(عەلی قەرەداغی) پیاوێكی دڵسۆزو شایستە

د. سه‌عید عه‌لی محەمەد
  2024-01-13     510


(عەلی قەرەداغی) پیاوێكی دڵسۆزو شایستە
بۆ دەزگایەكی جیهانی گەورەو كاریگەر

ئێوارەی ڕۆژی دوو شەممە 8/1/2024 لە ئوتێل شیراتۆن لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بە ئامادەبوونی (651) زانای گەورەی چەندین وڵاتی ئیسلامی كارەكانی خولی شەشەمینی كۆمەڵەی گشتی (یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان) دەستی پێكردو، لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوەی سەرۆك و جێگرو ئەندامانی ئەنجومەنی ئەمینداران پڕۆفیسۆر عەلی قەرەداغی جارێكی ترو بە بەدەست هێنانی ڕێژەی 91.51%ی دەنگەكان بە سەرۆكی ئەو دامەزراوە جیهانیە هەڵبژێردرایەوە.

(یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان) دەزگایەكی ئیسلامی جیهانی سەربەخۆیەو ساڵی 2004 لە شاری (دبلن)ی پاپتەختی ئێرلەندا لەسەر دەستی زانای گەورەی جیهانی ئیسلامی خوا لێخۆشبوو (یوسف قەرزاوی) دامەزراوە.

ئەم دەزگا سەربەخۆیە خاوەن یاساو ڕێساو ئاڕاستەو توانای دارایی سەربەخۆی خۆیەتی و زانایانی گەورە و ناوداری هەر حەوت كیشوەرەكەی جیهان و چەندان كەمینەو پێكهاتەی جیاجیای ئیسلامی تێیدا خاوەن ئەندامن.

بایەخ و گرنگی و كاریگەری ئەم ڕێكخراوە دەكرێ لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا وێنا بكرێ:

- (یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان) ڕۆڵی چەترو مەرجەعێكی شەرعی بنەڕەتی و سەرەكی و سەرتاسەری دەبینێ لە ڕێنمایی كردن و ئاڕاستەكردن و گەشەپێدان و بەرەو پێش بردنی پڕۆژەی شارستانیی ئیسلامی لە چوارچێوەی پێكەوە ژیانێكی ئاشتیانە لەگەڵ سەرجەم گەل و نەتەوەكانی تری جیهان.

- ئەم ڕێكخراوە نوێنەرایەتی سەرجەم گەلانی موسڵمان دەكات بە هەموو مەزهەب و ئاڕاستەو كۆمەڵەكانیانەوە، بۆیە پاراستنی شوناس و ناسنامەی ئیسلامی و خزمەت كردن و چارەسەركردن و بەدواداچوونی كێشەكان و پرسەكانی پەیوەست بەو ووڵاتانە بە ئەرك و ئامانجی سەرەكی خۆی دەزانێت.

- هەروەها لە ئامانجە سەرەكییەكان: بەگژداچوونەوەی فەلسەفە و بیری توندڕەوی و سڕینەوە و بنەبڕكردنی بۆچوون و ئاڕاستە ئیسلامیە هەڵەكان و دووركەوتنەوە لە هەموو جۆرە توندوتیژی و دەمارگیرییەك و تەرح كردن و پێشكەش كردنی ئیسلام وەك ئاینێكی ئاسمانی جوان و بێگەرد و پڕ لە سۆزو بەزەیی و میهرەبانی و ڕەحمەت بۆ سەرتاسەری مرۆڤایەتی.
- برەودان و بەهێزكردنی هەستی برایەتی و گیانی پێكەوە ژیان و قوڵ كردنەوەی خۆشەویستی لەنێو خێزان و تاكەكانی كۆمەڵگە و كۆكردنەوە و نزیك كردنەوە و تەئكیدكردنەوەی زیاتر لەسەر خاڵە هاوبەشەكان.

بە تێڕامان لەو خاڵانەی سەرەوە كە دەرخەری جۆری سیاسەت و ستراتیژو پەیڕەوو پڕۆگرام و ئاڕاستەی ئەم ڕێكخراوەیەن بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە ڕێكخراوەكەی پڕۆفیسۆر قەرەداغی خاوەن پێگە و قورسایی و كاریگەری نەوعی ناوچەیی و جیهانی یەو خاوەن گوتارێكی ئیسلامی جیهانی میانڕەوی تایبەتە كە سەركەوتوانە توانیویەتی سنورە دەستكردەكان ببەزێنێت و بە یەكێك لە دەستكەوتە هەرە گرنگ و دیارەكانی پڕۆژەی كاری ئیسلامی هاوچەرخ لەسەر ئاستی جیهان لە قەڵەم بدرێت.

