یوسف كیلابی: هەرێم بەردەوام بێت لە "ئاژاوەنانەوە" دوچاری زیانێکی گەورە دەبێتەوە
  2024-04-06       671       

یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە "ئەوپەڕی خراپ" ناودەبات و دەشڵێت، "هەرێم دەیەوێت لەسەر ئەوەی پێشتر بە دەستیهێناوە کە پێچەوانەی دەستوربوە، بەردەوام بێت، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک دروست نییە و قبوڵ ناکرێت."

ئاوێنە: یوسف کیلابی لە بەغداوە بە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەرێم دەیەوێت لەسەر ئەوەی پێشتر بە دەستیهێناوە کە پێچەوانەی دەستوربوە، بەردەوام بێت، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک دروست نییە و قبوڵ ناکرێت. دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی دەستیکرد بە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و جێبەجێکردنی دەستور و یاساکان کەوتنە سەر ڕێچکەی ڕاستی خۆیان، بەتایبەتی دوای ڕزگارکردنی عێراق لە چنگی ڕێکخراوی داعش، هەرێم ئەمەی پێ قبوڵ نییە و دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی کە پێشترهەبون."

کیلابی وتیشی، "ئێمە دەمانەوێت لایەنە سیاسیەکانی هەرێم خۆیان یەکلابکەنەوە؛ ئایا ئەوان چیان دەوێت؟ ئایە دەیانەوێت لە عێراق جیاببنەوە وەک ئەوەی پێشتر پارتی کردی و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕاگەیاند، یان دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی بمێننەوە و پابەندبن بە دەستوری عێراق و دامەزراوە فیدراڵییەکان؟ دەستور دەسەڵاتی هەرێمەکان و حکومەتی فیدراڵی دیاریکردوە لە چوارچێوەی سیستەمێکی لامەرکەزییەت."

بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕەخنەی ئەوە لە دەستەڵاتدارانی عێراق دەگرن بەوەی گوایە تەنها ئەو بڕگانەی دەستور جێبەجێدەکەن کە لەبەرژەوەندی حکومەتی ناوەندن، جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140 سەبارەت بە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان وەک نمونە دەهێننەوە.

بەڵام یوسف کیلابی ئامادەنەبو لەسەر پرسی کەرکوک لێدوان بدات و ڕایگەیاند دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان ئێستا "زۆر زیاترن" لەوەی دەستوری عێراق دیاریکردوە.

کیلابی وتی، "ئێمە دەمانەوێت بزانیین لە ئێستادا هەرێم چی نییە؟ هەرێم بەشداری لە هەمو شتێکی حکومەتی عێراقدا دەکات، لەکاتێدا بەغداد بەشدار نییە لە هیچ شتێکی هەرێم. بەغداد تەنیا فەرمانبەرێک یان پۆلیسێکی لەهەرێمدا نییە. من باوەڕم وایە ئەو دەسەڵاتانەی کە دراون بە هەرێم لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیاییدا نەدراون بە هیچ هەرێمێک لەناو وڵاتێکی فیدراڵیدا. ئەودەسەڵاتانەی کە لە ئێستادا هەرێم هەیەتی هەندێک لە وڵاتانی جیهان نیانە. بۆیە من پێموایە دەبێت هەرێم خۆی یەکلاییبکاتەوە، ئایا دەیەوێت جیاببێتەوە، یان دەیەوێت لەچوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە. ئەگەر بژاردەی دوەم هەڵبژێرێت ئەوا دەبێت هەرێم پابەندبێت بە دەستورەوە، بە پێچەوانەوە گەر هەرێم بەردەوام بێت لە ئاژاوەنانەوە وشەڕانگێزی ئەوا بە هەمو پێوەرێک دوچاری زیانێکی گەورە دەبێتەوە."

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا، دادگای فیدڕاڵی عێراق چەندین بڕیاری گرنگی لەسەر هەرێمی کوردستان داوە کە دیارترینیان بریتین لەمانە: لە ڕۆژی 15-2-2022 داگاکە بڕیاریدا بەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم و هەناردەی نەوتی هەرێم نادەستورییە؛ لە ڕۆژی 30-5-2023 بڕیاریدا بەوەی کە درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە؛ لە 24-9-2023 بە هەمانشێوە بڕیاری نادەستوری بونی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی دا.

