بەریەککەوتنی خواستی کوردو ئێران
  2024-01-24       1111       

شێرکۆ کرمانج و سەردار عەزیز

 

پاشخانێکی مێژوویی

پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێران لەگەڵ کوردەکانی باشوور دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٦٢ کاتێک شای ئێران، محمد ڕەزا، دەستی کرد بە دابینکردنی تەقەمەنی سووک و پاڵپشتی دارایی بۆ کوردە ڕاپەڕیوەکان دژی حکومەتی عێراق. پشتگیریی دارایی ساڵانە و ناردنی چەک لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زیادی کرد و لە ١٩٧٤ دا گەیشتە لوتکە و لە ٧٥ ملیۆن دۆلاری تێیپەڕاند. شا دەیویست عێراق لاواز بکات بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ عێراق لەسەر شەتولعەرەب بباتەوە، کە ڕووبارێکە لەسەر سنووری هەردوو وڵات. شا عێراقێکی بەهێزی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ستراتیجی خۆی بۆ فراوانکردنی هەژموونی ئێران لە کەنداو دەبینی.

لە نیسانی ١٩٧٢ دا عێراق و یەکێتیی سۆڤیەت پەیماننامەیەکی دۆستایەتی و هاوکارییان واژۆکرد. لە ئەنجامدا ترسی شا زیاتر بوو، ترسەکە لە ئەمەریکاش دەنگدانەوەی هەبوو چونکە هەردوو وڵات دەیانویست ڕێگری لە فراوانخوازی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆمۆنیزم بکەن. لە ئەنجامدا، ئەمەریکا و ئیسرائیل پەیوەستبوون بە پلانەکەی شا بۆ پشتیوانی لە کوردەکانی عێراق. لە ئازاری ١٩٧٥ دا، عێراق سەروەریی ئێرانی بەسەر شەتولعەرەب و چەند ناوچەیەکی دیکەی کێشەلەسەردا قەبوڵکرد، کە بە ڕێککەوتنی جەزائیر ناسراوە. لە ئەنجامدا ئێران پشتی لە کوردەکان کرد کە بووە هۆی داڕمانی ڕاپەڕینەکەیان.

پاش ڕێککەوتنی جەزائیر، پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئێران تێکچوو هەتا لادانی شا لە دەسەڵات لە ١٩٧٩ دا، کە ڕێخۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەدا. هەڵوێستی دژبەرانەی ڕژێمە نوێکەی ئێران بەرامبەر عێراق و سەددام حوسێنی سەرکردەی، دەستوەردانی ئێران لە سیاسەتی عێراق، هەروەها خواستی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر، هەمووی پێکەوە شەڕێکی هەشت ساڵەی لەنێوان هەردوو وڵات لێکەوتەوە. ئەم شەڕە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و گرووپە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی لێ دروست بووەوە، لەوانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. بەدرێژایی ماوەی جەنگەکە (١٩٨٠-١٩٨٨)، ئێران چەک و ڕاوێژکاری بۆ گرووپە کوردستانییە ڕاپەڕیوە جیاوازەکان دابین دەکرد. بەڕادەیەک کە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، سیخوڕەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و دامودەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران لە عێراق دەبینران و زانیاری ورد و دروستیان بەدەستدەهێنا لەسەر لایەنە کوردستانییەکان، لەوانە گرووپە کوردستانییەکانی ئێران کە وەک ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان جێگیرببوون.

