فەرمانگەى میدیا و زانیارى ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە "هەژماری من" بەردەوامیی هەیە و تا کۆتاییی ساڵ هەزار ئامێری پارەدەر (ATM) لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێم بڵاویکردەوە، پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە "هەژماری من" کە سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بەردەوامیی هەیە و تۆمارکردنی فەرمانبەران گەیشتووەتە ٢٦٠ هەزار کەس و ١٥٣ هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.
ئەوەشخراوەتەڕوو، تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی ١٠٠٠ ئامێری پارەدەر ATM لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەکانیان بگات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندان کە تا ئێستا بریتین لە (BBAC - NBI - RT - Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دان پێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە.
فەرمانگەى میدیا و زانیارى ئاماژە بەوەدەکات، ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوەوەرگرتووە.
لەبارەى خزمەتگوزارییەکانى پرۆژەکەوە فەرمانگەى میدیا و زانیارى ڕایگەیاندووە، بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:
1- دەستراگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.
ئامێرەکان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.
2- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.
3- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.
4- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
5- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.