پەرلەمانتارێكی عێراق: گەر ڕێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا دژی سەروەریی عێراق بێت ڕێگری لێدەکەین
  2024-08-18       507       

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات دەڵێت، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیا نەگەشتوەتە پەرلەمان، بەڵام هەر ڕێککەوتنێک دژی سەروەریی خاکی عێراق بێت، ئەوان ڕەتی دەکەنەوە و ڕێگری لێدەکەن.

ئاوێنە: عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە  پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە وەک پەرلەمان هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیا نەگەشتوەتە دەستمان، بەڵام لەسەر بنەمای باوەڕبونمان بە سەروەریی خاکی عێراق، هەر ڕێککەوتنێک دژی ئەو سەروەرییە بکرێت ڕەتی دەکەینەوە."

وتیشی"تورکیا دراوسێمانە، بەڵام پێویستە ڕێز لە دراوسێیەتی و سەروەریی خاکەکەمان بگرێت، بابەتە سیادییەکان لە زەمین بێت یاخود ئاسمان بە پێی ڕێککەوتنە نێو دەوڵەتییەکان نابێت پێشێل بکرێن، هەر ڕێککەوتنێک ئەوانەی تیا پارێزراوبێت و مافی عێراقی تیا پارێزراو بێت پەرلەمانی عێراق پێشوازی لێ دەکات، ئەگەر نا ڕەتی دەکەینەوە."

ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشدا"وەک دەزانرێت هەر ڕێککەوتنێک دەبێت بگاتە پەرلەمان و لەوێوە ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، بەڵام ئێمە هیچمان پي نەگەشتوە، بۆیە پێویستە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاسودەبن و نیگەران نەبن، چونکە ئێمە پێشێلکاری قبوڵ ناکەین هیچ ڕێککەوتنێک قبوڵ ناکەین پێشێلی سیادەی عێراق بکات."

عەقیل فەتلاوی وتیشی"تا ئێستا لای ئێمە ئەوەی هەیە بەس ڕێککەوتنە کۆنەکانە لەگەڵ ڕژێمی پێشو کاری پێدەکرێت، ئێمە لە زۆربەی خاڵەکانی ڕێککەوتنی پيشوتریش ناڕازین، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندی بە پێشێلی سیادەی عێراقەوە هەیە."

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×