خێزانێكی كورد دوای پەڕینەوەیان لەفەڕەنساوە بۆ بەریتانیا دیپۆرت دەكرێنەوە
  2019-09-12       5347       

‎ئا: كاوە ڕەش، بەریتانیا 

خێزانێكی كورد دوای پەڕینەوەیان لەفەڕەنساوە بۆ بەریتانیا  دیپۆرت دەكرێنەوە، بەڵام ئەوان دەڵێن "پەیمانمانداوە كە جارێكی دیكەش هەوڵبدەین بەكەناڵی ئینگلیزەكاندا خۆمان بگەیەنینەوە بەریتانیا".

 

‎فەرهاد ساڵح، تەمەن ٣٠ساڵ، لەنجە سەید٢٩ساڵ، كچەكەیان ٣ساڵان، دوای ئەوەی بەگوتەی خۆیان. ٥هەزار پاوەند دەدەن بەباندەكانی قاچاغچی، بەبەلامێكی بچوك بەندەری ترسانكی نێوان. فەڕەنساو بەریتانیا دەبڕن.


‎ئەوان كە لەگەڵ كۆمەڵێك كۆچبەری دیكەدا سەرجەمیان ١١ كەس بون، لەنیوەشەودا لەلایەن تیمێكی تەلەفیزیۆنی كەناڵی ئاتی ڤی بەریتانیاوە بەدیدەكرێن لەنزیك شارۆچكەی دۆڤەری سەرسنور.


‎ پاش ڕزگاركردنیان لەلایەن تیمی فریاگوزاری سنورپارێزی بەریتانیاوە لەنۆڤەنبەری ٢٠١٨ لەشارۆچكەی بۆڵتن نیشتەجێ دەكرێن.


‎فەرهاد دەڵێ "ئەو شەوەی لەناو بەلەمە بچوكەكەدا بوین گوتم دەمرین چونكە هێندە ترسناك بوو". 

فەرهاد بەگوتەی خۆی پێشتر لەكوردستان چەكداری هێزە كوردییەكان بووەو دژی داعش شەڕی كردوە.


‎ ئەو خێزانە دوای بینینی كەیسەكەیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە، داواكاری مانەوەیان ڕەتدەكرێتەوە.


‎ ئەوان بەهۆی بوونی پەنجەمۆری وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا لەمانگی جونی ٢٠١٩ بەفڕۆكە دیپۆرتی ڕۆما دەكرێنەوە.


‎ هەرچەندە ئەوان دیپۆرتی ڕۆما دەكرێنەوە، بەڵام ئەوان دوای ١١ هەفتە دەگەڕێنەوە كامپی دانكیغ لەفەڕەنسا. دوبارە دوای پێدانی ٥هەزار پاوەند بەقاچاغچی دەیانەوێت خۆیان. بگەیەننەوە بەریتانیا.

‎فەرهاد دەڵێ، ئەگەر بەمەلەوانی و چاویلكەی ئاویشەوە بێت هەر دەمەێت جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بەریتانیا.

 

بەگوتەی خۆی ژیان بۆ ئەو لەبەریتانیا گونجاوترە بۆ ئەوان. ‎هەرچەندە فەرهاد دەڵێ، ئێرە پڕە لەقچاغچی. شەوانە ژمارە مۆبایلی یەكتر وەردەگرن، زۆربەی شەواكان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ هەلێك تا بپەڕنەوە.

فەرهاد نایشارێتەوە ئەو جەنگەڵەی ناو دانكیغ كە كراوەتە كامپێكی نایاسایی زۆرترسناكە بەهۆی بونی باندەكانی قاچاغچی.


‎ یەكێك لەو كارمەندە خێرخوازیانەی لەو كامپە هاریكاری پەنابەران دەكات دەڵێ "هەروەك دەبینن ڕەوشەكە لێرە بەپێی پێویست نیەو پەنابەران لەحاڵ و گوزەرانێكی پڕ زەحمەتدان".

لەئێستادا پۆلیسی فەڕەنسا، ئامادەكاری دەكات تا خێوەت و شوێنێ پەنابەرەكان لەو كامپەی باكوری فەڕەنسا  خاپوربكات، كە لەنزیك سەنتەرێكی وەرزشی بەنایاسایی دروست كراوە.

هەروەها  نیازی هەیە بەدیوار و پەرژینی بەرز ڕێگری بگات لەپەڕینەوەی  پەنابەران  لەو سنورەوە بۆ بەندەری ئینگلیزی.

