زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
  2024-04-27       757       

زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی جەخت دەكاتەوە كە حزبەكەی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لەو وادەیەی دیاریكراوە. دەشڵێت، یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

ئاوێنە: زیاد جەبار، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وتی، ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و پابەندین بەو كاتەی كە دیاریكراوە.

لەبارەی هەڵوێستی پارتی كە تاوەكو ئێستاش سورە لەسەر بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنەكە، وتی، هێزێكی سیاسی لە كوردستان نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام دواجار، هەم سەرۆكایەتی هەرێم و هەم كۆمسیۆن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەكەن ئەوە ئەوان دەیزانن.

لەبارەی ئەوەی كە دەوترێت سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە ناڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كردوە، زیاد جەبار وتی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهیچ شێوەیەك نە بەشداری كردوەو نە بەشداریش لە هیچ كۆبونەوەو دانیشتنێك دەكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن."

لەگەڵ ئەوەش لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئێوە كۆبونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بایكۆت دەكەن بۆ ئەو پرسە، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی وتی، من نەموتوە بایكۆتی دەكەین و تاكو ئێستاش كەس داوای كۆبونەوەی وای نەكردوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وتی"ئەگەر پارتی بەشدار نەبێت، هەڵبژاردن ناكرێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش نەكرێت، سندوقی دەنگدان لە هیچ شوێنێكی هەرێمی كوردستان دانانرێت."

وتیشی"سەرئەنجامی ئەوەی كە سندوقی دەنگدان لە بەشێكی هەرێمی كوردستان دابنرێت و لە بەشەكەی تری دانەنرێت، بەڕەسمی راگەیاندنی دو ئیدارەیییە."

ئەوەشی خستەڕو"بەبڕوای ئێمە هەڵبژاردن كاتێك دەتوانیت مۆری دیموكراسی لێ بدەیت كە هیچ پیلانێكی سیاسی نەهاتبێتە ئاراوە، بەڵام پیلانی سیاسی هاتۆتە ئاراوەو ئێمەش هەڵوێستمان وەرگرتوە، ئەگەر نا ئێمە نە دژی هەڵبژاردنین نە دژی یاساین، ئێمە دژی پیلانگێڕیی سیاسین."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×