لەلایەكی ترەوە عەلی قەرەداغی كە سایەتییەكی ئیسلامی ناودارو دیبلۆماتكارێكی ووریاو سیاسییەكی عاقڵ و زاناو فەقیھ و شەرع زانێكی گەورە و پسپۆڕو ئەكادیمیەكی ئابووریناسی عێراق و ناوچەكەیەو خاوەن نزیكەی (30) پەرتوك و زیاتر لە (120) توێژینەوەی زانستیە لە بوارە جیاجیاكاندا، ئەمە جگە لەوەی ناوبراو ئەندامێكی هەمیشەیی و سەرەكی و كاریگەرە لە زۆربەی هەرە زۆری ڕێكخراوو دەزگاو دامەزراوە ئیسلامی و جیهانیەكان لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و خێرخوازی و فیقهی ئیسلامی و یاسای نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤ!

بێگومان ئەوەی زیاتر لێهاتوویی و دلسۆزی و شایستەیی عەلی قەرەداغی دەسەلمێنێت لەلای ئێمە وەك هاونیشتمانیانی كورد ئەوەیە كە ئەو لە قۆناغە سەختەكانی ڕابردوودا ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەری هەبووە لە چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكیە ناوخۆییەكانی هەرێم و بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی كردنی چەندان پڕۆسەی ئاشتەوایی نێوان حیزبە كوردستانییەكان، هەروەها خاوەن ڕابردوویەكی دیارو هەگبەیەكی پڕە لە پێشكەشكردنی سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەكانی ئایینی و ئەكادیمی و تەندروستی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئاوەدانكردنەوە و یارمەتیدان و بەدەمەوە چوونی هەزاران منداڵی بێ باوك و خێزانی هەژارو كەم دەرامەت... لە دەرەوەی كوردستانیش ناوبراو هەمیشە بەرگری كەرێكی سەرسەخت بووە لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان (وەك یەكێك لە گەلە موسڵمانە ستەم لێكراوەكانی ناوچەكە) و ڕۆڵی دیاری بینیوە لە گەیاندنی مەزڵومییەتی گەلەكەی بە دنیای دەرەوە و ناوەندەكانی بڕیار بەدەست لە جیهاندا! مەعلومیشە قەرەداغی یەكێك بوو لەوانەی پیرۆزبایی ڕاپرسییە گشتییەكەی هەرێمی كوردستانی كردو داوای لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ كرد كە ئەو هەنگاوە بە لاوازكردن و پارچە پارچە كردنی عێراق لێك نەدەنەوە و بە مافێكی سروشتی گەلی كوردستانی وەسف كردو داواشی لە توركیا كرد دەرگاكانی شەڕو ئاژاوە دابخات و ڕێگەی ئاشتی بگرێتەبەرو ڕێز لە ئیرادە و ویستی گەلی كوردبگرێت!

ئەمە جگە لەوەی قەرەداغی كارەكتەرێكی زۆر سەركەوتوو بووە لە چارەسەركردنی زۆربەی شەڕو ناكۆكیەكانی وڵاتان و گەلانی تری ئیسلامی ناوچەكە هەر لە سوریاو یەمەن و فەلەستین و بەحرەین و ئەفغانستان و داغستان و شیشان و قیرقیزستان و ئۆزبەكستان تا دەگاتە لیبیاو وڵاتانی ئەفریقیا!

ماوەتەوە بڵێین: هەڵبژاردنەوەی عەلی قەرەداغی وەك سەرۆكی (یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان) لەلایەن سەدان زاناو بیرمەندو پسپۆڕی ئەكادیمی و كەسایەتی گەورەی جیهانی، دەكرێ هەڵگری كۆمەڵێ ماناو ئاماژەی گرنگ بێت كە دیارترینییان گەورەیی و كاریگەری ئەو ڕێكخراوە جیهانیە لەلایەك و دڵسۆزی و شایستەیی و كاریزمایی قەرەداغی لەلایەكی تر نیشان دەدات!

بۆیە گرنگە سیاسییەكانی كوردو ناوەندەكانی بڕیاری سیاسی لە كوردستان بە شانازی یەوە لەم هەنگاوە گرنگە بڕوانن و بتوانن لەم قۆناغە سەختەی كە كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت و بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان و ڕوبەڕوو بوونەوەی مەترسیەكانی داهاتوو، لەجیاتی ئەوەی پشت بە دەرەوە ببەستن و سوود لە ئامۆژگاری و ئەزموونی كەسانی بیانی بەناو نزیك و دۆست وەربگرن با سوود لە كەسانی نیشتمان پەروەرو دڵسۆزو متمانە پێكراوی ناوخۆی خۆیان وەربگرن و وەبەرهێنان لە تواناو ئەزموون و پێگە و كاریزمایی كەسێكی وەك قەرەداغی بكەن.

 
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×