 


‎ڕوانینی  خەڵكی ئینگلیز، دەربارەی ئەو خێزانەو پەنابەران 

‎ئاماژەیەكی ڕەگەزپەرستانەو بێزاركەرە كاتێك ئەو  هەواڵە لەسەر واڵی فەرمی ڕۆژنامەی زەسەن، لەسەر تۆری كۆمەڵاتی فەیسبوك بڵاو بۆتەوە.

‎ئەوان بە چەندین شێوە دژایەتی و سەرزەنشتی خەڵكانی پەنابەر دەكەن كە بەهەر هۆكارێك ڕوو لەوڵاتەكەیان دەکەن.


‎لێرەدا چەند كۆمێنتێك دەخەیەینە ڕوو كە بۆ ئەو خێزانەو پەنابەران لەسەر هەواڵەكە نوسراوە.


‎لەماوەی ٣ كاتژمێردا  ٧٣٠ كۆمێنتی بۆ ئەو هەواڵە كراوە كە زۆربەیان توڕەیی و ناڕەزایی خۆیان بۆ پەنابەران و ئەو خێزانە دەردەبڕن.

بەشێك لەكۆمێنتەكان:


* پێویستە پەنابەری زۆرتریش دیپۆرتبكەنەوە، حكومەت بەخەم خەڵكی خۆمانەوە بێت.
* خۆمان خەڵكی پیرو پەككەوتەو بێ شوێنمان هەیە،خەڵكی هەژارو بێ جێ لەسەر جادەكانن، دەبێ ئێمە لەپێش ئەوانەوەبین.
* كەسێكی تر بەتەنزەوە دەڵێ: من چاویلەكەو چاكەتی مەلاوانیتان بۆ دەكڕم بەس لەمانگی یەكدا خۆتان بەئاوەكەدا بدەن گەرم و خۆشە.
* ژنێكی دیكەش دەڵێ: خانوو یارمەتی و خزمەگوزاری تەندروستی و خوێندگایان بۆ دابین مەكەن بزانم ئەوكات چۆن بڕیارێك دەدەن.
* یەكێكی دیكەش: ئێرە چیدیكە بەریتانیای مەزن نیە كە خۆشم دەویست و شانازیم پێوە دەكرد،  چونكە پڕبوە لەپەنابەر.
* كەسیێكی تریش نوسیویەتی: هەرجارێك گەڕانەوە بێ داهاتویان بكەن. لێرە  جێگا نەماوە  هەموو پڕبوە، خانوەكان و خوێندنگاو نەخۆشخانەو هەموو شوێنێك جێ نیە. كەس ئێوەی ناوێ.
* لەتەنزێکیشدا كەسێك دەڵێ: ببورن دوبارە هەوڵبدەنەوە ئەوكات خانوی بەلاش و موچەو هەموو شتێك بێ بەرامبەرە بۆ ٤٠ منداڵ كە بوتان لێرە. ئەگەر گلەیشتان هەبوو ئاگادارم بكەنەوە.
* كەسێكی دیكە دەڵێ: ٥هەزار پاوەندیان لەكوێ بوە تەنها بۆ بەینی فەرەنساو بەریتانیا، ئەی وڵاتەكانی دیكە چەندیان خەرجكردوە؟ خەڵك هەیە لێرە لەژیانیدا ٥هەزار پاوەندی نەدیوە لەئینگلاند.
* لەوەڵامی ئەو كۆمێنتەدا كەسێكی دیكە دەڵێ: بەدڵنیاییەوە منداڵێكیان فرۆشتوە بۆ پارەكە.
*  هەر لەدرێژەی كۆمێنتەكاندا كەسێكی دیكەش دەڵێ: پێنچ هەزار پاوەندیان  بەس بۆ پەڕینەوە داوە ئەی وڵاتەكانی دیكە؟ ئەگەر بۆ ژیانێك باشتر دێن چۆن دەبێ ژیانی منداڵێكی سێ ساڵان بخەنە مەترسیەوە بێ ئەوەی بیر لەمەرگی ئەو منداڵە بكەنەوە لەناو دەریادا؟! ئەوەیە داهاتوی منداڵەكەتان كە دەتانەوێ؟ یان ئەو پارە زۆرەتان لەكوێ بوە كە ئێوە هەرگیز بەكەسێك ناچن كە ڕۆژێكتان بەبرسیەتی بەسەربرد بێ.
* هاوڵاتیەکی دی، خەمیان بۆ ناخۆم چونكە دەبوو لەو وڵاتەی یەكەمجار تێیدا دابەزیون لەوێ داوای پەنابەری بكەن، دیارە ئەوان ئەوروپا  بەسەلامەت نازانن. 
* ئەوانە بەشێكی كەم بون لەكۆمێنتەكان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×