لە ١٩٨٨ و لە کۆتایی شەڕەکەدا، عێراق بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەر شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان. ئێران هاوکاری بریندارانی کرد و دڕندەییەکەی دەوڵەتی عێراقی دۆکیۆمێنت کرد. لەهەمان ساڵیشدا سنوورەکانی بە ڕووی پەنابەران و پێشمەرگە کوردستانییەکاندا کردەوە بۆ دەرباز بوون لە هەڵمەتی جینۆسایدی ناسراو بە ئەنفال. لە ١٩٩١ یش، ئێران دووبارە بەخشندەیی خۆی نیشاندا بە کردنەوەی سنوورەکانی بۆ زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی کورد کە لە هێرشەکانی سوپای عێراق دوای شکستی ڕاپەڕینەکەی ئەو ساڵەیان هەڵدەهاتن. بەڵام کاتێک شەڕی ناوخۆی کوردی-کوردی لە ١٩٩٤ دەستی پێکرد، ئێران لایەنگری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی کرد لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەلایەن عێراق و تورکیاوە پشتیوانی دەکرا. پاش دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، ئێران بە شێوەیەکی قووڵ تێوەگلا لە سیاسەتی کورد و هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی زەمینی و تیرۆری کوردەکانی ئێران، ئەوانەی هەرێم ببووە پەناگەیان. 

لە کۆتایی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، بۆ ماوەی چەند ساڵێک، پێگەی ئێران لە هەرێمی کوردستان لاوازبوو بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا پتر هاتبووە نێوەندەکە و نێوانگیریی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیی دەکرد. پاش لەشکرکێشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە ٢٠٠٣ دا، پێگەی ئێران هێندەی دیکە لاوازبوو. کوردستانییەکان لە ٢٠٠٥ حکومەتێکی یەکگرتوویان پێکهێنا و پێگەیان بەبەراورد بە پێکهاتەکانی دیکەی عێراق لەبەر چاوی بکەرە ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان بەرزبووەوە چونکە هەرێمی کوردستان سەقامگیرترین و ئارامترین ناوچەی عێراق بوو. هاوکات، هەرێم ببووە ناوەندێک بۆ وەبەرهێنانی بیانیی و ناوخۆیی. کوردستانییەکان وەک لایەنگری ئەمەریکا خۆیان نیشان دەدا و دەبینران، لەو سەروبەنددا، ئێران لە دۆخێکدا نەبوو کە ناڕەزایی خۆی لەم دۆخە نیشان بدات. بەوپێیەی کە ئامانجی سەرەکی پاراستنی خۆی بوو لە ئەمەریکایەکی سەرکەوتوو و خاوەن نفوز لە عێراقێکی دراوسێ بەتایبەتی لە چەند ساڵی یەکەمی لەشکرکێشی و دەسەڵاتبەدەستبوونیان لەو وڵاتە.

بەڵام لە ئاکامی شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن لەنێوان سوننەکان و شیعەکان و یاخیبوون و بەرهەڵستکارییەکی زۆر لەلایەن عێراقییەکانەوە و زیادبوونی قوربانییەکانی هێزە ئەمریکییەکان، ئیدی پشتیوانی خەڵکی ئەمەریکا بۆ شەڕەکە کەمبووەوە و پێگەی ئەمریکاش ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو لاوازی دەڕۆیشت. لەئەنجامدا، ئەمەریکا بە کۆتایی ٢٠١١ دوایین هێزی شەڕکەری خۆی لە عێراق کشاندەوە. ئەم هەنگاوە هاوسەنگی هێزی لەنێوان یاریزانە سیاسییە ناوخۆییەکان لەبەرژەوەندی لایەنگرانی ئێران گۆڕی، بەتایبەتی کە ئێران دەڵاڵی ڕێککەوتنێک بوو کە بووە هۆی زاڵبوونی هەژموونی شیعە و دەستبەکاربوونی نوری مالیکی وەک ئاکامێکی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠.

