کەرکوك قودسی عەرەبەکانە؟!

ئەبوبەکر عەلی
  2019-07-14     1065


لەمەڕپێویستی نەخشەو زهنیەتێکی نوێ بۆکورد


خۆپیشاندەرە عەرەبەکان لە کەرکوك دروشمی نەخێر بۆ داعش وجیاخوازەکانیان بەرزکردەوە،لەدروشمێکی تریشدا  کەرکوکیان بەقودس چواندبوو ! تورکمان وعەرەبیش دژایەتی خۆیان بۆدانانی پارێزگارێکی کورد دەربڕی . هەموو ئەمەش پێمان دەڵێت پرسی کەرکوك گەڕاوەتەوە بۆ هەندێ قۆناغی بەرایی ، بەڵام لەهەمان کاتدا دووبارە وروژاوەتەوەو بۆتەوە  بەکێشەیەکی گەرم وزیندوو . عەرەب وتورکمانەکان ، لانی کەم نوێنەرە سیاسیەکانیان واقسە دەکەن ، کەرکوك لەدەست داگیرکاری کوردی ڕزگاری بووە ، لەوەتەی کوردیش حوکمی ناکات ئاسایش بۆ پێکهاتەکانی گەڕاوەتەوە؟هێزەعەرەب وتورکمانەکانی دەخوازن مەسەلەکە لەچوارچێوەی یاساو زۆرینەی لیستی برایەتی دەربکەن وبیبەستنەوە بەتەوافوقی پێکهاتەکانەوە ، کەئەوەش کارێکی ئاسان نیەو یەکسانە بەدرێژەدان بە دیفاکتۆی ئێستا . کوردیش دەخوازێت لەڕێی سێ کوچکەی بەرکەوتەی یاسایی ، لێکتێگەیشتن لەگەڵ پێکهاتەکان ، لانی کەم بەشێ لەنوێنەرەکانی وتەوافق لەگەڵ بەغدا دۆخی شارەکە ئاسایی بکاتەوە وکێشەکانی چارەسەربکات ؟ لەهەموو حاڵەتێکدا دوای ڕیفراندۆم کورد وەك نەتەوەیەکی جیابوەوە لەعیراق سەیری دەکرێت . گرنگە کورد ئەمە بزانێ ، لەسۆنگەی گواستنەوەی ناکۆکیەکانی دوو پارتەکەش بۆ ناو کەرکوك،کەرکوك بوو بەکێشەیەکی کوردی_کوردیش!!.دوای ڕیفراندۆمیش ئەمە زەقتر بۆوە.ئێستاش تاسەر گرەو لەسەر هیچ ڕێکەوتنێکی یەکیەتی وپارتی ناکرێت.بەتایبەتیش لەدۆخی دروستبوونی فشاری توندا.   پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئامانجی کورد گێڕانەوەی دۆخی جاران ودووبارە بەرهەمهێنانەوەی کێشەو چیرۆکەکانە، کەبەبڕوای ئێمە دوای ئەوەی ڕوویداوە ئاسان نیە،ژیانی پێکهاتەکان بۆماوەیەکی بەرچاو لەدەرەوەی دەسەڵاتی یەکیەتی وپارتی هەمان دۆخی جاران قبوڵ بکەن ؟.بەحوکمی ئەوەی بەربەستی ترسیان شکاوەو بەرژەوەندی جۆراو جۆریان بۆ دروست بووە . وەئایە هێزەکوردییەکان بەهەندێ بەرژەوەندی ئابووری قایل دەکرێن؟کەلەڕابردوودا ئەم هۆکارە زیادلە دەرفەتێکی لەدەستمان داوە ؟ بەڵکو پێش هەموو شتێك وەك کورد دەتوانین خاوەنی لێکدانەوەو دیدو نەخشەیەکی سەرو حیزبی ونەتەوەیی بین بۆ شارەکەو تێکڕای ناوچەکوردستانیە کێشە لەسەرەکان؟ خۆئەگەر لانی کەمی ئەوە هەبوو خوێندنەوەمان بۆ گۆڕانکاریەکان وئەگەرەکانی داهاتوو ڕەنگدانەوەیان بەسەر پرسی کەرکوك وکۆی بارودۆخی کوردوستانی باشوور چی یە ؟ سیناریۆو بژاردەکانی بەردەممان کامانەن هەرلە درێژەدان بەدۆخی ئێستاو چارەسەرێکی نیوەناچڵەوە بگرە تادەگاتە دووبارە وەگەڕخستنەوەی ڕیفراندۆمەکە؟لەم پرسەداچی ستراتیژو چی تاکتیکە؟قۆناغەکانی چارەسەر کامانەن وچۆنابەقازانجی چارەسەری پرسەکە یەکتری تەواو دەکەن؟ تاکەی بەم جۆرەی ئێستا بەدیارماددەی سەدو چلەوە دادەنیشین؟بژاردەکانی دەرەوەی میکانیزمەکانی ئەوچین لەژێر چەتری ڕەوایەتی ماددەکەدا؟ بەکورتی نەخشە ڕێگای نوێی کورد لەم ڕوەوە چیەو کێ گەڵاڵەو گەنگەشەی کردووە؟ چونکە کورد پێویستی بەنەخشەو زهنیەتێکی نوێ هەیە. لەم ڕوەشەوە کورد دەبێت پێش هەرشتێك ببێت بەکورد.چونکە ئێستا کوردبوون لەوە کەوتووە ببێتە ژێرخانی دیدو ڕیزێکی تۆکمەو لەشکان نەهاتووی یەکگرتوو،کورد نەك هەرلەکەیە لەگەڵ بوونی دروشم وداوای هاوبەشدا ناکۆك بێت،بەڵکو دەبێت قۆناغی هاوپەیمانی نێو خۆیش بەقازانجی هاوچارەنووسی ڕاستەقینە تێپەڕێنێت،چونکە هاوپەیمانی بەرگەی ڕۆژە سەختەکان ناگرێت وتوانای بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکانیشی نیە. کورد پێویستی بەدیدێکی هەمەلایەنەیە،پێویستی بەهاوپەیمانی یە لەگەڵ یەکێ لەپێکها تەکان،کەپێکهاتەی تورکمان لەبەرهەندێ هۆی مێژوویی وهەرێمایەتی وسروشتی مەسەلەی کورد لەعێراقدا بەپلەی یەکەم بۆ ئەم خواستە پاڵێوراون .چونکە کورد لەیەککاتدا توانای ململانێی لەگەڵ هەریەك لە ئێران وتورکیاودنیای عەرەبدا نیە، بەم کارەش جگە لەڕەواندنەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەرئاستی ئەنجومەنی پارێزگادا بەڕێوەن، وێنای ململانێکەش لەکوردو بەرامبەرەکانیەوە،دەگۆڕێ بۆ عەرەب و بۆ نموونە هاوپەیمانی سێ نەتەوەکەی تر بەبێ پەراوێزخستنی عەرەبیش.بەڵام ئەمەش کارێکی زۆری دەوێت چونکە پێویستی بەڕەچاوکردنی بەرزەوەندی هەندێ لایەن ودەوڵەت هەیە،مەگەر گۆڕانکاریە چاوەڕێکراوەکان بۆ ماوەیەك هەندێ بەرژەوەندی سڕبکات  کوردیش توانای قۆستنەوەی دەرفەتەکەی هەبێت،کورد دەبێت فێرببێت چۆن سازش دەکات ولەگەڵ کێ و لەسەرچی و لەپێناو چیدا ، لەڕوویەکی ترەوە کورد واتە یەکیەتی وپارتی دەبێت دان بەوەدا بنێت کەبەشێ لە شکستی ئەو لەڕابردوو دڕدۆنگیەکان بەرامبەری لەئێستادا ئەخلاقیە،سەرکەوتن لەسایەی تەرازووی هێزەکانیش لەم شارەو تكڕای ناوچە کێشە لەسەرەکاندا سەرکەوتنی سیاسی وسەربازی بێ سەرکەوتنی ئەخلاقی قورسە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×