ڕاپەڕین و ٣٣ ساڵ دروشمبازی

شاهۆ پاڵانی
  2024-03-09     342

سی و سێ ساڵ بەرلەئێستا بەهۆی ڕەوشی ناوەخۆی عێراق و ناوچەکەو ئیقلیمیش، ژینگەیەکی لەبارو پێگەیشتوو بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان هاتە پێشەوەو گەلی کوردستانیش ئەم هەلەی لەدەستنەداو قۆستیەوە. لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گەلی کوردستانی باشوور پێی نایە قۆناغێکی مێژوویی نوی و تاکی کورد هەر لە منداڵ و مێردمنداڵەوە تا بەتەمەنترینی، بەوپەڕی ئومێدەوە لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین و ئاسۆی داهاتووی کوردستانیان دەڕوانی. خەڵک هێندە خۆشحاڵ بوو، نەیدەزانی چۆن گوزارشت لەو هەستە پڕ لەئازادیەی بکات، کە لەژێر زوڵم و زۆرو ژێردەستەیی و هەموو ئەو نەهامەتیانەی کە ڕژێمی دکتاتۆری بەعس بەسەری هێنابوو، ڕزگاریان ببوو.

خەڵکی کوردستان پێی وابوو، لە ژێر سایەی حکومڕانی خۆماڵی کوردیدا ئیتر دەحەسێتەوەو ژیانێکی شایستەو ئارام،  ژینگەیێکی پڕ لەئازادی فەراهەمکراو و شکۆی بۆ هەتاهەتایە پارێزراو دەبێت. لە ساڵی ١٩٩٢ دوای یەکەمین هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت، ئیتر ئاسۆی ئومێدی نەتەوەیەکی خێرلەخۆ نەدیو گەشترو ڕووناکتر دەهاتە بەرچاو. ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی هێندە بتەو بوون، مامۆستاو تێکڕای فەرمانبەرانی کوردستان کۆک بوون لەسەرئەوەی کە سەری بەرزیان بۆ موچەی ڕژێمی بەعس دانانەوێنن، تەنانەت هەر تاکێکی کورد ئامادەبوو بۆ پارێزگاریکردن لەو دەستکەوتانە، گیانی خۆشی بۆ ببەخشێ.

کەچی زۆر نەگوزەراو جەولەکانی شەڕەکانی ناوەخۆ دەستیپێکردەوە، تاکڕەوی دەسەڵاتخوازی، خۆسەپاندن، سڕینەوەی یەکتر و بەرژەوەندی کوێرانەی حزبایەتی، ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیان کاڵ کردەوە. جۆرێک زەمینەی ناکۆکیەکان خۆشکر، دووبەرەکی، ململانێ، بوغزاندن و یەکتر شکاندن شۆڕکرایەوە ناو کۆمەڵگاو بەرسەر دوو بەرەدا بەشیکردن، زەردو سەوز یاخود جەلالی و مەلایی، تەخوینکردنی یەکتری زۆر جار دەگەیشتە ئاستی لێکترازانی خێزانەکان. پەند وەرنەگرتن لە مێژوو و جارێکی تر هانابردن بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بۆ لەناوبردنی یەکتری بۆوە بە مۆدێل و تا ئێستاش ئەم کولتورە درێژەی هەیە.

ئیتر بەدرێژایی زیاتر لە سێ (دەیە) حکومڕانی کوردی... یان ڕاستتر بڵێم دەسەڵاتی کوردی ژێر هەژموونی دوو حزبەکە، نە توانیان نمونەنەیەکی جوانی حکومڕانی نیشانی دونیا بدەن، نە توانیشیان زەمینەی ژیانێکی دادپەروەرانەو شایستە بۆ گەلی کوردستان بسازێنن، بەجۆرێک تاکی کورد هەست بەئازادی و ئازادی ڕادەربڕین، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی لە ئەرک و ماف، دیموکراسیەت، بەدامەزروەکردنی دامودەزگا حکومیەکان، کە لەخزمەتی هاوڵاتیاندا بێت و زۆری تریش.

ئەگەر بپرسین دەسەڵاتی کوردی لەو زەمەنە دوورو درێژەدا چی دەستکەوتێکی بۆ گەلی کوردستان فەراهەم کردوە؟!!  ئەوا دنیایەک وەڵامت دەستدەکەوێ، کە بەشێکیان ئەمانەن:

گەندەڵی، بەهەدەربردنی  سامانی کوردستان و خستنە ژێرباری قەرزداری نەوەکانی داهاتوو بەناوی ئابووری سەربەخۆوە،    دەوڵەمەندبوون و بەملیاردێربوونی حزبەکانی دەسەڵات و کۆمەڵێک کۆمپانیای ژێر سایەی حزب و هەژارتربوونی خەڵکی کوردستان، بونیادنانی دەیان پڕۆژەی نیشتەجێبوون،  گوندی هاوچەرخ، سەدان باڵەخانەی شوشەیی بەرز بەرز، کە کەس نازانی خاوەنەکانیان کێن...! و زەڕەیەک خەڵکی کوردستان لێی سودمەند نەبوون، لەکاتێکدا کرێنشینان بەهۆی بێکاری و بێ موچەیی وە بە ئاستەم دەتوانن یاخود ناشتوانن کرێی خانوێکی گەڕەکێکی هەژارنشین بدەن. داڕمانی کەرتی پەروەردەو زانکۆ حکومیەکان و دروستکردنی چەندین زانکۆی ئەهلی کە بوونەتە کارگەی بەرهەمهێنانی بڕوانامەی بێ ناوەرۆک بۆ بەرپرس و منداڵ و نەوەکانیان، هەروەها بۆ دەوڵەمەندو پارەدارەکان، بێگومان خاوەندارێتی ئەم زانکۆیانەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ چینی دەسەڵاتداران. داڕمانی کەرتی تەندروستی حکومی، لەهەمانکاتدا بونیادنانی دەیان نەخۆشخانەی تایبەت بۆ چینی دەوڵەمەند و دەسەڵاتداران، کە خەڵکی ئاسایی توانای سەردانیکردنیان نیە لەبەر گرانی. بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان، نادادی و ناسەربەخۆیی دادگاکان و ........  زۆرو ..... زۆرو .... زۆری تریش.

ئەوەی دەسەڵاتی کوردی درێغی لێ نەکردوە، تەنها دروشمبازی و هەوڵی بەمێگەلکردنی کۆمەڵگا بوە. لەهەموو بۆنەو یادە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا، سەرۆک و سەرکردایەتی حزبەکان، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان، هیچ لەخۆیاندا ناهێلنەوەو دنیایەک ئومێد دەخوازن، بۆ یەکخستنی تواناکان، بنەبڕکردنی گەندەڵی، نەهێشتنی نادادپەروەری و سەربەخۆیی دادگاکان، فراوانکردنی پانتایی ئازادیەکان، نەهێشتنی دوو ئیدارەیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەکان، بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردەو تەندروستی، چارەسەرکردنی کێشەکانی نیشتەجێبوون و کەمکردنەوەی هێلی هەژاری و... زۆرو ..... زۆرو .... زۆری تریش، بێ ئەوەی یەک هەنگاوی کرداری بۆ بنێن.  وەک ئەوە وایە کەئەوان لێی بەرپرس نەبن و چاککردنیشی لەدەسەڵاتی ئەواندا نەبێ. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×