لەسەر كۆنسێرته‌كه‌ی هانی و فرمێسك رۆشنبیری سلێمانی ھاتە دەنگ
  2019-09-28       3595       

بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی لەسەر ڕوداوی ھەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی هەردو ھونەرمەند هانی و فرمێسك و بردنی پارەی ھاوڵاتیان ھاتە دەنگ. لەگەڵ ئەوەش بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە كۆنسێرتەكە لەسەر ئەركی كۆمپانیایەك بەڕێوەبچێت.

ئاوێنە، زریان محەمەد: بڕیار بو ئێوارەی پێنجشەممە كۆنسێرتی هەردو هونەرمەند (فرمێسك و هانی) لە هۆڵی سپیی چاڤیلاند لە شاری سلێمانی بەڕێوە بچێت و هەوادارانێكی زۆری ئەو دو هونەرمەندە لەوێ‌ ئامادە بون، بەڵام كۆنسێرتەكە بەڕێوەنەچو.

دواتر بڵاوكرایەوە كە پارەی بلیتە فرۆشراوەكان دیار نەماوە و لەلایەن كەسێكەوە "دزراوە"، بەوهۆیەوە كۆنسێرتەكە ئەنجام نەدراوە.

سپاردە جەمال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی بە ئاوێنەی وت"ئەو ڕوداوە جێگەی نیگەرانی ئێمەیە کە نەدەبو روبدات و ئەمە یەکەمجار نییە روداوی لەو چەشنە ببێت لە شاری ھەولێر و دھۆکیش ڕویداوە، بەڵام ئەو دو ھونەرمەندە نەدەبوایە متمانەی تەواو بدەن بە کەسێک کە لەھەمو ڕویەکەوە باوەڕ پێکراو نەبێت".

وتیشی"بانگەواز بۆ ھونەرمەندەکان دەکەین کە ھونەر تەسلیمی بزنس و بازرگانەکان نەکەن چونکە ھونەر لەئاستێکی زۆر بەرزدایە، بۆ لەمەودوا ھەر ھونەرمەندێک لەگەڵ کۆمپانیایەک گرێبەست دەکات پێویستە داوابکات یەکێک لە خاڵەکان ڕێگەپێدراوبێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە ڕۆشنبیریەکانی موزیک".

ئاماژەی بەوەشدا"پێویستە یاسایەک دەربکرێت کە ھیچ کۆمپانیایەک بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری نەتوانێت کۆنسێرت بکات ئەوەش تەنھا لەڕوی یاسایی و ئاگاداربونەوە بۆ ئەوەی مافی ھاوڵاتیان نەخورێت".

لەلایەكی دیكەوە كۆمپانیای میترۆنۆم پرۆدەكشن، رایگەیاند، ئەوان لەسەر ئەركی خۆیان كۆنسێرتەكەی ئەو دو هونەرمەند سازدەكەن.

كۆمپانیاكە لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە"بۆ ڕێزی ھونەر و ھونەر دۆستان لە پێش ئەوانیشەوە بۆ قەدری سلێمانی و خەڵکەکەی کە ئەرکیان کێشابو تکتیان کریبو بۆ کۆنسێرتی ھەردو ھونەرمەندی بەڕێز و قەدر گران ھانی و فرمێسک، بەڵام لەلایەن خاوەنی کۆنسێرتەکە ھەمو شتێک تێکدرا و پارەکان براو کۆنسێرتەکە فەشەلی پێ ھات، ئێمە وەک مێترۆنۆم پرۆدەکشن لەسەر ئەرکی خۆمان ڕۆژی شەممە بە بەرزترین کوالێتی ئەو کۆنسێرتە ئەنجام دەدەین و ھەر کەسێک پێشتر تکتی کڕیوە بەو تکتە ئەتوانێت بەشدار بێت. ئەوانەش کە دەرفەت نەبوە تکت بکڕن دەتوانن لەبەردەم هۆڵەکە بیکڕن."

بەپێی راگەیەندراوەكەی ئەو كۆمپانیا، بڕیارە كۆنسێرتەكە سەعات 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە هۆڵی سپی بەڕێوەبچێت.

هونەرمەند هانی موجتەبایی ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردۆتەوەو لە هەژماری خۆی لەفەیسبوك رایگەیاندوە كە ڕۆژی شەممە کۆنسێرتی هونەرمەندان (هانی و فرمێسک) لە شاری سلێمانی لە لایەن مێترۆنۆم پڕۆداکشن بەڕێوەدەچێت.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×