بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر دەستیپێكردەوە
  2024-04-30       95       

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر رادەگەیەنێت و وەزارەتی كارەباش دەڵێت، چاوەڕێی گەیشتنی غازین بۆ وێستگەكانی غازی كارەبا تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، ئەمشەو سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆڕ دەستی پێکردوەتەوەو لەماوەیەکی نزیکدا دۆخی کارەباش دەچێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.

دوابەدوای ئەوەش وەزارەتی كارەبا لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆڕمۆر دەستیپێکردۆتەوە، وەزارەتی کارەبا لە چاوەڕوانی هەناردەکردنی غازی سروشتیدایە بۆ وێستگەکانی غازی کارەبا، تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا ئیش بە یەکە غازییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکرێتەوەو بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە.

ئێوارەی رۆژی هەینی 27ی نیسانی 2024 بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی بیانی گیانیان لەدەستداو ژمارەیەكی دیكەش برینداربون و بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكە راگیراو ئەوەش بوە مایەی كەمبونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×