راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
  2024-04-18       511       


ئەنجومەنی سەرکردایەتی یه‌كێتی‌ تەئکید لەسەر تەواوکردنی ئامادەکاریی حیزبه‌كه‌ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان لەوادەی خۆی لەرۆژی 10ی 6ی 2024 ده‌كاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت، "هەڵبژاردنی داهاتو دەرفەتێکە تاوەکو ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانە لەدەسەڵات و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بکرێت."

ئاوێنه‌: راگەیەندراوی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی:

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی هەڤاڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە و تەئکیدی  لەسەر تەواوکردنی ئامادەکاری یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان لە وادەی خۆی لە رۆژی ١٠ ی ٦ ی ٢٠٢٤ ،کردەوە .

سەرەتای کۆبوونەوەکە کە ئەمڕۆ (١٨-٤-٢٠٢٤) لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە سلێمانی بەرێوەچوو  سەرۆکی یەکێتی دوا پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی کوردستان ، عیراقی روونکردەوە و هەڵوەستەی لەسەر پێگەی روو لە گەشەکردووی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد و رایگەیاند ئەمە بەرئەنجامی یەک گوتاری و یەک دەستی سەرکردایەتی و راست و دروستی سیاسەتەکانی یەکێتییە  کە بۆتە جێی ئومێدی میللەتەکەمان  و پشتیوانی دۆستانی ئەزموونەکەمان .

کۆبوونەوە گفتوگۆی هەمەلایەنە و تێرو تەسەلی لەسەر ئامادەکارییەکانی مەکتەبی هەڵبژاردن  و کاری  لیژنەکان کرد . هەروەک هەڵسەنگاندنی پێویستی  بۆ بەرنامە و گوتاری سیاسی یەکێتی لە کەمپینی  هەڵبژاردن لەسەرجەم شار وشارۆچکەکانی هەرێم ئەنجام دا

هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە تێر و تەسەلی بیر وڕای خۆیان خستەڕوو  کە گەشەکردنی ئەزموونی نیشتمانییمان  ، پاراستن و بەهێزکردنی  قەوارەی هەرێمی کوردستان  ، دابینکردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاوڵاتیان تەنها لە رێی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا  دێتەدی  کە پەرلەمانێکی بەهێز و حکومەتێکی پتەو و خزمەتگوزار بێنێتە کایەوە ، ئەوەش بۆ راستگۆیی بزوتنەوەی سیاسی و داهاتووی گەلەکەشمان گرنگە  . بە تایبەتی کە هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە تا ئاڵوگۆڕی دیموکراتیانە لە دەسەڵات  و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بکرێت و  لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی عێراقیشدا بەسەربەرزیی و یەکریزییەوە پێداگری لەسەر ئیستحقاقە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەکانی خۆمان بکەین .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×