بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە! كاریگەرییەكانی چین؟ سوودمەندەكانی كێن؟

د. سه‌عید عه‌لی محەمەد
  2024-02-21     157

پڕوپاگەندە چەكێكە كۆمەڵگاكان كاول دەكات و ژیان تێك دەدات و مەترسی گەورە لەسەر تاك و خێزان دروست دەكات و، ئەوراقەكان و ڕاستییەكان تێكەڵ و وون دەكات و، ستەمەكان پەردەپۆش دەكات و ڕووخان و شكست و هەرەسی دەروونی و بێ هیوایی بەرهەم دەهێنێ!

مێژوو پێمان دەڵێ: پڕوپاگەندە ئاڕاستەی میللەتانی گۆڕیوە و، ئاگرخۆشكەری شەڕە گەورە و سەختەكان بووە و، نەتەوە و كۆمەڵگاكانی بەسەر یەكدا تێكداوە! پڕوپاگەندە لەپێناسە سادەكەیدا واتە: ڕەواجدان یان بڵاوكردنەوەی هەواڵێكی دروستكراو كە ڕاست نیە، یان گێڕانەوە و گەورەكردنی ڕووداوێك كە بەشێكی زۆر كەمی ڕاستە، یان لێكدانەوەی هەواڵێك و ڕووداوێكی ڕاستەقینە و كۆمێنت دان لەسەری بەشێوازێك كە پێچەوانەی ڕووە ڕاستەقینەكەی بێت!

مەعلومە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە هەنگاوێكی سادە و سەرپێیی نیە، بەڵكو بابەتێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوە و، كەسێك یان چەند كەسانێك یان لایەنێك یان دەزگاو دامەزراوەیەك لە پشتییەوە هەن و كاردەكەن، لەبەرانبەردا كەسانێك گوێ لەم پڕوپاگەندانە دەگرن و لەناو چینە جیاوازەكانی كۆمەڵگادا لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجێكی دیاریكراودا بڵاویان دەكەنەوە، كە ئەمەش سەلمێنەری بوونی ئەو پلان و بەرنامە و نەخشە داڕێژراوەیە كە ئەم پڕۆسەیە دەجوڵێنێت.

لە ڕاستیدا زۆربەی وڵاتان ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبنەوە و هیچ ووڵاتێك لە جیهاندا لە تێوەگلان بە پڕوپاگەندەی جۆراوجۆرەوە بەدەر نیە، ماوەیەك بەر لەئێستا زانكۆی (بازل) لە سویسرا توێژینەوەیەكی زانستی لەو بوارەدا ئەنجامداو یەكێك لە ئەنجامە بەدەست هاتووەكانی توێژینەوەكە ئەوە بوو كە ڕێژەی %30ی تاكەكانی كۆمەڵگا باوەڕو متمانە بە پڕوپاگەندە دەكەن و بڵاوی دەكەنەوە! بۆیە زۆربەی وڵاتانی گەورە و پێشكەوتوو پشت بە كەسانی پسپۆڕو توێژەری شایستە و ووریاو لێهاتوو دەبەستن بۆ بەدواداچوون و شیكردنەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە جۆراوجۆرەكان و كاریگەرییان لەسەر جەماوەرو دەسەڵات!

هەندێ وڵات بەشێوەیەكی لێزانانە و بەپێی نەخشە و پلانێكی ووردو ڕێكوپێك ئەو پڕوپاگەندانە ڕێك دەخەن و، زیرەكانە لەپێناو ئیدارەدانی كێشە و قەیران و ناكۆكیەكانیاندا تەوزیفیان دەكەن، هەروەك هەندێ وڵات لە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەدا دەزگا تایبەت و گرنگەكان و ئامڕازە پەیوەندییە ئەلیكترۆنیەكان وەك چەكێك بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازییەكانی خۆیان و، ئیدارەدانی قەیران و كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بەكاردەهێنن.

