سودانی و لەتیف رەشید جەخت لەپشتیوانی هەنگاوەكانی حكومەت بۆ كۆتاییهێنان بە بونی هاوپەیمانان لەعێراق دەكەنەوە
  2024-02-14       265       

د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمارو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەیەكدا تاتوێی دۆسیەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەن و جەختیش لە پشتیوانیكردنی هەنگاوەكانی حكومەت دەكەنەوە بۆ كۆتاییهێنان بە بونی هێزەكانی هاوپەیمانان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران كردوەو لە كۆبونەوەكەدا باسیان لە کۆی پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابورییەکانی عێراق و ناوچەکە کردوە، سەرەڕای خستنەڕوی کار و هەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەردولا جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵی هەموان لەپێناو هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی مافە دەستورییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و تەواوکردنی پڕۆسەی بونیادنانی ئابوری و گەشەپێدان لە عێراقدا.

بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، لە كۆبونەوەكەدا دۆسیەی بونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق تاوتوێ کرا، هەروەها باس لە ئەنجامی کۆبونەوەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کراو  لەم چوارچێوەیەشدا جەخت لەسەر "پاڵپشتیکردنی رێوشوێنەکانی حکومەت کرایەوە بۆ کۆتاییهێنان بە بونی هاوپەیمانان و گواستنەوە بۆ قۆناغی پەیوەندی دولایەنە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە."

هەر لە كۆبونەوەكەدا "پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و جەختکرایەوە لەسەر بایەخی درێژەدان بە دیدارو کۆبونەوەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکان، کە ببنەهۆی چارەسەری ریشەیی بۆ ژمارەیەک لە دۆسیە و بابەتەکانی پەیوەست بە لایەنەکانی جێبەجێکاری و رێوشوێنیی هاوبەش لەسەر بنەمای دەستور و یاسا و بەرژەوەندی باڵای وڵات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×