لەوکاتەی ئێران شلۆقی بۆ ئەمەریکاییەکان لە عێراقدا دروست دەکرد ، کوردەکان لە ئێران نزیک دەبوونەوە. لە ٢٠١١ دا، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (٢٠٠٥-٢٠١٧) سەردانی ئێرانی کرد و چاوی بە مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی ئەوکاتی ئێران کەوت. دواتریش، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی تارانی کرد بۆ بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆک حەسەن ڕۆحانی. زۆری نەخایاند پەیوەندی بازرگانی ئێران لەگەڵ حکومەتی هەرێم پەرەیسەند. قەبارەی بازرگانی دوولایەنە لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارەوە لە ٢٠٠٠ ـەوە بۆ ٤ ملیار دۆلار لە ٢٠١٤ بەرزبووەوە، لە ٢٠٢٣ ێش هەر لەم نزیکانە بووە. لەپاڵ ئەمانە، ڕاپۆرتەکان باسی ئەوە دەکەن کە ڕۆژانە نزیکەی سی هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کوردستانی عێراقەوە بە قاچاخ بۆ ئێران دەبرا. سەرەڕای ئەوە، لەگەڵ گوزەری کات، گرژیی و خاویی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان  لەگەڵ ئێران بەردەوامبوو کەچی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرەوپێش چوون.

لە ٢٠١٤ دا، ئێران دەستبەجێ وەڵامی داواکاری کوردەکانی دایەوە بۆ یارمەتیدانیان کاتیك داعش ڕووبەرێکی زۆری خاکی باکووری ڕۆژئاوای عێراقی داگیرکرد و هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی ژێردەستەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند "ئێران هەولێر و بەغداد دەپارێزێت بەوشێوەیەی کە کوردستانی ئێران دەپارێزێت". لە ڕاستیدا، هێزەکانی ئێران شانبەشانی پێشمەرگەکانی یەکێتیی، لانیکەم، لە جەلەولا شارێکی کوردستانی نزیک لە سنووری ئێران شەڕیان کرد. بارزانی دانی بەوەدا نا کە "ئێران یەکەم دەوڵەت بوو کە هاوکاری کردین بە دابینکردنی چەک و کەلوپەل". لە سەرەتای ٢٠١٤ دا، ئێران و حکومەتی هەرێم نزیکبوون لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ئێرانەوە، بەڵام هەر زوو ئەم بیرۆکەیە لە گۆڕنرا کاتێک سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان پڕۆسەی ڕیفراندۆمی  کوردستانی خستەڕوو. دەنگدان لەسەر سەربەخۆیی و هەڵوێستی ئێران، ڕێککەوتن و پەیوەندییە دوولایەنییەکانی هێندە لاوازکرد هەردوو لایەنی خستە سەر ڕێڕەوی پێکدادان.

 

بەریەککەوتنی خواستەکانی سەروەریی و هەژموونگەرایی

وا پێدەچێت، نیو سەدە لە بەرژەوەندی هاوبەش لەلایەک و هەڕەشە لەلایەکی دیکە لەنێوان کوردستانیانی باشوور و ئێرانییەکان جارجار بەیەکی دەبەستنەوە و ناوەناویش دایبڕیوون. قەیرانی سیاسی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٥ بەدواوە، ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئێران کە زیاتر دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکات. لە کاتێکدا لە ٢٠١٥ دا ماوەی سەرۆکایەتیی پێشووتر درێژکراوەی (٢٠١٣-٢٠١٥) مەسعود بارزانی کۆتاییهات و حکومەتەکەشی بۆ چەندین مانگ نەیدەتوانی مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، ئیدی خۆپیشاندان و مانگرتن لە شارە گەورەکانی هەرێم دەستی پێکرد. دابەزینی نرخی نەوت لە کۆتاییەکانی ٢٠١٤ هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی بەردەوام لەدژی داعش، ئەمانە بەسەریەکەوە، پێگەی حکومەتی هەرێمیان لەبەرامبەر نەیارەکانی، لە نێویاندا ئێران، زیاتر لاواز کرد. لەو ئانوساتانەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کۆنترڵ کرابوو، لە تورکیا نزیک دەبووەوە، بەتایبەتیش پاش واژۆکردنی ئەوەی بە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی نەوت ناسراوە، هەندێک توێژی ناو یەکێتیی بانگهێشتی ئێرانیان دەکرد بۆ زیاتر تێوەگلان لە کاروباری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی هاوسەنگکردنی کاریگەریی تورکیا. ئەم جۆرە بانگهێشتکردنانە و زیادبوونی کاریگەریی بەردەوامی تورکیا لە هەرێمی کوردستان وای لە ئێران کرد بە هێزێکی زۆرەوە هەنگاو بنێتە ناوەوە بەتایبەتی کە ڕیفراندۆم نزیک دەبووەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی ئێران بە تووندی دژی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور وەستایەوە؟

کاتێک سەرکردایەتی سیاسی کوردستان خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ ڕاگەیاند، ئێران بە ئاشکرا دژایەتییەکی تووندی ڕاگەیاند. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی، گوتی یەکپارچەیی عێراق "گفتوگۆی لەسەر ناکرێت". بەهەمانشێوە، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران هۆشداریدا کە "ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، کوردستان گۆشەگیر و لاواز دەکات".

تێگەیشتن لە ئامانجە ستراتیجییەکانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە زەمینەسازی بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە خواستی دەوڵەتبوونی هەرێمی کوردستان دەکات. مێلیسا داڵتن بەدروستی ستراتیج و ئامانجەکانی ئێرانی لەم چوارچێوەیەدا کورت کردۆەتەوە. یەکەم: دەستەبەرکردنی مانەوەی ناوخۆیی لەڕێگەی پاراستنی سەروەریی و باڵادەستکردنی کۆماری ئیسلامی؛ دووەم: بەهێزکردنی دەسەڵات و هەژموونی ئێران لە دەڤەرەکەدا؛ سێیەم: پاراستنی شوێن و پێگەی سیاسی و ئابووری لە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا؛ هەروەها، پارێزگاریکردن لە تواناکانی بۆ ڕێگریکردن لە زلهێزە ڕکابەرەکان (وەک، ئەمریکا و ئیسرائیل) لە سەپاندنی هەر هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر ئێران.

هۆکاری پشت ترس و نیگەرانییەکانی ئێران لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردستانی زۆرن، لەوانە: یەکەم، ئێران سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی وەک کردنەوەی سندوقی پاندۆرا دەبینی. ئێران زیاتر لە دە ملیۆن کوردی دراوسێی کوردەکانی عێراقی لە سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هەیە. لەبەرئەوە، ئێران وای دەبینێت کە کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرێت هەڕەشە بێت بۆ سەر یەکپارچەیی خاکەکەی. ئەوان نیگەرانی ئەوەن کە ئەم جۆرە هەنگاوە لەوانەیە ببێتە هۆی جیابوونەوەی ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەستی ئێران و سوریا و تورکیا بە دروستکردنی دەوڵەتی نوێ لە ناوچەکەدا. دووەم، مرۆڤ ناتوانێت درک بە ترسی ئێران بکات تەنیا کاتێک نەبێت کە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کە لەلایەن سۆڤییەت پاڵپشتی لێکرا لە ١٩٤٦و تەنیا ساڵێکی خایاند، وەبیربهێنێتەوە، لەگەڵ لەبیرنەکردنی ئەوەی کە دەیان ساڵە، لە ١٩٧٩ وە تا ئێستا، ئێران لە شەڕێکی بێوچانە لەگەڵ گرووپە سیاسییە کوردستانییەکانی ناو دەوڵەتی ئێران، چ ڕاستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ. سێیەم، ترسی ئێران لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئیلهام بە کوردەکانی ئێران و نەتەوەکانی دیکەی ئێران ببەخشێت بۆ ڕزگاریی و سەربەخۆیی. بەواتایەکی دیکە، دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەکانی عێراق لە دیدی  ئێرانییەکانەوە وەک پێشینەیەک دەبینرێت کە نابێت ڕووبدات. چوارەم، ئێران سنوورێکی مێژوویی شلوخاو و کونکونی زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆمەتری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا هەیە کە ئەگەری بازدان و پەڕینەوەی کاریگەرییە سیاسییەکان گەلێک زۆر دەکات. لەڕاستیدا ترسی ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان وەدیهات، کاتێک هەزاران کوردی ئێران لە شارە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک بانە و سنە و مەهاباد، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دروشمی پشتیوانیان لە براکانیان لە باشووری کوردستان دەچڕی و بەرزکردبۆوە. ئەوان هیوایان دەخواست کە ئازادی ڕوو لەوێش بکات لە نزیکترین کاتدا. پێنجەم، پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە کوردەکانی سەرتاسەری دنیا کرد کە پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوور بکەن. شەشەم، تاران هەر مافێک، خواستێک یان داوایەکی نەتەوەیی یان دینیی وەک بنکۆڵكردنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و پێکەوەگرێدانی ناوخۆیی خۆی چاولێدەکات. حکومەتی ئێران لەو باوەڕەدایە کە سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی عێراق و ئەمەش کاریگەرییەکی دۆمینۆیی لەسەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەوانە ئێران، لەسەر هێڵە نەتەوەیی و دینییەکان دروستدەکات. حەوتەم، لە تێڕوانینی ئێرانەوە، هەڵوەشاندنەوەی عێراق دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی عەرەبی-سوننە لە بەشەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق، کە ڕەنگە هاوپەیمانی سعودیە بێت، ئەمەش ئەو پەیوەندییە هەرێمایەتییە دەبڕێت کە تاران لە دەیەی ڕابردوودا کاری لەسەر پێكهێنانی کردووە، کە ڕێڕەوێکە ئێران بە هاوپەیمانە هەرێمایەتییەکانییەوە لە سوریا و لوبنان لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە دەبەستێتەوە، کە بە هیلالی شیعی ناسراوە. ئەمەش بە شێوەیەکی دراماتیکی گۆڕانکاری لە دینامیکییەتی سیاسی و هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێت، کە وەک ئێستا لە بەرژەوەندی ئێران نابێت. بەواتایەکی دیکە، ئێران باوەڕی وایە کە دروستبوونی کوردستانێكی سەربەخۆ ڕێگری لە دروستبوونی هیلالی شیعە دەکات لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای ناوەڕاست.

بەئیزافەی ئەمانە، ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دەبێت ئێران لە چوارچێوەی نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکاند مامەڵە لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆدا بکات. لە ئێستادا ئێران دەتوانێت تواناکانی حکومەتی هەرێم و چالاکییە ناهاوتاکانی بەکاربهێنێت بەبێ ئەوەی پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، بۆ نموونە: دەستوەردان لە کاروباری سیاسیی و سەربازیی کوردستان بەوشێوەیەی کە خۆی دەیەوێت بکات، یان مووشەکباران و درۆن ناردن بۆ سەر خاکی هەرێم کە ماوەیەکە دەستی لێ نەپاراستووە. کوردستانێکی سەربەخۆ یاساکانی یارییەکە لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زەرەری ئێران دەگۆڕێت. 

لە هەمووان گرنگتر، ئێران پێیوایە کە کوردستانێکی سەربەخۆ وەک بنکەیەکی ئەمەریکا و ئیسرائیل کاردەکات بۆ سنووردارکردنی ئێران، یان لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە هاوپەیمانێکی تورکیا، کە هەموو ڕکابەری ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ئێرانن. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی وەک پیلانی ئەمەریکا و هێزە بیانییەکان "بۆ دروستکردنی ئیسرائیلێکی دیکە لە ناوچەکەدا" وەسف کرد.