لەمساڵێشدا، دادگاکە چەند بڕیارێکی تری سەرەکی دەرکرد کە گرینگترینیان بریتی بو لە بڕیاری 21-2-2024 تایبەت بە تەتوینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە لایەن بانکە مەرکەزییەکانی عێراق و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

یوسف کیلابی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی وهەرێمی کوردستانی بە "زۆر خراپ" ناوبرد و وتی، "بەردەوام حکومەتی هەرێم سکاڵای ئەوە دەکات کە بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتەکانی زەوتبکات، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەولایەنەی کە زۆر پەرۆشە بۆ هەرێم، حکومەتی عێراقە. حکومەتی ئێستای هەرێم لە ڕاستییدا تەنها لەلایەن یەک ڕەنگ و یەک لایەنی سیاسی سەرکردایەتی دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت، ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە. چونکە هیچ کێشەیەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە، کێشەکە تەنیا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانە؛ بە داخەوە شێوازی ئیدارەدانەکەی هۆکاربوە بۆ شکستهێنانی لە هەندێک دۆسییەدا."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا یوسف کیلابی وتی"ئەو قسەیە ڕاستنییە کە دەڵێن عێراق دەستور پێشێلدەکات، ئەوەی پابەندە بە دەستورە حکومەتی عێراقە، ئەو قسانە تەنها پارتی دەیکات، ئێمە گوێمان لە برادەرانی یەکێتی و گۆڕان نەبوە کە بەغداد تۆمەتباربکەن بە پێشێلکردنی دەستور. ئەوەی ڕاستییە ئەوەیە کە پارتی پابەند نییە بە دەستوری عێراقەوە. ئێمە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانمان خۆشدەوێت، چونکە ئەوان بەشێکی نەبڕاوەن لە عێراق؛ خەڵکی کوردستانیش خەڵکی خۆمانن و ڕێزیان لێدەگرین."

كیلابی لەبارەی ئەوەی كە رەخنەی لێدەگیرێت كە دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكات وتی"هیچ کەسێک نیە لە هەرێمی کوردستاندا ڕەخنە لە من بگرێت، هەروەها لە دەزگا میدیایەکانیش ئەوەی من وتومە ڕاستییە و هیچیتر. ئەوەی ڕاستی بێت لە کوردستان حزب موسەیترە وەک دیکتاتۆریەک بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، ئێمە گەر باسی 30 ساڵ لەمەوپیش بکەین، ئەوە دەسەڵاتەکان لە نێوان بارزانی و بنەماڵەکەی دەرنەچوە. من دژی فەسادم و لەگەڵ خەڵک و دژی دزینی نەوتم لە هەرێمی کوردستاندا، وەک چۆن هەندێک خێزان دەستیان بە سەر نەوتدا گرتوە و کەس نازانێت ئەو پارەیە چێلێکرا."

سەرەڕای ڕەخنەکانی لە حکومەتی هەرێم، یوسف کیلابی وتی، لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان "کاری باش کراوە."

یوسف کیلابی ڕاگەیاند، "ناڵێین هیچ نەکراوە لە کوردستان لە 30 ساڵی ڕابردو. بۆنمونە لایەنی ئەمنی و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و لە بواری وەبەرهێنان کاری باش هەبوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای بەڕێز نیچیرڤان بارزانی. گۆرانکاریەکانیش بە تایبەت لە دهۆک و هەولێر بوە. بەڵام گەر باسی ئەو هەمو داهاتەی فرۆشتنی نەوت و خاڵە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ بکەین، ئەو گەشەسەندنە لە کوردستان بەس نیە و زۆر نییە."

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
وەزیری نەوتی عێراق: دەبێت ئەم هەفتەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بگەینە ئەنجام
پەرلەمانتارێكی پارتی: حكومەتی عێراق كەمتەرخەمە لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
شارەزایەکى کەشناسى لەبارەى بارینى تەرزە هۆشداریی دەدات
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکات بۆ پرسی تاوانی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×