەیان بەم ڕۆژە سەختە گەیاندووە چاوەڕێی چی لە دەیان و سەدان خێوەتگا دەكەن كە سەدەها هەزار مرۆڤی ئاوارە و ستەملێكراو و بێ بەش لە سادەترین مافی ژیان تیایاندا كۆكراونەتەوە؟ ئایا ئەم وڵاتانە چاوەڕێی چی دەكەن لە سەدان گۆڕی بە كۆمەڵی جیاجیای لێرەو لەوێ كە ملیۆنان مرۆڤی بێ تاوان و بێ دەسەڵات بەهۆی سیاسەت و پلانەكانی ئەوان و دەسەڵاتە نێوخۆییەكانەوە تیایاندا شەهید بوون؟!

ئایا دەگونجێ ئەمانە هەر هەمووی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەدا بەرپا بكەن؟! ئایا پێشبینی ناكرێ ئەم هەموو ستەمە كەڵەكە بووە لەسەر گەلانی ناوچەكە بومەلەرزەیەكی توڕەیی سەرتاسەری، بومەلەرزەیەك بەهێزی دە پلەی سیاسی بەپێوەری ڕێختەر بهێنێتە كایەوە؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×