لە دیدی ئیسرائیلەوە، کوردستان هاوبەشێکە کە دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت، دۆستێکی ڕۆژئاوایە کە ڕووبەڕووی دوژمنە هاوبەشەکەیان ،ئێران، دەبێتەوە. ئەو لێدوانە ڕاشکاوانەی بۆ پشتیوانی لە بەدەوڵەتبوونی کوردەکان ڕاگەیەندرا لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە، لەوانە شیمۆن پێرێز، سەرۆک کۆماری پێشوو، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیران و ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری دەرەوە دڵەڕاوکێی ئێرانی زیاتر کرد سەبارەت بە خواستەکانی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی. بێجگە لەمە، ئێران نیگەرانە لە زیادبوونی پەیوەندییە سیاسیی و هەواڵگریی و بازرگانییەکانی نێوان ئیسرائیل و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل سێ چارەکی نەوتی خۆی لە هەرێمی کوردستان هاوردە دەکات، کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی سەرجەمی هەناردەکردنی هەرێمی کوردستان بووە

نابێت ئەوەش لەبیربکەین کە سنوورە شاخاوییە پێنج سەد کیلۆمەترییەکەی کوردستانێکی سەربەخۆ، دەتوانێت دەستڕاگەیشتنێکی گرنگ و گونجاو بێت بۆ هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرئیل لە ئێران. هەروەها ئێران ئاگاداری ئەوەیە کە لەکاتێکدا ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئاشكرا بانگەشەی دیپلۆماسییەت دەکەن بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، کەچی چالاکییە نهێنییەکانیان لە ناو ئێراندا زیادکردووە و ئەگەری هێرشێکی ئاسمانی گەورە چڕتر کراوەتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا (2017-2021) ڕەتیکردەوە گەواهی لەسەر ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بدات کە لە ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران واژۆکرابوو. لێرە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرەڕای واژۆکردن یان هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ترسی ئەمەریکا و ئیسرئیل لە ئێرانی ئەتۆمی بە زیندوویی ماوەتەوە. ئەمەش وادەکات ئێران بە تووندی دژایەتی هەوڵەکانی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی بکات لە پێناو ڕێگریکردن لە "بنکەیەکی" ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕاست لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ، وەک ئەوەی ئێرانییەکان پێیانوایە کە لە ئاکامی ڕیفراندۆمدا ڕوودەدات. بەکورتی، ئێران کوردساتنێکی سەربەخۆ وەک هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی ڕژێم لە تاران چاولێدەکات.

بەوپێیەش کە زۆرینەی کوردەکانی باشووری کوردستان موسڵمانی سوننەن، ئەمە بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕێگریی لە ئێرانییەکان کردووە لە دروستکردنی هاوپەیمانییەتێکی ئایدۆلۆجی و عەقیدەیی لەگەڵیاندا، ڕێک پێچەوانەی بەشکانی دیکەی عێراق. بۆیە ئێران ترسی ئەوەی هەیە کە لە ئەگەری سەربەخۆبوونی کوردستان ئەوە بکەرێکی ناوچەیی لەدەست بچێت و بکەوێتە دەستی یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، وەک ئەمەریکا و ئیسرائیل یان تورکیا، وەک لەسەرەوە باسمان کرد.

وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، گومانیان هەیە کە ئەمەریکا چالاکی دەستوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبیدا بەهەند وەرگرتبێت. بۆیە دەوڵەتانی کەنداو هەوڵیان داوە کارتی کوردەکانی عێراق و ئێران لە دژی ئێران و هەژموونی شیعە لە عێراق بەکاربهێنن. پەیوەندی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن لە ٢٠٠٣ دا دەستی پێکرد، کە ڕێخۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی زۆرینە شیعە. خۆدوورگرتنی وڵاتانی کەنداو لە مامەڵەکردن و پشتیوانیکردنی حکومەتی ناوەندی وای لێکردن پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە لۆکاڵییەکان دروست بکەن، لەوانە حکومەتی هەرێمی کوردستان. پاڵنەرەکە هەم سیاسی هەم ئابووری بوو ، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان تاکە بەشی عێراق بوو کە بە ڕووی وەبەرهێنەرانی کەنداودا کراوە بوو، لانیکەم لەسەرەتادا. وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودیە هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕاپەڕینی کوردەکانی لە ئێران دەدا، ئەویش بە دابینکردنی پارە بۆ چەند گرووپێکی چەکداریی کوردی بەمەبەستی بەکارهێنانیان وەک چەکێک دژی ئێران. پێدەچێت ئێران ئاگاداری نیاز و چالاکییەکانی سعودیە بێت، بۆیەش چەند جارێک داوای لە حکومەتی هەرێم کرد ڕێگە بە سعودیە نەدات پێشمەرگە کوردەکانی ئێران چەکدار بکات. ئەوەی کە نیگەرانی ئێرانی زیاتر کردبوو، زیادبوونی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران بوو لەناو ئێران کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە بەڵام لە ناوەڕاستی ٢٠١٦ وە هەندێکیان خشکەیان کردبوو بۆ ناو ئێران، بەڵام لە ٢٠٢٣ بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق، بەسەرپەرشتی حکومەتی هەرێم، گرووپە چەکدارە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات زۆربەی بنکە و بارەگاکانی خۆیان چۆڵکرد و چەکەکانیان لێ داماڵدرا.

بەکورتی، دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانی ڕەنگە ئاسانکاری زیاتر بکات بۆ خواستی سعودیە بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران. لە ١٩٧٩ وە ئێران شەڕی هەڕەشە دەرەکییەکانی بە بەکارهێنانی ئەو میلیشیایانە کردووە کە لەلایەن هێزەکانی قودسەوە پشتگیری و مەشقیان پێکراوە بەڵام ئێستا نیگەرانە لەوەی کە ئیسرائیل و ئەمەریکا و عەرەبستانی سعودیە هەمان تاکتیک لەدژی ئەو بەکاربهێنن.

 

پوختە

لە دوو بەشی پێشووتری ئەم بابەتەدا هەوڵێک دراوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی ئێران هەوڵدەدات هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێت. کوردستانی باشوور دەکەوێتە ناوجەرگەی ئەو ناوچەیەی کە ئێران هەوڵدەدات هەژموونی بەسەریدا زاڵ بکات. لەڕێی هەڵسەنگاندنی ئارگومێنتە سەرەکییەکانمانەوە، ئەم بابەتە دەریخست کە ئێران بەهۆی پێگە جیۆپۆلەتیکی و کلتوری و ئابوورییەکەیەوە بەرەو هەژموونگەرایی دەڕوات بەمەبەستی ئەوەی بلۆکێکی هەرێمایەتی دروست بکات و ویستی خۆی بەسەر هێز و لایەنەکانیدا بسەپێنێت. هۆکاری سەرەکی پشت ئەو هەنگاوەی ئێران ئەوەیە کە پێگە و شوێنێکی هەبێت لە جیهاندا کە بتوانێت خۆی بپارێزێت. ڕەگوڕیشەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵە مێژوویی و کلتورییەی کە فارسەکان بۆ ماوەی هەزاران ساڵ گێڕاویانە لە پڕۆسەی هەستی باڵابوونی ئێرانییەکاندا. ئێران بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، هێزی ڕەق و نەرمی خۆی بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرووپە نەتەوەیی و دینییەکان بەکارهێناوە و بەکاردەهێنێت.

هەرێمی کوردستانی عێراق دراوسێیی ئێرانە و لە زۆر کایەی فەرهەنگی و نەژادی و دینیی لەگەڵ ئێران هاوبەشە. ئەم شوێنە جوگرافییە تایبەتییەی هەرێمی کوردستان، کە ڕەهەندی نەتەوەیی بەنرختری کردووە، وای لە ئێران کردووە لە هەر گۆڕانکارییەک لە باشووری کوردستانی ڕابچڵەکێت. ئەم بابەتە باسی لەوە کرد کە دەکرێت لە ڕوانگەی ئەمنییەوە کردەوە و ڕەفتارەکانی ئێران و کوردستان ڕوونبکرێتەوە. لە دڵی هەوڵەکانی هەژموونگەرایی ئێران و خواستەکانی سەربەخۆیی کوردستانییەکاندا، کێشەی ئەمنی هەیە.

لە دیدی ئێرانەوە، هەرێمی کوردستان وەک جیاکەرەوەیەک یان قەوارەیەک کە سەرەڕای بچووکیی لەوانەیە ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە سنووردارکردنی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش ئەگەر کوردستانییەکان بە سەروەریی بگەن و بەشێوەیەکی سەربەخۆ پەیوەندییان بە بەشەکانی دیکەی جیهانەوە هەبێت. لێرەوە، هێشتنەوەی کوردستان لەناو عێراقدا، بۆ جووڵە هەرێمایەتییەکانی ئێران زۆر گرنگە. ئەمە گرنگتر دەبێت ئەگەر عێراق هەروەک ئێستای بە دڵسۆزیی بۆ ئێران بمێنێتەوە.

ئاسایش و کات و قەیران سیما سەرەکییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئێرانن لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و هەژموونگەرایی، چونکە هەردوو لایان وەک پێش مەرجی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان دەیبینن. ئەم لێکچوونانە ئاستێکی دیکەی بەیەکدادان لە نێوان هەردوولادا دروست دەکات. بۆ کوردستانیان، سەردەمی قەیران لە عێراق و ناوچەکە، سەردەمی سەربەخۆییە. بەهەمانشێوە بۆ ئێرانییەکان کاتی قەیرانەکان کاتی دامەزراندنی هەژموونگەراییە، بەتایبەتی لە ڕوانگەی هێزی ڕەقەوە. بەم پێیە، ئێران بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستان. جگە لەوە، حیساباتی هەڵە و قوماری سەرکردەکانی کورد لەسەر ڕۆڵی ئەمەریکا، یارمەتی ئێرانییەکانی دا و کوردی خزاندە سوچێکەوە کە ئێرانییەکان بتوانن بیتوڵقێننەوە.

 

سەرچاوەکان

ڕەشید، سەلاح. ٢٠١٧. مام جەلال: دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری.

Kirmanj, Sherko.  2013.  Identity and Nation in Iraq.  Boulder, USA: Lynne Rienner Publishers.

Milani, Abbas. 2011. The Shah. New York: Palgrave Macmillan.

Bengio, Ofra. 2012. The Kurds of Iraq: building a state within a state. Boulder, US: Lynne Rienner Publishers.

Berman, Lazar. 2016. “The Iranian Penetration of Iraqi Kurdistan.” Jerusalem Issue Briefs 16 (13): https://goo.gl/UxuUzj.

Reuters. 2013. “Iraqi Kurdistan opens official crude oil trade route via Iran-sources.” August 7. https://goo.gl/EY7Dmx.

Rudaw. 2015. “Iranian president visits Iranian Kurdistan.” July 26. https://goo.gl/1qMb2B.

Time, The. 2014. “The Enemy of My Enemy: Iran Arms Kurds in Fight Against ISIS.” August 27. https://goo.gl/wS2bXJ.

Rudaw. 2017. “Iran: Independence referendum will isolate, weaken Kurdistan.” July 17. https://goo.gl/p1FCzW.

Dalton, Melissa. 2017. “Defeating the Iranian Threat Network: Options for Countering Iranian Proxies.” Hampton Roads International Security Quarterly 9.

KDPI (Kurdistan Democratic Party - Iran). 2016. “Statement on Clashes between Peshmerga Forces and IRGC.” September 24. http://pdki.org/english/?p=4453.

Office of the Supreme Leader. 2017. “Zionist regime seeking to create ‘new Israel’ in region.” October 5. https://goo.gl/jrR394.

e-Kurd Daily. 2017. “Saudi Arabia consulate in Iraqi Kurdistan should be closed, Iranian commander warns.” January 15. https://goo.gl/suQPgK.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×