بڵاوكردنەوەی پڕووپاگەندە هەندێ جار دەگونجێ لەڕێی كڕینی هەندێ ڕۆشنبیرو قەڵەم بەدەستەوە بێت، یان لەڕێی دزەپێكردنی كۆمەڵێك بەڵگەنامەی ڕەسمی گرنگی تایبەت بە هەندێ كەسەوە بێت، زۆرجار پڕۆسەكە بەڕادەیەك گەورە و فراوان دەبێت دەگاتە كڕینی هەندێ دەزگای ئیعلامی یان سەكۆیەكی ئەلیكترۆنی گرنگ و بەرنامەكانیان، تەنها لەپێناو ڕەسم كردن و ئاڕاستەكردنی شەقام و ڕای گشتی بەو شێوەی دەسەڵات یان هەندێ لایەنی دیاریكراو دەیانەوێت، كە ئەمەش بەزۆری لە كاتێكدا ڕوودەدات كە ئامانجەكان زۆر گرنگ و گەورە و شاراوە بن.

لای هەمووان ئاشكرایە ئەم دیاردەیە ترسناكە و دەبێتە هۆی تێكدانی ئاسایش و یەكڕیزی نیشتمانی و، بەرەی ناوخۆ دەترازێنێ و جیاوازییە فیكری و ئایدۆلۆژییەكان تۆخ دەكاتەوە و، پیکەوە ژیانی ئاشتیانەو ئارامی کۆمەڵگا تێک دەدات و، فیتنە و دەمارگیریی و لایەنگیریی كوێرانە بەرهەم دەهێنێت و، فەوزاو بێ سەروبەری لەناو كۆمەڵگادا دەهێنێتە ئاراوە!

لەڕووی ئابوورییەوە كاریگەری خراپی لەسەر بازاڕو ڕێژەی بەرهەمهێنان و سست بوونی پڕۆسەی گەشەی ئابووری و بازرگانی دەبێت و، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازبوونی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و متمانەش لەنێوانیاندا كەم دەكاتەوە!

كوردستان وەك هەر ناوچەیەكی تری عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بە بارودۆخێكی سیاسی ناجێگیردا دەگوزەرێ و، لە سایەی ئەو نیمچە ئازادییەی كە لە كوردستاندا هاتووەتە كایەوە جۆرێك لە فەوزاو بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵی ناڕاست و سەیروسەمەرە هەست پێدەكرێ، ڕاستە هەندێ جار لایەنی ڕەسمی ڕای گشتی لە بڵاونەكردنەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵی ناڕاست و وەرنەگرتنی زانیاری لەسەرچاوەی وەهمی و باوەڕ پێ نەكراوەوە ئاگاداردەكاتەوە ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی زیاتر پاڵ بە تەشەنەكردنی ئەم دیاردەیەوە دەنێت و، هاونیشتمانیان هاندەدات پشت بە پەیجەكان و سۆشیال میدیاو سەرچاوە وەهمی و ناڕەسمی و نادیارەكانەوە ببەستن لە وەرگرتنی هەواڵدا، غیاب و ئامادەیی نەبوونی لایەنی ڕەسمیە وەک  پێویست سەبارەت بەزۆرێك لەو ڕووداو و گۆڕانكاری و هەواڵ و پێشهاتانەی كە ڕۆژانە لێرەو لەوێ بەرگوێمان دەكەون!

لێرەدا ئەركی دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدارە لە كاتی پێویست و گونجاودا هەواڵی ڕاست و دروست پێشكەش بە هاونیشتمانیان بكات و، لە ڕاستی و دروستی ڕووداوو پێشهاتە نوێیەكان ئاگاداریان بكاتەوە.

هەروەها لەپێناو بەهێزكردنی متمانە و بونیاتنانی سومعەیەكی ستراتیژیی نێوخۆیی پێویستە لەسەر دەسەڵات و دەزگا ڕەسمیەكان و خەڵكانی دڵسۆز جەماوەر لە بازنەی زانیاریەكان بۆ بازنەی هۆشیاریی و زانست و مەعریفە بگوازنەوە و، لە هەوڵ و خەمی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی و وریایی سەرجەم چین و توێژەكاندا بن ، بە تایبەت چینی گەنج و لاوو تازە پێگەیشتوەكان، چونكە ئەم چینە ڕۆڵی سەرەكی و زیاتر دەبێنێ لە گرنگی پێدان و بڵاوكردنەوە و ڕەواجدان بە پڕوپاگەندە جۆراوجۆرەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×