كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند، تا ڕۆژی ١٧ـی تشرینی یەكەم بنكەكان كراوە دەبن بۆ ئەوەی هاوڵاتییان كارتی دەنگدانیان وەربگرنەوە، چونكە هاوڵاتییان ناتوانن بە وەسڵی بایۆمەتری دەنگ بدەن.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە كۆتا وادەی وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، تاڕۆژی ١٧ـی تشرینی یەكەم بنكەكان كراوە دەبن بۆ ئەوەی هاوڵاتییان كارتی دەنگدانیان وەربگرنەوە، چونكە بەبێ ئەو كارتە ناتوانن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەنگ بدەن هەروەها تا ئێستا لە سنووری هەولێر ڕێژەی ٪٩١ هاوڵاتییان كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هاوڵاتییان ناتوانن بە وەسڵی بایۆمەتری دەنگ بدەن، چونكە بەپێی یاسای كۆمسیۆن دەنگدەر تەنیا بە كارتی بایۆمەتری دەنگدان دەتوانن دەنگ بدات.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەبچێت.