سزای زیندانی شەش و ساڵ و سێ مانگ دژ بە مەهیار ئەحمەدی، چالاکوانی ژینگە پارێز و زیندانی سیاسی پێشوی کوردی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن دادگای پێداچونەوەی شاری وانی تورکیا پەسەندكرا كە پێشتر لەلایەن دادگاوە بەسەریدا سەپێنرابو.
ئەحمەدی خەڵکی شاری سنە پاش ئەوەی لە هاوینی ساڵی 2023 لە هەوڵێکیدا بۆ چون بۆ ئەوروپا لە سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لەلایەن هێزە سنورییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا، ڕوبەڕوی سزاکە بوەوە و ئێستا سزاکە لەلایەن دادگای پێداچونەوەوە پەسەند کراوە.
ماری لالر، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە 21ی مانگی دودا ڕایگەیاند نامەیەکی لە سەر سزاکەی دژ بە مەهیار ئەحمەدی بۆ حکومەتی تورکیا نوسیوە و دەقی نامەکەشی بڵاو کردوەتەوە کە تیایدا نیگەرانی لەمەڕ تۆمەتەکانی دژی و مەترسی گێڕانەوەی بۆ ئێڕان دەربڕیوە.هەروەها باس لە چالاکییەکانی ئەحمەدی دەکات لە ئێران و فشارەکانی کە لەسەری بوە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو نامەیە بەڕێز ئەحمەدی لە مانگی دوی 2017 لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری سنە، دەستبەسەرکرا و ماوەی 30 ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا بوە بەهۆی چالاکی ژینگەپارێزی لەگەڵ ڕێکخراوێکی ناحکومی کۆمەڵگەی سەوزدا.
دواتر دوای دو مانگ بە کەفالەت ئازاد کراوە پاشانیش لە دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕژێم حوکمی سێ مانگ زیندانی لەگەڵ حوکمی هەڵپەسێردراوی سێ ساڵی دیکەی بەسەردا سەپێندراوە.
لە مانگی نۆی ساڵی 2022 هاوکاتی ناڕەزایەتییەکان لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی چالاکانە شانبەشانی هەزاران خۆپیشاندەری تر بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان کرد.
بەهۆی بەشداری کرنی لە خۆپیشاندانەکاندا هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و ئەمەش فشاری بۆ برد لە مانگی یازدەی 2022 هەڵبێت بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق.
دوای ڕۆیشتنی بەڕێز ئەحمەدی، خوشکەکەی وەک تاکە ئەندامی خێزانەکەی کە مابوەوە، چەندین جار لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئێرانەوە بانگهێشت کرا و ڕوبەڕوی فشار بوەوە بۆ ئەوەی داوای گەڕانەوەی براکەی بۆ ئێران بکات.
پاشانیش بەهۆی نیگەرانییە ئاسایشییەکان و ترسی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران مەهیار ئەحمەدی لە 12ی نۆی 2023 هەرێمی کوردستانی جێهێشت و ڕێگەی تورکیای گرتە بەر بە مەبەستی ئەوەی لەوێوە بچێت بۆ ئەوروپا.
بەڵام ئەو لە تورکیا دەستگیر کراو و بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک لە زیندانێکی شاری هەکاری مایەوە پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ زیندانی شاری وان. لە مانگی 12ی ساڵی 2023 بە تۆمەتی " ئەندامبون لە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی" لەلایەن دادگای وانەوە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا.