مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
  2024-04-17       357       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت. دەشڵێت، "هەندێك بەرەوپێشچون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، چارەسەركردنی ئەو گرفتانەش پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە مەسعود بارزانی وتویەتی"ئەو تێبینیانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستوریی یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بوە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتیەكان و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتوە."

مەسعود بارزانی وتوشیەتی"پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بوە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بەزوترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەربكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەین كە گەرەنتیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، مەسعود بارزانی وتوشیەتی"ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت. بەڵام هەندێك بەرەوپێشچون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بەدڵنیاییشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، مەسعود بارزانی هیواشی خواست كە "بە بەشداریی هەمو لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمیسیۆنی عێراقی بتوانرێ كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێن و ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە و پاك و شەفاف خۆش بكرێت و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەر لەو كۆبونەوەیەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە "یەكێتیی ئەوروپا تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشبونی پێكهاتەكان بە جددی وەرگرتوەو لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوەكان بەدواداچون بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكات."

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق ڕاشیگەیاند "هەم یەكێتیی ئەوروپاو هەمیش نەتەوە یەكگرتوەكان لەسەر ئەوە هاوڕان كە هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتو نابێت."

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×