سودانی لەبارەی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی گروپە چەكدارەكان هۆشداری دەداتە ئەمریكا
  2023-12-09       378       

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی شەوی رابردوی نێوان محەمەد شیاع سودانی و وەزیری بەرگری ئەمریكا بڵاوكردەوەو دەڵێت، سودانی بە وەزیری بەرگری ئەمریكای راگەیاندوە، هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانای دۆزینەوەو دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكانیان هەیەو هۆشداری داوە لەبارەی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی گروپە چەكدارەكانی بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق و جەختیشی كردۆتەوە كە نابێت هاوشێوەی هێرشەكەی جورف سەخر دوبارە ببێتەوە.

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، شەوی رابردو، محەمەد شیاع سودانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكاوە پێگەیشت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە باس لە پەیوەندییە دوقۆڵییەكان لە بواری ئەمنیدا كراوەو هەروەها تاوتوێی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە جیاجیاكان كراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باس لەو هێرشانەی دوایی كراوەتەوە كە كراونەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداو جەختی لە گرتنی دانانی سنورێك بۆ ئەو هێرشانە كراوە كە دەبنە مایەی لاوازكردنی سەروەری و سەقامگیری عێراق.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جەختی لە پابەندی حكومەت بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و پاراستنی كارمەندانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردۆتەوەو وتوشیەتی، دەزگا ئەمنییەكانی عێراق توانای دۆزینەوەو دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكانیان هەیەو هاوكات هۆشداریشی داوە لە وەڵامدانەوەی راستەوخۆی گروپە چەكدارەكان بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق و جەختیشی لە گرنگی دوبارە نەبونەوەی هێرشی هاوشێوەی ئەوەی جورف سەخر كردۆتەوە كە تێیدا هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان كردە سەر گروپە چەكدارەكان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وەزیری بەرگری ئەمریكا پێشوازی لە هەڵوێستی حكومەتی عێراق كردوە بۆ ئیدانەكردنی ئەو هێرشەی كرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكاو هەروەها پێشوازیشی ل رێكارەكانی حكومەت كردوە بۆ دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەو جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو هێرشانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆی عێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پەیوەندییە  تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی رایگەیاندوە "ئەمریکا مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی هەیە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە سەری."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×