ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی 5 -ئایار- بەپلە بەرزکردنەوەوە لهلایهن وەزارەتی دارایی حکومەتی ههرێمی كوردستانهوه بەردەوامەو بەڕێوەبەری گشتیی بودجەش لەوەزارەتهكه دهڵێت، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن پارەی پلەبەرزکردنەوە خەرجبکات.
ئاوێنه: دوای هەشت ساڵ لهڕاگرتنی پله بهرزكردنهوهی فهرمانبهرانی مهدهنی ههرێمی كوردستانو پاش بڕیارهكهی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ناردنی موچهی تهواوی موچهخۆرانی ههرێم، وەزارەتی دارایی داوای لەوەزارەت و فەرمانگەکان کردووە لیستی موچەی مانگی ئایار بەپلەبەرزکردنەوەوە بنێرن.
هەر فەرمانبەرێک یەک بۆ سێ پلە بەرزدەکرێتەوە. بەگوێرەی خزمەت و بڕوانامە بۆ هەر پلەیەک لەنێوان 28 بۆ 68 هەزار دینار دەخرێتە سەر موچەکەی.
ئارام عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووه، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن پارەی پلەبەرزکردنەوە خەرجبکات. دهشڵێت، ''بڕیاری دادگای فیدراڵییە موچە وەک عێراقی لێبکرێت.''
هاوكات وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لهلێدوانێكدا بۆ میدیاكان رایگەیاند، لەگەڵ پلە بەرزکردنەوە پێویستی کردووە دەستکاری چۆنێتی موچە بکەن و لەگەڵ سیستەمی دابەشکردنی مووچەی عێراق رێکی بخەن تاوەکو کێشەی ئیداری و کارگێڕییان بۆ دروست نەبێت لەکاتی ناردنی لیستی موچەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی هەموو ئەو پلە بەرزکردنەوانە دەکەن کە لەساڵی 2015وە راگیراوە، پارەی موچە لە 949 ملیار دینارەوە بۆ نزیکەی یەک ترلیۆنو 50 ملیار دینار زیاد دەکات.
وتیشی، "لیستی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە دەنێرینە بەغداو زۆرترین فەرمانبەریش دو پلە بەرزکردنەوە دەیگرێتەوەو بەشێکیش سێ پلە بەرزکردنەوەیان هەیە".