دەستەی دەسپاكی هەرێم: پڕۆسەی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی 2023-2024 دەسپاكی زانستی ئەكادیمی خۆی لەدەستداوە
  2024-04-29       193       

دەستەی دەسپاكی هەرێم رایدەگەیەنێت كە پڕۆسەی خوێندنی باڵا(دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) بۆساڵی خوێندنی (2023-2024)، دەسپاكی زانستی ئەكادیمی خۆی لەدەستداوەو داواش دەكات سەرجەم پڕۆسەكە هەڵبوەشێنرێتەوە.

ئاوێنە: دەستەی دەسپاكی هەرێم لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی نوسینگەی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كردوە، وتویەتی، پڕۆسەی خوێندنی باڵا(دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) دەسپاكی زانستی ئەكادیمی خۆی لەدەستداوە.

دەستەی دەسپاكی داوای كردوە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەڵبسێت بە پۆلێنكردنی ئەو خوازیارانەی خوێندنی باڵا كە بەپێی رێسا كارپێكراوەكان وەرگیراون بۆ ئەوەی گروپی یەكەم بەردەوام بن لە خوێندنی خۆیان و سەبارەت بە گروپی دوەمیش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی وەرگیرانەكانیان بدرێت، چونكە لە بەشێك لەو كۆلێژانەی كە وەكو سامپڵ وردبینییان تێدا كردوە، نمرە بۆ خوازیاران زیادكراوە بۆ پڕكردنەوەی كورسی.

دەستەكە وتوشیەتی، ئەگەر وەزارەتەكەتان نەیتوانی ئەو دو گروپە جیابكاتەوە، ئەوا سەرجەم پڕۆسەی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی (2023-2024) هەڵبوەشێنێتەوەو دوبارە دەرفەت بدرێت بۆ پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا لە پڕۆسەیەكی نوێدا كە هەمو گەرەنتییە یاسایییەكان فەراهەم بكرێن بۆ ئەوەی دوبارە گەندەڵی لە پڕۆسەكە رونەدات.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×