سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
  2024-04-18       713       

گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکەی ئەمدواییەی ئێران کە لە ڕێی درۆن و مووشەکەوە کردیە سەر ئیسرائیل دەریخست کە ئەمریکا سیستیمی بەرگری مووشەکیی “ئێم ئای ئێم 102″پاتریۆتی لە هەرێمی کوردستان جێگیرکردووە.

دەشڵێت، سیستمەکە یەکێک لەو مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانی لە سنووری ئیدارەی سۆران خستووەتە خوارەوە، ئەو کارەش لە توانای فڕۆکەی جەنگی یاخود ئەو سیستمی “سی ڕام”ەدا نییە کە ئەمریکا لە بنکەی هێزەکانی لە هەولێر جێگیری کردووە.

ڕوونیشیکردەوە کە ئەمریکا ساڵی 2020 دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، سیستمەکەی لە بنکەکەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیرکردبوو، بەڵام دەرکەوت ئەوە کاتی بووە و دیاریش نییە کەی ئەمریکا سەرلەنوێ سیستمەکەی داناوەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کورد پێشوازی لەو هەنگاوەی ئەمریکا دەکات، چونکە تا ڕادەیەک دەبێتە گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەش کە سوودی بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا هەیە، مەودای پاراستنی کایەی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا فراوان دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×