د. رێواز فایەق: سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنی نییە
  2024-05-01       124       

د.ڕێواز فایەق ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی رایگەیاند، سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنی نییە.

د. رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، جەختكردنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرئەوەی كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بکرێت، پابەندبوونە بە ناوەڕۆکی مەرسومی سەرۆکی هەرێمی كوردستان بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن، ئەوەش مافی گەلی كوردستانە بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن بۆ پەرلەمان و حكومەتێكی نوێ دابمەزرێت بەرمەبنای ئەو دەنگدانە.

وتیشی، ئەگەر هەڵبژاردنیش لەو وادەیەدا نەکرێت و "خوانەخواستە" سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی خۆی بەكارهێنا لە كێشاندنەوەی مەرسوومەكەی یان دواخستنی هەڵبژاردن، بەبڕوای من وەكو كەسێكی یاسایی، دواخستنی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدا نییە.

رێواز فایەق دەشڵێت، بەڵكو دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی ئەودایە، ئەگەر ئەوەشبكرێت (هەڵبژاردن دوابخرێت) ئەوا كارێكە لە دەرەوەی خواستی یەكێتی روودەدات، چونكە ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت.

باسی لەوەش کرد،  ئێمە پێمانوایە، هەموو رەگەزەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست لە هەرێم ئامادەیە، كۆمسیۆن و یاسا هەیە و هێزە سیاسییەكان ئامادەن بۆ هەڵبژاردن جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام  ئێمە پابەندین بەو بنەما دیموكراسییانەی كە ماف دەدات بە خەڵكی كوردستان هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×